کاریگەری ماددەهۆشبەرەکان لەسەر تەندروستی دەروونی

کاریگەری ماددەهۆشبەرەکان لەسەر تەندروستی دەروونی
ماددەهۆشبەرەکان ماددەی کیمیایی یان سروشتییەکانن کە لەسەر مێشک و سیستمی دەمار کاریگەرییان هەیە، و کاریگەرییەکی زۆر خراپ لەسەر تەندروستی دەروونی مرۆڤ دروست دەکەن و دەتوانن هەست و هۆشی مرۆڤ بگۆڕن. ئەم ماددانە، کە لەوانەیە تریاک، کوکائین، هیرۆئین، ماریجوانا، حەشیش، کڕیستاڵ و ماددە کیمیاییەکانی وەک ئیکس و ئێل ئێس دی (LSD) لەخۆ بگرن، کە تریاک باوترین جۆرە لە نێوان بەکارهێنەرانیدا، تریاک کە لە عەرەبیدا پێی دەوترێت تریاق پێکهێنەری سەرەکی زۆربەی ماددەهۆشبەرەکانە. مۆرفین و هێروین و کۆدائین لە نەخۆشخانەکاندا لە کاتی نەشتەرگەریدا وەک بێهۆشکار بەکاردێت و پاش نەشتەرگەرییەکان وەک ئازارشکێن بەکاردێت
لەم وتارەدا بە شێوازێکی سادە و ڕوون باس لە کاریگەرییە کەرگە و کاتییەکان و درێژخایەنەکانی ماددەهۆشبەرەکان دەکەین، هەروەها چۆن ئەم ماددانە دەبنە هۆی کێشەی دەروونیی، و چارەسەر و رێگاکانی خۆپاراستن لێیان.

ماددەی هۆشبەر چییە و بۆچی ترسناکە؟
ماددەهۆشبەرەکان ئەو ماددانەن کە کاتێک مرۆڤ بەکاریان دەهێنێت و ئالوودەیان ببێت و زیان بە تاک و کۆمەڵگە بگەیێنێت بە ماددەی هۆشبەر هەژماردەکرێت. ماددە هۆشبەرەکان هەست و بەکارهێنەرەکە دەگۆڕن، وەکوو دڵەڕاوکێ، یان هەستکردن بە وزەیەکی زۆر. زۆرجار خەڵک ئەم ماددانە بەکاردەهێنن بۆ ئەوەی لە کێشەکانی ژیان ڕابکەن یان هەست بە خۆشییەکی کاتی بکەن. بەڵام ئەم ماددانە بە شێوەیەکی سەرەکی کاریگەرییان لەسەر مێشک هەیە، لاواز بوونی سیسترمی بەرگری، کە دەتوانێت ببێتە هۆی گۆڕانکاری لە شێوازی بیرکردنەوە، هەستکردن، و هەڵسوکەوت، بەرزبوونەوەی لێدانی دڵ و پەستانی خوێن، نەمانی ئارەزووی خواردن، شێوازی خەوی بچڕ بچڕ، کە دەبێتە هۆی دروستبوونی نیشانەکانی وەک:
- خەواڵوویی
- بێهۆشبوون
- سڕبوون
- شڵەژان
- ئاستەنگی بینین
- دڵەڕاوکێ
- سەرگێژخواردن
- جەڵدەی مێشک و نەخۆشییەکانی دڵ
- هەوکردنی ڤایرۆسی جگەر
- ئەیدز
- نەخۆشییەکانی پێست و ددان
- بوورابەوە و تەنانەت مردن و دەبێتە هۆکارێک بۆ خۆکۆشتن
ماددە هۆشبەرەکان سێ جۆرن:
- وریاکەرەوەکان
- هێوەرکەرەوەکان
- وڕێنەپێکەرەکان
کاریگەری کاتی ماددەهۆشبەرەکان:
کاریگەری ماددەهۆشبەرە لەسەر تەندروستی مرۆڤ دەگۆڕدرێت، بە پێی جۆری ماددەکە و شێوازی بەکارهێنان و جۆری ئەو ماددانەی دیکە کە لەگەڵ ماددە بێهۆشکەرەکە بەکاردێت. کاتێک کەسێک ماددەی هۆشبەر بەکاردەهێنێت، لەوانەیە لە سەرەتادا هەست بە خۆشی، ئارامی، یان وزەیەکی زۆر بکات. بۆ نموونە:ماریجوانا: دەتوانێت هەستێکی ئارامی و خۆشی کاتی دروست بکات، بەڵام لە هەمان کاتدا دەتوانێت ببێتە هۆی دڵەڕاوکێ و کەمبوونەوەی بیرکردنەوەیەکی رەوان.
کوکائین: وزەیەکی زۆر و هەستێکی بەرزی خۆدوستبوون دروست دەکات، بەڵام کاتێک کاریگەرییەکەی کۆتایی دێت، مرۆڤەکە دەکەوێتە دۆخێکی خەمگینی و ناڕاحەتی و ماندووبوون.
هیرۆئین: هەستێکی ئارامی قووڵ دروست دەکات، بەڵام زۆرجار دەبێتە هۆی وەرچەرخانی هەستەکان و کەمبوونەوەی هۆشیاری.
ئەم کاریگەرییانە کاتییە و دوای چەند کاتژمێرێک یان رۆژێک کۆتاییان دێت، بەڵام ئەگەر بەردەوام بەکاریانبهێنن، ئەوا دەبنە هۆی کێشەی درێژخایەن.کاریگەری درێژخایەن لەسەر تەندروستی دەروونی بەکارهێنانی بەردەوامی ماددەهۆشبەرەکان دەتوانێت زیانێکی گەورە بە تەندروستی دەروونی مرۆڤ بگەیەنێت. ئەم زیانانە بریتییە لە:
- ئالوودەبوون:
ئاڵوودەبوون یەکێک لە گەورەترین کێشەکانی ماددەهۆشبەرەکانە. کاتێک مرۆڤەکە بەردەوام ماددەیەک بەکاردەهێنێت، مێشکی ئاسوودە دەبێت و ناتوانێت بەبێ ئەو ماددەکە کار بکات. ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی کە کەسەکە هەرچەندە هەوڵ بدات، ناتوانێت واز لە ماددەکە بهێنێت، و ئەمە کاریگەرییەکی زۆر خراپ لەسەر ژیانی کەسی و کۆمەڵایەتی هەیە.
- خەمۆکی و دڵەڕاوکێ:
ماددەهۆشبەرەکان دەتوانن کیمیای مێشک بگۆڕن، بەتایبەتی ماددەکانی وەکوو دۆپامین و سیرۆتۆنین کە رۆڵی سەرەکییان هەیە لە هەستکردن بە خۆشی و ئارامبوون. بەکارهێنانی درێژخایەنی ماددەهۆشبەرەکان دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی ئەم ماددانە لە مێشکدا، کە ئەمەش دەبێتە هۆی خەمۆکی، دڵەڕاوکێ، و هەستکردن بە بێهیوایی.
- کەمبوونەوەی یادگە و توانای بیرکردنەوە:
زۆربەی ماددەهۆشبەرەکان، بەتایبەتی ماریجوانا و ماددە کیمیاییەکان، دەتوانن زیان بە خانەکانی مێشک بگەیەنن. ئەمە دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی یادگە، کۆتاییهاتن بە توانای چارەسەرکردنی کێشەکان، و سستبوونی بیرکردنەوە.
- خەیاڵاتی دەروونی و وەهم:
ماددەیەکی وەک ئێل ئێس دی یان میسۆکالین دەتوانێت هەستبزوێنی و خەیاڵاتی دەروونی و وەهم دروست بکات، کە مرۆڤەکە شتەکان بە شێوەیەکی غەریب دەبینێت یان دەنگی شتی نەبوو دەبیستێت. ئەم دۆخە لەوانەیە بۆ ماوەیەکی درێژ بمێنێتەوە، تەنانەت دوای وازهێنان لە ماددەکە.
- گۆڕانی کەسایەتی و هەڵسوکەوت:
کەسانی ئاڵوودە بوو بە ماددەهۆشبەرەکان زۆرجار گۆڕانکاری گەورە لە کەسایەتییان دەبینن. دەبنە کەسانی تووڕە یان بێباک لە ئەنجامەکانی کردەوەکانیان. ئەمە دەبێتە هۆی کێشە لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، وەکوو دوورکەوتنەوە لە خێزان و هاوڕێکان.

هۆکارناسیی بەکارهێنانی ماددەهۆشبەرەکان:
خەڵک بە هۆکارەکانی جیاواز ماددەهۆشبەرەکان بەکاردەهێنێت. لەوانەیە هەندێک کەس بە هۆی کێشەی دەروونی وەکوو خەمۆکی یان دڵەڕاوکێ ئەم ماددانە بەکاربهێنن بۆ ئەوەی ئارام ببنەوە. هەندێکی دیکە بە هۆی فشاری کۆمەڵایەتی، وەکوو کێشەی خێزانی یان کاری، روو لە ماددەکان دەکەن. هەروەها، گەنجان زۆرجار بە هۆی کۆمەڵەی هاوڕێکان یان ئارەزووی تاقیکردنەوەی شتی نوێ دەکەونە ژێر کاریگەری ماددەهۆشبەرەکان.
زیانە کۆمەڵایەتی و خێزانییەکان
بەکارهێنانی ماددەهۆشبەرەکان تەنیا لە سەر کەسەکە کاریگەری نییە، بەڵکو کاریگەری لەسەر خێزان و کۆمەڵگەش دادەنێت. کەسانی ئاڵوودە بوو زۆرجار ناتوانن ئیشەکانیان جێبەجێ بکەن، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ خێزان و هاوڕێکانیان خراپ دەبێت، و لەوانەیە ڕووبەڕووی کێشەی یاسایی ببنەوە،
ئەمەش دەبێتە هۆی دوورکەوتنەوەی کۆمەڵایەتی و هەستکردن بە تەنیایی.
چارەسەرکردنی کێشەکانی ماددەهۆشبەرەکان:
چارەسەرکردنی ئاڵوودەبوون بە ماددەهۆشبەرەکان کارێکی ئاسان نییە، بەڵام ئەگەر کەسەکە ئارەزووی چاکبوونەوەی هەبێت، ڕێگای چارەسەری هەیە. لێرەدا چەند رێگایەکی سەرەکی چارەسەر دەخەینەڕوو:

دەرمان و چارەسەری دەروونی:
کەسانی ئاڵوودە بوو پێویستیان بە یارمەتی پسپۆڕانی دەروونناسی هەیە. چارەسەری دەروونی، وەکوو چارەسەری هەڵسوکەوتی، دەتوانێت یارمەتی کەسەکە بدات کە هۆکارەکانی بەکارهێنانی ماددەکان بدۆزێتەوە و رێگایەکی تەندروست بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان پەیدا بکات.
پشتیوانی خێزانی و کۆمەڵایەتی:
خێزان و هاوڕێکان رۆڵێکی گرنگیان هەیە لە چاکبوونەوەی کەسەکەدا. پشتیوانی سۆزداری و هاندانی کەسەکە بۆ وازهێنان لە ماددەکان دەتوانێت زۆر یارمەتیدەر بێت.
کەمپەکانی چارەسەری:
هەندێک کەس پێویستیان بە مانەوە لە کەمپەکانی چارەسەری هەیە، کە لەوێ ژینگەیەکی تەندروست و بێ ماددەهۆشبەر بۆیان دابین دەکرێت. ئەم کەمپانە چارەسەری جەستەیی و دەروونی پێشکەش دەکەن.
گۆڕینی شێوازی ژیان:
بۆ وازهێنان لە ماددەهۆشبەرەکان، کەسەکە پێویستە شێوازی ژیانی بگۆڕێت. وەرزش، خواردنی تەندروست، و بەشداریکردن لە چالاکییە کۆمەڵایەتییە تەندروستەکان دەتوانن یارمەتی کەمکردنەوەی ئارەزووی ماددەهۆشبەرەکان بدەن.
رێگاکانی خۆپاراستن لە ماددەهۆشبەرەکان:
رێگاکانی خۆپاراستن لە ماددەهۆشبەرەکان گرنگن، بەتایبەتی بۆ گەنجان کە لە مەترسی زیاتردان. لێرەدا چەند رێگایەکی سەرەکی خۆپاراستن دەخەینەڕوو:
هۆشیاری کۆمەڵایەتی: پەروەردەکردنی خەڵک، بەتایبەتی گەنجان، لەسەر مەترسییەکانی ماددەهۆشبەرەکان دەتوانێت یارمەتی کەمکردنەوەی بەکارهێنانیان بدات.
دوورکەوتنەوە لە ژینگەی مەترسیدار: دوورکەوتنەوە لە کەسانی بەکارهێنەری ماددەهۆشبەرەکان و شوێنەکانی فرۆشتن یان بەکارهێنانی ماددەکان گرنگە.
چالاکی تەندروست: بەشداریکردن لە چالاکییەکان وەکوو وەرزش، هونەر، یان خوێندنەوە دەتوانێت کەسەکە لە ماددەهۆشبەرەکان دوور بخاتەوە.
کۆتایی
ماددەهۆشبەرەکان دەتوانن زیانێکی گەورە بە تەندروستی دەروونی و جەستەیی مرۆڤ بگەیەنن. کاریگەرییە کەرگەکانیان لەوانەیە خۆشییەکی کاتی دروست بکەن، بەڵام لە درێژخایەندا دەبنە هۆی کێشەیدەروونی و جەستەیی زۆر وەکوو خەمۆکی، دڵەڕاوکێ، و ئاڵوودەبوون. بۆیێ گرنگە کە هۆشیاری لەسەر مەترسییەکانی ماددەهۆشبەرەکان بدرێت، و کەسانی ئاڵوودە بوو یارمەتی پێویست وەربگرن بۆ چاکبوونەوە. ئەگەر لە ئێستادا نەتوانین ڕێگری لە بەکارهێنانی ماددەهۆشبەرەکان بکەین، دەبێت چاوەڕێی داهاتوویەکی ترسناک بکەین. خۆپاراستن لە ماددەهۆشبەرەکان و پەیڕەوکردنی شێوازێکی ژیانی تەندروست دەتوانێت ژیانێکی خۆشتر و سەلامەتتر بۆ مرۆڤەکان دابین بکات.