خۆناسین

خۆناسین
ئایا خۆت دەناسیت؟
“ناسینی خۆت، ڕێگایەکی سادە و ڕاستەقینەیە بۆ جیهانی ناوەوەت.”
ئایا تا ئێستا لە ناوەڕاستی گفتوگۆیەک، بڕیاردانێک، یان تەنانەت لە ساتەکانی ڕۆژانەدا پرسیارت لە خۆت کردووە
بۆچی بەم شێوەیە مامەڵەم کرد؟” بۆچی هاورێکەم دڵتەنگی کردم ؟ – بە گشتی پرسیاری” من کێم؟” لە خۆت کردووە؟
ئەگەر ئەم بیرکردنەوانە لە مێشکدا تێپەڕیبێت ئەوە مانای ئەوەیە کە تۆش وەکوو زۆر کەسی تر چوویتە ناو دونیای خۆناسینەوە. جیهانی ناوەوە، جیهانێکە کە هەم سەرسوڕهێنەرە و هەم چالاکە
لەم بابەتەدا دەمانەوێت باسی خۆناسین بکەین، بەڵام بە قسەی قورس و تیۆری نا . با بە سادەیی و ڕوونی ڕووبەڕووی خۆمان ببینەوە. چونکە ئەگەر بتەوێت بەڕاستی کەسێک بناسیت، ئەوا ئەو کەسە دەبێت “خۆت” بیت.
خۆناسین واتای چییە؟

خۆناسین واتە ناسینی خۆت بەو شێوەیەی کە لە ڕاستیدا هەیت، نەک بەشێوازێک کە حەز دەکەیت یان بەو جۆرە کە کەسانی تر چاوەڕێی دەکەن.
واتە تێدەگەیت
چی دڵخۆشت دەکات یان دڵتەنگت دەکات؟
لە چ بارودۆخێکدا ئارام دەبیتەوە و لە چ بارودۆخێکدا هەست بە دڵتەنگی دەکەیت؟
چ بیروباوەڕێکت هەیە کە کاریگەری لەسەر هەڵبژاردنەکانت دادەنێت؟
هەمیشە چ ترسێک لەگەڵتدایە؟
بەڕاستی بەدوای چیدا دەگەڕێیت؟
خۆئاگابوون واتە ئاگاداربوون لە بیرکردنەوە و هەست و جەستە و ئەزموونەکانی ڕابردووت و تەنانەت ئارەزووەکانیش کە ڕەنگە لەبیرت کردبێت، کە وایە دەتوانیت ڕێڕەوی ژیانت دیاری بکەیت و سەرکەوتن لە پیشە و ئەکادیمی بەدەسبهێنیت.
خۆئاگاداری کارامەیییەکە نەک سیفەتێکی زگماکی. دەتوانیت فێری بیت و تیایدا گەشە بکەیت
بۆچی خۆناسین گرنگە؟
چوونکە بە ناسینی خۆمان:
1. بڕیارە گرنگەکانی ژیان ئاسانتر دەبن
کاتێک ئارەزوو و ترسەکانت دەناسیت، هەڵبژاردنی کارێک، پسپۆڕییەک، هاوبەشی ڕۆمانسی، یان تەنانەت شوێنی ژیانت ئاسانتر دەبێت. وەکوو ئەوە وایە شەوانە بە گڵۆپی پێشەوەی ئۆتۆمبێل لێبخوڕیت.
2. پەیوەندییەکانتان واقیعیتر و تەندروستتر دەبن
کەسێک خۆی بناسێت لە پەیوەندی لەگەڵ کەسانی تردا خۆی لەدەست نادات. دەزانێت چی دەوێت، سنوورەکانی خۆی دەزانێت و دەزانێت چۆن باسی هەستەکانی بکات.
3. دڵەڕاوکێ و وروژاندن کەم دەبێتەوە
کاتێک تێدەگەیت کە بۆچی هەست بە دڵەڕاوکێ دەکەیت لە دۆخێکی دیاریکراودا، ئەوا دەتوانیت بە ئاسانی لەگەڵ ئەو هەستەدا ڕووبەڕوو ببیتەوە. خۆناسین وەکوو چرایەکە کە لە تاریکی مێشکتدا ڕووناکی دەڕێژێت.
4. متمانەی ڕاستەقینە بەخۆت بەدەست دەهێنیت
نەک ئەو متمانە بەخۆبوونەی کە بە وتارە پاڵنەرەکان بە شەوێک دێت و دەڕوات؛ بەڵکو متمانەیەکی قووڵە کە لە ناسینی خۆت و قبوڵکردنی خۆتەوە سەرچاوە دەگرێت.
5. بۆ ڕەزامەندی لە ژیان هەستەکانت قووڵترن
کاتێک ژیانت لەگەڵ پێداویستی و بەهاکانی دەروونت یەکدەگرێتەوە، ئارامییەکی زیاتر و ڕەزامەندی ناوەوەت ئەزموون دەکەیت تەنانەت ئەگەر هەموو شتێک تەواو نەبێت.

چۆن بزانین خۆمان ناناسین؟
زۆر دوودڵ دەبیت لە بڕیاردان یان خێرا پەشیمان دەبیتەوە لە بڕیارێک کە داوتە
بە گشتی نازانیت لە ژیاندا بەدوای چیدا دەگەڕێیت
ڕەزامەندی کەسانی تر زۆر گرنگە بۆت و بەردەوام هەوڵی بۆ دەدەیت
بڕیار و بۆچوونی کەسانی تر کاریگەری هەیە لە بڕیارەکانتدا
حوکمدانت لەسەر خۆت زۆرە
ئەگەر ئەم نیشانانە بۆ تۆ ئاشنا دەربکەون، پێویست ناکات نیگەران بیت. زۆربەمان بە درێژایی ژیانمان هەستمان بەو جۆرە هەستانە کردووە. گرنگ ئەوەیە لەبری ئەوەی لەم حاڵەتەدا بمێنینەوە، باشتر ناسینی خۆمان دەستپێبکەین
چۆن باشتر خۆم بناسم؟
1. نووسینی ڕۆژانە
هەموو شەوێک چەند دێڕێک بنووسە
ئەمڕۆ چی دڵخۆشی کرد؟ چی دڵتەنگی کردم؟ هەستەکانت بنووسە
2. پرسیاری گرنگ لەخۆت
بۆ نموونە:
چ شتێک وزەم دەڕژێنێت؟
من حەزم لە چ جۆرە مرۆڤێکە و بۆچی؟
چی لە ڕابردوومدا ڕووی داوە کە تا ئێستا کاریگەری خۆی داناوە؟
وەڵامەکان هەمیشە ڕوون نین، بەڵام گرنگە بۆ خۆناسینمان بیریان لێبکەینەوە
3. گوێگرتن لە جەستە
جەستەمان هەمیشە پەیامێکی هەیە. بۆ نموونە جەستەت چۆن کاردانەوەی دەبێت کاتێک دڵتەنگ یان ناڕاحەتی یان دڵەڕاوکێت هەیە؟ دڵت، گەدەت، ماسولکەکانت؟ ئەم هۆشیارییە و ئاگاداربوون لە جەستە سەبارەت بە باری دەروونی ئاگادارت دەکاتەوە.
4. وەرگرتنی فیدباک لە کەسانی متمانەپێکراو
لە هاوڕێ ڕاستگۆکان یان ئەندامانی خێزانەکەت کە دەیانناسیت و متمانەپێکراون ئەم پرسیارە بکە:
“بەڕای تۆ گەورەترین هێزی من چییە؟” “یان پێویستە زیاتر کار لەسەر چی بکەم؟”
هەندێک جار کەسانی تر شتگەلێک لە ئێمەدا دەبینن کە ئێمە خۆمان نایبینین
تەنیا بوون، بە بێ سەرقاڵکردنی خۆت
هەموو ڕۆژێک تەنانەت پێنج خولەک بە بێدەنگی تەواو دابنیشە. نە مۆبایل، نە مۆسیقا، نە تەلەفزیۆن. تەنها خۆت و عەقڵت بە. لەوانەیە سەرەتا قورس بێت، بەڵام وردە وردە دەنگی دەروونت بە ڕوونی دەبیسیت.
4. یارمەتی لە پزیشکی دەرووننی یان ڕاوێژکار وەرگرتن
ئەگەر هەستت کرد کە ناتوانیت بە تەنیا بەرەو پێشەوە بچیت، ڕاوێژکار دەتوانێت یامەتیدەێکی باش بێت. دەروونناس یارمەتیت دەدات خۆت لە ڕوانگەیەکی جیاوازەوە ببینیت

هەڵە باوەکان لە سەر ڕێگای خۆدۆزینەوە
1. پێش ناسینی خۆت حوکم لەسەر خۆت بدەی
مەبەست لە خۆناسین تاوانبار کردنی خۆت نییە. بڕیار نییە خۆت سزا بدەیت،بەڵکوو بڕیارە ڕاستییەکان ببینیت
2. هەوڵدان بۆ کامڵبوون
هیچ کەس تەواو نییە. خۆناسین واتە بینینی هەم لاوازی و هەم خاڵە بەهێزەکان، بەبێ ڕەدکردنەوە و زیادەڕەوی
دا 3. بەراوردکردنی خۆت لەگەڵ کەسانی تر
ڕێگای خۆدۆزینەوە کەسییە. بەراوردکردن لە ڕێگای خۆت دوورت دەخاتەوە
خۆناسین لە کرداردا؛ چۆن لە ژیاندا بەکاری دەهێنین؟
نموونەی یەکەم
ئەگەر لە کاتی گفتوگۆدا زوو توڕە دەبیت، دەتوانیت پێشوەختە ڕێگاکانی ئارامکردنەوەی خۆت مەشق بکەیت. بۆ نموونە هەناسەیەکی قووڵ هەڵکێشە یان جێهێشتنی دۆخەکە
نموونەی دووهەم
ئەگەر بزانیت “سەربەخۆیی” یەکێکە لە بەها گرنگەکانت، ئەوا کارێک هەڵدەبژێریت کە ئازادیی کارکردنت زیاتر بێت، تەنانەت ئەگەر داهاتەکەی کەمتر بێت
نموونەی سێهەم
ئەگەر شێوازی پەروەردەبوونت جۆرێک بووە کە هەستت کردووە پشتگوێ خراوی، تێدەگەیت کە هۆکاری ئەوەی کە پێویستت بوونت بە ڕەزامەندی کەسانی تر لە کوێ سەرهەڵدەدات؟ دەتوانیت ڕێگەیەک بدۆزیتەوە بۆ بەرزکردنەوەی خۆبەگەورەزانینی ڕاستەقینەت
خۆناسین؛ گەشتێکی بێکۆتایی بەڵام بەنرخە
خۆناسین وەکوو سەفەرێک وایە کە هیچ مەبەستێکی ڕوونی تێدا نییە. بەڵام هەر هەنگاوێک کە هەڵیدەگری زیاتر لە خۆت نزیکت دەکاتەوە. هەندێک جار ئەم ڕێگایە قورس دەبێت، چونکە دەبێت ڕووبەڕووی ئەو بەشانە ببیتەوە کە حەزت لێیان نییە. بەڵام هەر ئەم ڕووبەڕووبوونەوە دەتوانێت سەرەتای گۆڕانکاری ڕاستەقینە بێت.

لە کۆتاییدا:
ئێمە بۆ زۆر کەس لە ژیاندا کات دادەنین : خێزان، هاوڕێ، کار، تەنانەت کەسانی نامۆ. بەڵام هەندێک جار لەبیرمان دەچێت کات بۆ خۆمان تەرخان بکەین
خۆناسین واتە هاوڕێیەتی خۆت و لە باوەشگرتنی خۆت و تێگەیشتن لەوەی کە گرنگترین کەس لە ژیانتدا “خۆتی”.