هۆکارناسیی نەخۆشییەکانی کەسایەتی

هۆکارناسیی نەخۆشییەکانی کەسایەتی
هەردوو هۆکاری بایۆلۆژی و بۆماوەیی و هۆکاری ژینگەیی ڕۆڵیان هەیە لە هۆکارناسیی نەخۆشییەکانی کەسایەتی دا، ناتوانین بڵێن نەخۆشییەکانی کەسایەتی بە هۆکارێکی دیاریکراو سەریهەڵدداوە، بەڵکوو کۆمەڵێک هۆکار ڕۆڵ دەگێڕن لە پەرەسەندنی هۆکارناسیی نەخۆشییەکانی کەسایەتی تاکەکان.
نەخۆشی کەسایەتی یکێک لەو نەخۆشییانەیە کە کاریگەری لەسەر ژیانی مرۆیی هەیە و چەندین لێکۆڵینەوەی جیاوازی لێ دەکەوێتەوە، نەخۆشییەکانی کەسایەتی لە پاڵ نەخۆشییەکانی خەمۆکی، یکێکی ترە لەو گڕووپە نەخۆشییانەی ڕێگرتن لە ڕوودان و چارەسەرکردن و بەرەنگاربوونەوەیان تێچوویەکی ئابووری زۆری دەوێت و کاریگەری ئابووری زۆریش لەسەر کۆمەڵگای مرۆیی دادەنێن.
یکێک لەو بوارە هەستیار و هەستەوەرانەی نەخۆشییەکانی کەسایەتی کاریگەری لەسەر دادەنێن، بە گشتی چۆنایەتی پەیوەندی تاک لەگەڵ دەوروبەر و جیهانی دەوروبەریەتی. هەندێکجاریش بەداخەوە کارەساتی زۆر مەزنی جیهانی بە هۆی هەندێک لەوانەی توشی ئەم نەخۆشییە دەبن ڕوو دەدات.
بە گشتی نەخۆشییەکانی کەسایەتی بە چەندین جۆر لای تاکەکانی کۆمەڵگە خۆیان دەنوێنن، ئەویش لە شێوازی بیرکردنەوەیان لەبارەی خۆیان و ئەوانی تر، شێوازی وەڵامدانەوەی هەڵچوونی و هەستوسۆزەکی کەسەکان ، شێوازی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەوانی تر، شێوازی کۆنتڕۆڵکردنی ئەوانی تر.
زانست ئەمڕۆکە پەی بە چ ڕاستییک بردووە لە هۆکارناسیی نەخۆشییەکانی کەسایەتی؟
هەموو مرۆڤێک خاوەنی قاڵبێکی کیمیاییە و پێکهاتەی تەواوی سیستەمی دەمارییدا، قاڵبی کیمیایی واتە جۆرێکە لە بایۆکیمیایی مێشک و بە شێوەیەکی بۆماوەیی دەگوازێتەوە، ئەم قاڵبە کیمیاییە بەرپرسیارە لە چۆنایەتی بەرهەمهێنانی ئەو پڕۆتینانەی لە ستراکچەری سیستەمی دەماری و دەمارخانەکان و ئەنزیم و هۆرمۆنەکانی کەسەکاندا بوونی هەیە. کارایی و ناکاراییەکان لە ڕوویەکەوە بە شێوەیەکی بنەمایی پەیوەستە بەوەوە، لەبەرئەوە زانستباوەڕی وایە دەکرێت هیچ مرۆڤێک بە نەخۆشییەکی کەسایەتیەوە لە دایک نەبێت، ئەوەی کە هەیە ئەو قاڵبە کیمیاییە بە تێپەڕبوونی کات کاریگەری لە سەر ئاستی هەستەوەری و چۆنایەتی پەرچدانەوەی کەسەکان و ئاستی وروژاوی کەسەکان دادەنێت. لەم ڕێگەیەوە بە هاوکاری کۆمەڵێک فاکتەری دەرەکی لە دەوروبەری کەسەکە و ژیانی دەرەوەیبە شێوەیەکی گشتی شکڵێک بە کەسایەتی تاک دەدەن.
هەروەها زانست سەلماندوویەتی ئەو منداڵانەی زۆرترین کات ڕاستەوخۆ ڕووبەڕووی پشتگوێخستنو گرنگپێنەدان دەبنەوە، ئەندازەی مێشکیان بچووکترە.
گرفتی بنەمایی توێژینەوە لە بارەی نەخۆشی کەسایەتی پارانۆیید و نەخۆشی کەسایەتی سکیزۆید و نەخۆشی کەسایەتی سنووری چییە؟
ئەوەیە نە خواستیان لەسەر ئەوەیە ببنە سامپڵی توێژینەوەکان و نە حەز بە وەڵامدانەوەی زۆر و چاودێریکردن دەکەن بۆ ئەنجامدانی توێژینەوەکان.
نەخۆشی کەسایەتی سنووریش، کێشەی بنەماییان لە ناجێگیری و ناکارایی هەستوسۆزەکانیان و جۆرێک لە ڕەفتاری ناچارییان تێدا بە دی دەکرێت، دەرکەوتووە ئەمە خاڵی نییە لە کاریگەری جێنێتیکی، هەروەها پەیوەندی بە ئاست و ڕێژەی سیرۆتۆنینەوە هەیە.
فاکتەری ژینگەیی چۆن دەتوانێت کاریگەری لەسەر جۆرە جیاوازییەکانی نەخۆشییەکانی کەسایەتی دادەبنێت؟
بۆ نموونە نەبوونی سەرپەرشتیاری باش و پەروەردەکاری دروست، نەبوونی کەسانێک لە دەوروبەریان بۆ هاندانیان بۆ ڕەفتاری دروست و ئاگادارکردنەوەیان لە ڕەفتارە نادروست و نەگۆنجاوەکانیان، بە تایبەتی ئەمە لە سەردەمی منداڵییەوە کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی لەسەر پەرەپێدانی نەخۆشی کەسایەتی دژە کۆمەڵ هەیە. بەدەر لەوەی لە وێنەکانی مێشک لە ڕێگەی ئێف.ئێم.ئار.ئای کە تۆمارکراون دەرکەوتووە ئاستی چالاکی مێشک، لەو بەشانەی پەیوەستن بە بڕیاردان و پلاندانان ئاستی کار و چالاکیان لای ئەو کەسانە توشی نەخۆشی کەسایەتی دژەکۆمەڵ بوون جیاوازترە، نادروستی لە ئاست و کارایی چالاکییە تەندروستەکانی مێشک ئامادەیی کەسەکان بۆ هەستەوەربوون و توڕەبوونی خێرا و ڕەفتاری ناچاری زیاتر دەکات.
هۆکارناسیی نەخۆشی کەسایەتی سکیزەتایپاڵ
ئەم نەخۆشییە لە سێ ڕەهەندی سەرەکییەوە کاریگەری خۆی دادەنێت،
یەکەم: بریتییە لە لایەنی مەعریفی و پەیبردن
دووەم:لایەنی نێوان پەیوەندی و پەیوەندی تاک لەگەڵ دەوروبەر و دونیا
سێهەم: لایەنی ناڕێکخراوی کەسەکە
زۆربەی توێژینەوەکانی بواری هۆکارناسیی نەخۆشی کەسایەتی سکیزەتایپاڵ، ئاماژە بە ڕۆڵی جۆرێک لە بۆماوە، ژینگە و هاوکات زەبری دەروونیش دەکەن.
کاریگەری بۆماوە و جێنێتیک لە هۆکارناسیی نەخۆشییەکانی کەسایەتی
بەو جۆرە نییە بە ڕوونی دیاری بکرێت کام جین ڕۆڵی سەرەکی دابنێت، بەڵام جۆرێک لە پەیوەندی خێزانی لەنێوان سکیزەتایپاڵ و کۆنیشانەکانی نەخۆشی سکیزەفرنییەدا هەیە، واتە ئەو خێزانانەی نەخۆشی سکیزەفرنییەیان هەیە، ئەگەری هەیە یکێک لە ئەندامانی خێزانەکە ئامادەییەکی جێنێتیکی هەبێت بۆ پیشاندانی نەخۆشی کەسایەتی سکیزەتایپاڵ.
هەر وەها هەبوونی ئەزموونی زەبری دەروونی لە سەردەمی منداڵی، بە شێوازە جۆراوجۆرەکان دەبێتە هۆی زیادبوونی ئەگەری ڕەفتاری توندوتیژی و زیادبوونی ڕێژەی نواندنی هەستەوەری پەرچەکردارییەکانە لە کاتی دروستبوونی کێشەکان لەگەڵ کەسانی دەوروبەر و زیادبوونی ڕەفتاری دژەکۆمەڵ، بەدەر لەمەش زەبری دەروونی سەردەمی منداڵی کاریگەرییەکی بنەمایی لە دەرکەوتنی هەندێک لە کۆنیشانەکانی نەخۆشی کەسایەتی سکیزەتایپاڵ هەیە.
هۆکارناسیی نەخۆشی کەسایەتی دوورپەرێز، ڕاڕایی_کرداری و نەخۆشی شوێنکەوت
زیاتر بۆ فاکتەرەکانی زەبری دەروونی و فشاری دەروونی لە سەردەمی منداڵی و هەبوونی ئەزموونی ترس و دڵەڕاوکێیەکی بەهێز لەو قۆناغەدا دەگەڕێندرێتەوە.
ڕەخنەی بەردەوام و سەرخستنەسەر و ڕەتکردنەوەی بەردەوامی منداڵ و وەها پیشاندان کە خاوەنی کەسایەتییەکی بەهێز و سەربەخۆی نییە، پشتگوێخستن یان نازپێدانی زۆر و ڕێگەنەدان بە ئەزموونکردنی سەربەخۆیی خۆی، یکێکە لە هۆکارە بنەماییەکانی هاندان بۆ وەدەرکەوتنی کۆنیشانەکانی نەخۆشی کەسایەتی دوورەپەرێزی لای منداڵ لە داهاتووی ژیانیدا.
لە زۆربەی توێژینەوەکانی بواری هۆکارناسیی نەخۆشییەکانی کەسایەتی، زەبری دەروونی سەردەمی منداڵی بە یەکێک لە فاکتەرە هەرە کاریگەرەکان دادەنرێت.
بەڵام کەسانێک باوەڕیان وایە لە پاڵ ئەم هۆکارانە، نیۆرۆبایۆلۆژی و بۆماوە یکێک لە هۆکارە بنەماییەکانی توشبوونە بە نەخۆشییەکانی کەسایەتی.
چ گرفتێک هەیە بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشییەکانی کەسایەتی؟
زۆربەی کاتەکان کەسانی توشبوو بە نەخۆشی کەسایەتی، مەرج نییە لە بەر هۆکارە بنەماییەکان و چۆنایەتی خۆنواندنی شڵەژانەکانیان سەردانی کەسانی پسپۆڕ بکەن، بەڵکوو زیاتر بە هۆی ئەو گرفت و نەخۆشیانەوەیە بە ئەگەری زۆر نزیکن لە دەرەنجامەکانی نەخۆشییەکانی کەسایەتییەوە. بۆ نموونە کەسێکی توشبوو بە نەخۆشی کەسایەتی دوورەپەرێز زیاتر بە هۆی بەرز بوونەوەی ئاستی دڵەڕاوکێ سەردانی کەسانی پسپۆڕ دەکەن، یان کەسانی توشبوو بە نەخۆشی کەسایەتی دژەکۆمەڵ بەهۆی توشبوونیان بە ماددەی هۆشبەر سەردانی پسپۆڕی دەروونی دەکەن. وەک چۆن کەسانی توشبوو بە نەخۆشی کەسایەتی ڕاڕایی_کرداری زیاتر بە هۆی خەمۆکییەوە سەردانی پسپۆڕی دەروونی دەکەن. بۆیێ دەبێت لە پرۆسەی دەستنیشانکردندا زۆر بە وریاییەوە مامەڵە بکرێت، هەندێکجار ئەو خەمۆکییە بە هۆی یکێک لە نەخۆشییەکانی کەسایەتییەوە توشی دەبێت.
لەم حاڵەتەدا گرفتەکە قورسترە بۆ چارەسەرکردن و پڕۆسەی دەستوەردان ئاڵۆزتر دوبێت و پێویست بە پرۆگرامی تایبەت و شێوازێکی چارەسەری دەروونی تایبەت دەکات.
بە گشتی هۆکارناسیی نەخۆشییەکانی کەسایەتی بەندە بە چی؟
بە گشتی هۆکارناسیی نەخۆشییەکانی کەسایەتی بەندە بەو گۆشەی تێڕوانینەی لەسەر بنەمای مێتۆدە جیاوازەکان هەمانە. بۆ نموونە تیۆری دەروونداینامیکی، ڕەفتاری، مەعریفی، دەکرێت بنەمایەکی هۆکارناسیی تایبەت بە نەخۆشییە جیاوازەکانی کەسایەتی. لەبەر ئەوە گرنگە هەموو کەس ئەوە بزانێت بۆ هیچ نەخۆشییەکی دەروونی ناکرێت تەنیا خۆمان بە تاکە تێڕوانین بنووسین و پێمان وابێت لە یەک گۆشە نیگارە دەکرێت لە تەواوی هۆکارناسیی نەخۆشییەکان و شلەژانەکان تێبگەین.
پەیوەندی نێوان مرۆڤەکان لە سەردەمی منداڵی و بەخێوکەرەکانی لە هۆکارناسیی نەخۆشییەکانی کەسایەتی
پەیوەندی نێوان مرۆڤەکان لە سەردەمی منداڵی و بەخێوکەرەکانی بابەتێکی زۆر گرنگ، بە جۆرێک دەکرێت ئەمە کاریگەری لەسەر فۆرمولەبوونی پێکهاتی کەسایەتی مرۆڤەکانیش دابنێت، هەر لەسەر ئەو بنەمایە هەبوونی پەیوەندییە ناکارا و ناپەرەپێدەرەکان لە سەردەمی منداڵی، کاریگەری زۆر خراپ و سەرەکی لە سەر چۆنایەتی کەسایەتی تاکی مرۆیی بەجێ بهێڵێن.
تیۆری جۆن بۆڵبی:
جۆن بۆڵبی باوەڕی وابوو، تەنانەت چۆنایەتی گەشەی کۆمەڵایەتی و مەعریفی منداڵەکان لە ژیانیاندا، زۆرینەی پەیوەستە بە ئاست و کوالێتی ئەو پەیوەندی پەیوەستبوونەی لە ساڵی یەکەمی تەمەنیان لەگەڵ بەخێوکەرەکانیاندا هەیانە. هەبوونی پەیوەندییەک تیایدا هەستی دڵنیایی لای منداڵ زیاتر بێت، بابەتێکی زۆر گرنگە. خۆدی پەیوەندییەکە کرنگ نییە، هێندەی هەستی دڵنیایی و ئارامییەکە گرنگترە. هاوکات پەیوەستبوون بابەتێکی دووسەرەیە، واتە ئەگەر زۆر بێت ترسناکە و ئەگەر کەمیش بێت هەر ترسناکە و دەرەنجامی زۆر نەخوازراوی کۆمەڵایەتی، کارامەییەکان، شێوازی مامەڵە، ئاستی مەعریفی و هەڵچوونی لە لای منداڵ لێ دەکەوێتەوە.
لێکدانەوە نیۆرۆئەناتۆمییەکان و فاکتەری بایۆکیمیایی لە بارەی نەخۆشی کەسایەتی دژەکۆمەڵ و سایکۆپات
بە پێی لێکدانەوە نیۆرۆئەناتۆمییەکان و فاکتەری بایۆکیمیایی، دۆزینەوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کەسانی دژەکۆمەڵ و سایکۆپات گرفتێکی بنەماییان لە دەربڕینی هەستوسۆزەکانیان بە شێوەیەکی ڕێکوپێک هەیە، ئەمەش لە ڕوویەکەوە لە بەر ئەوەی خودی هەستوسۆز لە لەیەکەوە پرۆسەیەکی بایۆکیمیاییە و پەیوەندی بە ئامیگدالەوە هەیە.
ڕۆڵی کۆمەڵگا لە هۆکارناسێ نەخۆشییەکانی کەسایەتی
لەو کۆمەڵگایانەی بابەتی زیادەڕەوی لە چەمکی زیادەڕەوی ڕێزگرتنی دایک و باوک و کەسانی گەورە ئەنجام دەدرێت، زۆر جار شێوازی پەروەردەکردنی منداڵەکان بەو جۆرە زۆرترین کاتەکان دەبێت گوێگری قسەی گەورەکانیان بن، بەم جۆرە ئەگەری زۆرە ئەم کەسانە لە داهاتوودا کەسانی زۆر شوێنکەوت دەرچن و توانای بڕیاردانی سەربەخۆ و ئەزموونی ئازادی تاک و کێشەیان لە ئەزموونی سەربەخۆ و ئەزموونی ئازادی تاک و کێشەیان لە ئەزموونی سەربەخۆیی خۆیاندا هەبێت.
هاوکات دایک و باوکەکانیش لەوانەیە لە سەر بنەمای هەندێک ڕێپێدانی نەریتی، کلتووری و ئایینی، جۆرە فشارێکی زۆر لە منداڵەکانیان بکەن، ئەویش لە ئاراستەکردن و بەناو بەخێوکردن و پەروەردەکردنیان، لە هەندێک ئاستدا لەوانەیە بگاتە ئاستی توندوتیژی دەروونی، جەستەیی و جۆرەکانی تریش، هەموو ئەمانە کاریگەری نەخوازراوی ماوە درێژ لەوانەیە لەسەر تاکەکان دابنێن.