لەبارەی کێشە و نەخۆشی

لەبارەی کێشە و نەخۆشی
هەندێک کەس بە ڕوونی کێشەیەکی دیاریکراویان هەیە و پەی پێ دەبەن، بڕێک کەس کێشەیەکیان هەیە، بەڵام لە پاڵ ئەو کێشەیەدا، کێشەیەکی تریشیان هەیە. ئەویش ئەوەیە نازانن بەوردی کێشەکەیان چییە. زۆر جار کەسەکانبە تەنیا بوارێکی وایان بۆ نەڕۆخساوە بە ئاگامەندییەکی قووڵەوە پێداچوونەوە بە بارودۆخی خۆیاندا بکەنەوە. لەبەر ئەوەدید و تێگەیشتنێکی ڕوونیان لە بارەی کێشە و نەخۆشی بنەماییەکەی خۆیان پەی پێ ببەن، زیاتر مامەڵە لەگەڵ لێکەوتە و ئەنجامەکانی کێشە بنەماییەکەدا دەکەن. نەخۆشی بە شێوەیەکی گشتی دەکرێت وەک دۆخێک پێناسە بکرێت کە جەستە یان دەرون لە کارکردنی ئاسایی خۆی دەردەچێت. بە واتایەکی تر، کاتێک جەستە یان مێشک بە شێوەیەک کاردەکات کە ئازار، کێشە، یان نەمانی ئاسوودەیی بۆ مرۆڤ دروست دەکات، پێی دەوترێت نەخۆشی. نەخۆشییەکان دەکرێت کورتخایەن بێن وەک سەرما، یان درێژخایەن بێن وەک نەخۆشی شەکرە. هەندێک نەخۆشی بە هۆی میکرۆبەکانەوە دروست دەبن، وەک ڤایرۆس یان باکتێریا، هەندێکی تریش بە هۆی شێوازی ژیان، ئسترێس، یان فشارە دەروونییەکانەوە دروست دەبن.
کێشەکان دەکرێت جەستەیی بن و کاریگەری لەسەر لایەنی دەروونیی تاکەکان دابنێن، بۆ نموونە، کەسێک بەشێوەیەکی بەردەوام ئازاری لە گورچیلەکاندا هەیە، لەوانەیە ئەم ئازارە پاش ماوەیەک ببێتە هۆکاری بێتاقەتی بەردەوامی کەسەکە، لێرەدا دەبینی گرفتێک بنچینەیەکی جەستەیی هەیە ، لێکەوتەی دەروونیی لێ دەبێتەوە، بە پچێوانەوە، کەسانێک هەن بە هۆی ئەو خەمۆکییە بەردەوامەی هەیانە، توشی بەرزبوونوەوی ڕێژەی ترشڵۆکی گەدە و ئازار لە قۆڵۆنیاندا دەبن، کە پێی دەوترێت سایکۆسۆماتیک واتە بنچینەیەکی دەروونیی هەیە و لێکەوتەکەی وەک گرفتێکی جەستەیی خۆی دەنوێنێت.

جیاوازی کێشە و نەخۆشی چییە؟
کێشە: وشەیەکی گشتییە و بەکاردەهێنرێت بۆ وەسفکردنی هەر دۆخێکی ئاڵۆز یان ناخۆش، لەوانەیە جەستەیی، دەروونی، کۆمەڵایەتی، یان تەکنیکی بێت. بۆ نموونە، کێشەی دارایی، کێشەی خێزانی، یان کێشەی تەکنیکی لە ئامێرێکدا.
نەخۆشی: وشەیەکی تایبەتە و بەکاردێت بۆ وەسفکردنی دۆخێکی تەندروستی نەرێنی کە کاریگەری لەسەر جەستە یان دەرونی مرۆڤ دەکات، وەک سەرما، شەکرە، یان خەمۆکی.
گرنگە بزانین کێشە لەگەڵ نەخۆشی دوو شتی جۆدان. هاوکات گرنگە بزانین بنەمای ئەو زانیاریی و بەڵگانەی لە کاتی خستنەڕووی کێشەکانماندابە کاریان دەهێنین لە کوێوە هاتوون و لە چ گۆشەیەکەوە کاریگەریمان لێیان وەرگرتووە. هەمیشە ئەو کەسانە داوەری پێشوەختەیان لەبارەی چۆنایەتیی نەخۆشییەدەروونییەکەی خۆیان نەکردووە، بە ئەگەری زۆر ئاسانتر و بەرهەمەێنتر دەتوانن لەگەڵ پسپۆڕی دەروونیدا قسە بکەن و هاوکاری وەربگرن.
کێشە: چارەسەری کێشەکان دەکرێت جیاواز بێت و پەیوەندی بە جۆری کێشەکەوە هەبێت، وەک گفتوگۆ، پلاندانان، یان گۆڕینی دۆخ
نەخۆشی: چارەسەرەکەی زۆرجار پزیشکییە، وەک وەرگرتنی دەرمان، نەشتەرگەری، یان چاودێری دەروونی
جۆرەکانی نەخۆشی
- نەخۆشییە جەستەییەکان: ئەمانە نەخۆشییەکانی جەستەن، وەک سەرما، نەخۆشی دڵ، شەکرە، یان شێرپەنجە. ئەم جۆرە نەخۆشییانە دەکرێت بە هۆی شێوازی ژیان، یان هۆکارەکانی ژینگەوە دروست ببن.
- نەخۆشییە دەروونییەکان: ئەم نەخۆشییانە کاریگەری لەسەر مێشک و هەستەکان دەکەن، وەک خەمۆکی، دڵەڕاوکێ، یان کێشەی بیرکردنەوە. زۆرجار خەڵک ئەم نەخۆشییانە بە کەم دەزانن، بەڵام نەخۆشی دەروونیی وەکوو نەخۆشییە جەستەییەکان گرنگن.
- نەخۆشییە گوازراوەکان: ئەم نەخۆشییانە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە دەگوازرێنەوە، وەک هەوکردنی کبد یان ئایدز. ئەم جۆرە نەخۆشییانە دەکرێت بە هۆی میکرۆبەکان یان کەرگەیەکەوە پەیدا بن.
- نەخۆشییە درێژخایەنەکان: ئەم نەخۆشییانە زۆرجار بە تەواوی چارەسەر نابن، بەڵام دەکرێت کۆنترۆڵ بکرێن، وەک شەکرە یان فشارەکانی خوێن
نەخۆشییە دەروونییەکان:
نەخۆشییە دەروونییەکان دۆخێکن کە کاریگەری لەسەر شێوازی بیرکردنەوە، هەستکردن، یان هەڵسوکەوتی مرۆڤ دەکەن. ئەم نەخۆشییانە دەکرێت کاتی بن (وەک خەمگینی و ناڕاحەتی کاتی بە هۆی کێشەیەکی دیاریکراو) یان درێژخایەن بن (وەک خەمۆکی یان دڵەڕاوکێی ). کێشەی دەروونی زۆرجار واتای دۆخێکی کەمتر قورسی هەیە کە دەکرێت بە گفتوگۆ یان گۆڕینی دۆخ چارەسەر بکرێت، بەڵام نەخۆشی دەروونی پێویستی بە چاودێری پزیشکی یان دەرمانی هەیە.
ئەگەر بمانەوێت بزانین کەسێک چ جۆرە نەخۆشییەکی دەروونی هەیە، دەبێت بزانین ئەو نەخۆشییە لە چەند جۆر کێشە پێکهاتووە، ئەو شتە لە زمانی گشتیدا پێی دەوترێت؛ کێشە، بە شێوەی کلینیکەکەی پێی دەوترێت؛ سێمپتۆم یان کۆنیشانە، وەک بێخەوی، زۆر خۆری یان بیرچوونەوەی زۆر لە پاش ڕوودانی مەرگی یکێک لە ئەندامانی خێزان.
هۆکارەکانی نەخۆشی و کێشەی دەروونیی
نەخۆشی و کێشەی دەروونیی دەکرێت بە هۆی چەندین هۆکار دروست بن:

- جینەکان: هەندێک نەخۆشی دەروونی، وەک خەمۆکی یان دووجەمسەری، دەکرێت لە خێزانەوە بگوازرێتەوە
- فشارو ئسترێسی ژیان: کێشەی دارایی، کێشەی خێزانی، یان کەمبوونی کار و پیشە دەتوانن کێشەی دەروونی دروست بکەن
- رووداوە زەبراوییەکان: وەک لەدەستدانی کەسێکی نزیک، توندوتیژی سێکسی، یان کارەساتە سروشتییەکان.
- شێوازی ژیان: کەمی خەو، خواردنی ناتەندروست، یان بەکارهێنانی ماددی هۆشبەر دەتوانن کاریگەری لەسەر تەندروستی دەروونی بکەن
- کیمیای مێشک: ناهاوسەنگی ماددە کیمیاییەکان لە مێشکدا، وەک سیرۆتۆنین، دەتوانێت هۆکاری نەخۆشییەکی وەک خەمۆکی بێت.
- ژینگە: کەمبوونی پشتگیری کۆمەڵایەتی یان ژیان لە شوێنێکی پڕ لە فشار و ئسترێس دەتوانێت کێشەی دەروونی دروست بکات.
کاریگەری نەخۆشی و کێشەی دەروونیی لەسەر ژیانی کەسەکە و کۆمەڵگا :

لەسەر کەسەکە:
- هەستەکان: هەستکردن بە خەمگینی، ترس، یان بێهیوایی.
- هەڵسوکەوت: کەمبوونی ئارەزوو بۆ چالاکییەکان، دوورکەوتنەوە لە خەڵک، یان هەڵسوکەوتی مەترسیدار.
- تەندروستی جەستەیی: نەخۆشییە دەروونییەکان دەتوانن ببنە هۆی کێشەی جەستەیی، وەک سەرئێشە، ئازاری گەدە، یان کەمی خەو.
- کار و پەروەردە: کەمبوونی توانای کۆنترۆڵکردنی کار یان خوێندن.
لەسەر کۆمەڵگا:
- پەیوەندییەکان: کێشەی دەروونی دەتوانێت کاریگەری لەسەر پەیوەندی لەگەڵ خێزان و هاوڕێکان بکات.
- ئابووری: کەسانی تووشبوو ناتوانن کار بکەن ، کە ئەمەش کاریگەری لەسەر بەرهەمهێنان دەکات.
- سیستەمی تەندروستی: پێویستی بە چاودێری دەروونی زیاد دەکات، کە دەکرێت فشار لەسەر سیستەمی تەندروستی دروست بکات.
چارەسەری کێشە و نەخۆشی:

کاتێک کەسێک کێشەیەکی بۆ دێتە پێشەوە و تووشی نەخۆشی دەبێت، چارەسەری گونجاو گرنگە. وەڵام دانەوە بەم پرسیارە کە کام جۆرە لە چارەسەری دەروونیی بۆ کێشەیەکی دیارکراو گۆنجاوە؟ زۆر گرنگە، لێرەدا بە کورتی باس لە چارەسەری دەکەین، لە بابەتێکی تردا بە زمانێکی سادە و ڕوون جۆرەکانی چارەسەری بۆ کێشە و نەخۆشی دەروونی باس دەکەین.
- دەرمان: زۆرجار پزیشک دەرمان دەنووسێت بۆ کۆنترۆڵکردن یان چارەسەرکردنی نەخۆشی، وەک بەکاهێنانی حەب بۆ بەرگریکردن و چارەسەرکردنی نەخۆشی
- نەشتەرگەری: هەندێک نەخۆشی پێویستی بە نەشتەرگەری هەیە، وەک نەخۆشییەکانی دڵ یان شێرپەنجە.
- چاودێری دەروونی: بۆ نەخۆشییە دەروونییەکان، گفتوگۆ لەگەڵ پزیشکی دەروونی یان راوێژکار زۆر گرنگە.
- چارەسەری سروشتی: هەندێک کەس دەرمانی سروشتی یان تەکنیکی وەک ئەکیوپەنچەر بۆ کەمکردنەوەی ئازار بەکاردەهێنێت
- گۆڕینی شێوازی ژیان: زۆرجار پزیشک پێشنیار دەکات کە کەسەکە خواردن، وەرزش، یان شێوازی ژیانی خۆی بگۆڕێت بۆ باشترکردنی تەندروستی.
لە پەیوەست بە چارەسەرکردنی کێشە و نەخۆشی دەروونیی، زۆر جار کەسەکان خۆیان لە سەر بنەمای ئەو دەستنیشانکردنەی لە ماڵەوە بۆ خۆیانیان ئەنجام داوە، ئیتر پێیان وایە، دەزانن دەبێت چییان بۆ ئەنجام بدرێت یان چ دەرمانێکیان پێ بدرێت و ڕاستەوخۆ خۆیان داوای ئەو شتە دەکەن، کە ئەمەش یکێکە لە دۆخە سەیرەکان بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشییەکانە چونکە لە بنەمادا لەوانەیە کەسەکە پێویستی بەو دەرمانانە نەبێت.
لە کۆتاییدا

نەخۆشی و کێشە بەشێکن لە ژیان، بەڵام ئێمە دەتوانین بە هۆشیاری، بەرگریکردن، و چارەسەری گونجاو کاریگەرییەکانیان کەم بکەینەوە. گرنگە کە هەموو کەسێک گرنگی بدات بە تەندروستی خۆی و خێزانەکەی، چونکە تەندروستی باش بناغەی ژیانێکی تەندروستە. ئەگەر هەموومان پابەند بین بە شێوازی ژیانێکی تەندروست و پشکنینی رێکخراو، دەتوانین کۆمەڵگایەکی تەندروستتر دروست بکەین ،تەندروستی هەموو شتە، و پاراستنی ئەم سامانە گرنگە بۆ هەموومان گرنگە.