تەنگەژێ

تەنگەژێ
تەنگەژێی دەروونی؛ بریتییە لە جۆرێک هەست کردن بە گرژی و فشار لە ناو دەروونی کەسەکەدا، دەکرێت هۆکارەکانی زۆر بن. هەوڵدان بۆ پێناسە کردن و ناساندنی تەنگەژێی دەروونی دەکەوێتە سەر چۆنایەتی گۆشەنیگای توێژەرەکان. تەنگەژێی دەروونی لە دەرەنجامی جۆرێک لە فشارەوە دروست دەبێت. تەنگەژێ خۆی لە خۆیدا جۆرێک لە وەڵامە بەرانبەر بە وروژێنەرێکی نیگەرانکەری تۆند و بەهێز. سیلی لە 1956 وەک وەڵامێکی فیزیۆلۆژی سەیری تەنگەژێی دەکرد. ئەو بە سێ قۆناغ ڕوونی کردبوویەوە؛
یەکەمیان: لاشە جۆرێک لە هۆشداری تێدا دروست دەبێت و کۆموڵە پرچدانەوەیەکی ئاماژەدار دێنە کایەوە.
دووهەم: بە شێوەیەکی سەربەخۆ و ئۆتۆنۆمیک لاشە دەست بە خۆ ئامادەکردن دەکات.
سێهەم: قۆناغی داڕمانە، لە وانەیە لاشە خۆی بەرانبەر بە سەرچاوە و خۆدی تەنگەژێکە نەگرێت و توشی جۆرێ لە داتەپین بێت، لەم قۆناغەدا کەسەکە لەوانەیە کۆمەڵێک کۆنیشانەی تایبەتی تێدا دەربکەوێت و کاریگەری لە سەر ژیانی ڕۆژانەی دابنێت.
بە گشتی کۆڵەکەی بنەمایی زۆربەی پێناسەکان سەبارەت بە تەنگەژێی، هاتنە ئارای بارودۆخێکە لای تاک ، بە هۆی کاریگەری ورۆژێنەرێکی ناوەکی یان دەرەکی ئاستی هاوسەنگی ڕەفتار و ژیانی تاکەکە دەکەوێتە مەترسییەوە. بەگشتی تەنگەژێ کاریگەری لەسەر ئاستی هاوسەنگی تاکی مرۆیی دادەنێت.
لە کاتی تەنگەژێدا هەناسەی مرۆڤەکان سوار و تەنگ دەبێت، بیلبیلەی چاوەکان دەکرێنەوە، لێدانەکانی دڵ خێراتر دەبن.
ڕەهەندەکانی تەنگەژێی لە دەکەوتندا
ڕەهەندی مەعریفی: ڕاستەوخۆ بەشدار دەبێت لە دەرکەوتنی کۆمەڵێک نیشانەی بایۆفیزیکیش، بۆ نموونە توانای پلاندانانی کەسەکە بەخێرایی دادەبەزێت، ڕێژەی وروژاندی کەسەکە بە خێرایی دادەبەزێت، ڕێژەی وروژاندی کەسەکە و هەستەوەرییەکەی زیاتر دەبێت. ئاستێکی بەرزی تەنگەژێ، کاریگەری لەسەر زیادبوونی بیرکردنەوی هەڵە و ناڕاست و نێگەتیڤ دادەنێت.
ڕەهەندی هەڵچوونی: لە ڕەهەندی هەڵچوونی، کەسە توشی جۆرێک لە ترس، دڵەڕوکێ و هەستەوەری دەبێت، توشی جۆرێک لە نائارامی، بێئۆقرەیی و ناجێگیری دەکات. لەوانەیە کەسەکە هەست بە خەمۆکی، بێتوانایی، بێدەسەڵاتی تێدا چەکەرە بکات. کاریگەری لەسەر تێگەیشتنی بۆخۆی و کەسایەتی خۆی دادەنێت، ئاستی توڕەیی و شپرزەیی زیاد دەکات.
ڕەهەندی ڕەفتاری: یکێک لە پەڕچدانەوە خێراکانە بەرانبەر تەنگەژێی، شێوەی هەڵهاتن، دوورکەوتنەوە، خۆدوورپەرێزی کە کەسێک یان شوێنێک. تەنگەژەیی بەردەوام لە ژیانی مرۆیی، کاریگەری لە سەر چەندایەتی و چۆنایەتی، خواردن، خواردنەوە، بەژارهێنانی ئەلکهۆل، ماددەی هۆشبەر و سڕکەرەوەکانیش دابنێت. گرفتی خەوتن و کۆمەڵێک گرفتی ڕەفتاری تریش لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت.
یکێک لە بابەتە هەرە گرنگەکان لە ژیانی ڕۆژانەی مرۆڤەکان و ئەندامانی خێزانەکان و هارڕێکاندا دەبێتە مایەی مشتومڕ ئەوەیە، بۆچی کاتێک ڕووداوێکی سادە لە چاوی کەسێکەوە ڕوودەدات، کاریگەری نەخوازراوی زۆر لە سەر کەسێک یان کۆمەڵێکی تر دادەنێت. کاتێک ڕووداوێکی سادە ڕوو دەدات، لەوانەیە بۆ من سادە بێت، بەڵام لە چاوی تۆوە سادە نییە. ئەم بابەتە بوویە هەوێنێکی باش بۆ کۆمەڵێک توێژەری تر، هەر لە بەشتاکانەوە هەتا ئەمڕۆکە هەڵسن بە توێژینەوە لەسەر سەرێشە ڕۆژانەییە بەردەوامەکان، دەرکەوتووە زۆر بابەتیپڕ سەرئێشەی سادەی ژیانی ڕۆژانە ئەگەر ببێت و شێوەیەکی بەردەوام ڕۆژانە لە ژیانی کەسەکاندا ڕوو بدەنەوە، لەوانەیە کاریگەری ماوەدرێژی خراپ لە سەر کۆی سیستەمی تەندروستی کەسەکان و بگرە لایەنی تەندروستی دەروونیشیان دابنێن.
ئایا ڕووداوە ناخۆش و ڕووتی نییەکانی ژیانی ڕۆژانە کاریگەری خراپ و وێرانکەری لەسەر هەڵچوون و ڕەفتاری مرۆڤەکان دادەنێت؟
زۆربەی زانایانی جیهان لە بواری تەندروستی دەروونی کۆکن لەسەر ئەوەی، بابەتی تەنگەژێ و تەنگەژێی دەروونی بابەتێکی خودیی و کەسییە، ئەمەش وادەکات ڕێز لە ئازار و نیگەرانی و شپرزەبوونی کەسەکان بگرین،کاتێک بەرانبەر ڕووداوگەلێک توشی تەنگەژێ دەبن لە چاوی ئێمەوە ئەو ڕووداوانە سادە، بچۆلە و بەشێک لە ڕووتینی ژیان بن. لێرەوە دەگەینە ئەو دەرەنجامە ئەو شتە لای ئێمە بەشێکە لە ڕووتینی ژیان، مەرج نییە بیگشتێنین بۆ هەمووان و پێمان وابێت بەشێک بێت لە ڕووتینی ژیانی ئەوانی تریش.
کاتێک کەسێک توشی جۆرێک لە ئازموونی هەلومەرجێک دەبێت، تیایدا ئەو بارودۆخانەی بۆ ناخۆلقێن پێشتر پێشبینی کردبوون بۆ گەیشتن بە ئامانجێک لە ژیانیدا. بۆ نموونە وەستانە لە ترافیک لەو کاتانەی ئیشێکی زۆر بەپەلەت هەیە، یان سەرێشەیەکی زۆر بە نیوکاتژمێر پێش ئەوەی بچێتە ناو ئاهەنگی هاوسەرگیرییەکەتەوە، یان خوێنبەربوونی لووت، یان سڕبوونی پەنجەکانت پێنج خوولەک پێش دەستپێکردنی تاقیکردنەوەی ئایڵس بۆ زمانی ئینگلیزی. هەندێک جۆر لە لە بێبەشی و نائۆمیدی بچکۆلە دەکرێت دەرەنجامی زۆر گەورەیان لێ نەکەوێتەوە، هەندێکیان لەوانەیە دەرەنجامی زۆر خراپ و نیگەرانیان لێ بکەوێتەوە. بە گشتی ئەو هەلومەرجانە دەکرێت تنگەژێئامێزی بگاتە ئاستێکی کێشەئامێز لەژیانی مرۆڤدا. هەلومەرجێک تر، هەلومەرجی ململانێ ئامێز و دژیەکییە، ئەو کاتەی مرۆڤ لە یەک کاتدا ڕووبەڕووی چەندین پاڵنەر بۆ دەربڕین دەبێتەوە، لە بەرانبەر ئەو هەلومەرجەی لە بەردەمیدایە لەوانەیە توشی دژیەکی ببێت. بۆ نموونە کاتێک لە یەک کاتدا دوو شت دێنە بەردەمت و حەزت لە هەردووکیانە، جۆری دووهەم کەوتنە ناو هەلومەرجێکەوەیە دەبێت لە نێوان دوو شتی ناخۆش و نەخوازراو و قۆرسدا، هەر دەبێت یەکێکیان بە ناچاری هەڵبژێرێت، زۆر جار ئەوە ڕوودەدات، یان دەبێت چوار کاتژمێر خەریکی باشکردنەوەی شوختەکانی ماشینەکەت بیت بە پۆڵیش، یان دەبێت پارەیەکی زۆر بدەیت یکێک بۆت بکات هەردووکیان ناخۆش و نەخوازراون بەڵام ناچاری یکێکیان هەڵبژێریت.
هەلومەرجێک کە ڕاستەوخو کاریگەری لە سەر بارکردنی زەمینەیەک بۆ دەرکەوتنی تەنگەژێ لە ژیانی مرۆییدا دادەنێت، بریتیە لە گۆڕانکاری، گۆڕانکارییەکانی ژیانی مرۆیی هەلومەرجێک دەهێننە ئاراوە لەوانەیە پێویست بکات تاک بە شێوازێکی نوێ خۆی لەگەڵ ژیان و ڕووداوەکاندا بگونجێنێت، ئەمەش توشی فشار و تنگەژێی زیاتری دەکات. گۆڕانکاری لە ژیانی مرۆییدا خۆی لە خۆیدا بڕێکی زۆر تەنگەژێ لە گەڵ خۆیدا دەهێنێت، واتە تەنیا مەرج نییە بیرمان بۆ نەخۆشی، تێکچوونی باری تەندروستی، تەندروستی دەروونی و ئەوجۆرە بابەتانە بڕوات، لەوانەیە تەنگەژێکانی ژیان جۆرێک لە دەرەنجامی گۆڕانی پەیوەندییەکان، گۆڕینی ئیشو کار، گۆڕینی شوێنی نیشتەجێبوون و گڕووپێک لەم لەم جۆرە گۆڕانانە بن.
یکێکی تر لە هەلومەرجەکان بریتییە لە هەبوونی فشار، ڕۆژانە کەسانێکی زۆر باسی ئەوە دەکەن لە ژێر فشاردان، لە ژێر فشاردا بەم جۆرە دەژین، بە هۆی ژیانی ڕۆژانە، ئیشوکار، چالاکی و پەیوەندییەکانیانەوە هەست بە فشارێکی زۆر دەکەن. خەڵکی بە گشتی چەمکی فشار بۆ زۆر مەبەست بەکار دەهێنن؛ زۆر جار تەنانەت بۆ دەربڕینی نیگەرانی، بێتاقەتی، خەمۆکی، دڵەڕاوکێ سوود لە چەمکی فشار وەردەگرن. بە گشتی و بە کورتی فشار جۆرێک لە پێشبینی و پێویستی بۆ ئەنجامدانی جۆرێک ڕەفتاری دیاریکراو لە هەلومەرجێکی دیاریکراودا دەهێنێتە ئاراوە. هەندێک جار ئەم فشارە لە لە شوێنی ئیشکردندا بە دی دەکرێت، یان یان لەناو کۆمەلەیەکی داخراو، یان لە شوێنێکی زۆر گران و تێچووخواز، هەندێکجار ئەم فشارە بە هۆی خۆ ئامادە کردن بۆ تاقیکردنەوەیەک یان ڕووداوێکی گرنگ لە ژیاندا. مرۆڤەکان جیاوازن و بە پێی ئاستی جیاوازی مەعریفیی، کەسایەتیی، ڕەفتاری، هەڵچوونیی، سیستەمی بیرکردنەوەکانیان و بگرە سیستەمی بایۆفیزیۆلۆژییان بە شێوەیەکی جیاواز لە یەکتری هەست بە فشارەکان دەکەن. دەکرێت بابەتێک، ڕووداوێک، هەلومەرجێک سەرچاوەی فشارێکی گەورە بۆ کەسێک بێت، بەڵام هەمان بابەت و بارودۆخ بەو ڕێژەیە سەرچاوەی فشار بۆ کەسێکی تر بێت.
ڕێکارەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تەنگەژێ
بە گشتی ڕێکارەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تەنگەژێ و هەوڵدان بۆ کەمکردنەوەی دەرەنجامە نەخوازراوەکانی لەسەر ڕەفتار و ژیانی مرۆیی، بەدەر لەو کاتانەی هاوکات لە گەڵ کۆمەڵێک نەخۆشی و گرفتی تردا ڕوودەدات، سێ شتی بنەمایی ڕۆڵی کاریگەرییان هەیە:
یەکەم: خۆ هێوەرکردنەوە لە ڕێگەی هەناسەدانەوە
دووهەم: چالاکی فیزیکی و ئەنجامدانی جۆرە جیاوازییەکانی وەرزش و ڕاهێنانی جەستەیی
سێهەم: پەرەپێدان بە پەیوەندییەکان و هاوکات جەختکردنەوە لەسەر لایەنی چۆنایەتی پاڵپشتی کۆمەڵایەتی تەندروست.
نەخۆشی تەنگەژێی توند

ئەم جۆرە نەخۆشییە لە پاش ڕوودانی ڕووداوێکی زەبراوی بە هێز لە ژیانی کەسەکان دێتە ئاراوە. کۆنیشانەکانی لە نێوان سێ ڕۆژ بۆ یەک مانگ لە پاش ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ لە فەڵ ڕووداوە زەبراوییەکە، دەست بە ڕوودان و خۆنواندن دەکەن. ڕوودانی کارەساتێکی مەرگبار لە ژیانی کەسەکە، بریندارییەکی سەخت و توند یان تندوتیژی سێکسی، ئەویش بە شێوەی ڕووبەڕووبوونەوە و ڕوودانی ڕاستەوخۆی یکێک لەو ڕووداوانە کە بۆ کەسانی تر ڕوویان داوە، بەڵام مەرجە لە ڕێگەی میدیا و شاشەکانەوە نەبێت.
نیشانەکانی نەخۆشی تەنگەژێی توند
- هەبوونی جۆرێک لە دڵەڕاوکێی بە هێز
- پەرشبوون و دروستبوونی هەستی بەخود_نامۆیی
- نەمانی جۆرێک لە پەیوەسبوون بە خۆی و دەرووبەریەوە
- لە شێوەی ئاگایی و ئاستی پەیبردن لە وردەکارییەکانی خۆی و دەورووبەری
- پەرشبوون لە بیرکردن، واتە بەشێک لە ڕووداوە زەبراوییەکەی بیر بچێتەوە و توانای نەبێت هەمووی پێکڕا بهێنێتە بیری خۆی
- تاێکچوونی خەو
- کەمبوونەوەی سەرنج
- زیاتر وڕ دەبێت و لە شتەکان ورد دەبێتەوە و نیگایان دەخاتەسەر
- خۆ_ دوورەپەرێزی لە کەسەکان، شوێنەکان و هەر شتێک ڕووداوەکەی بیر بهێنێتەوە
لە تەواوی دونیادا مێینەکان لە نێرینەکان زیاتر توشی ئەم نەخۆشییە دەبن، چونکە مێینەکان بە گشتی دەبنە ئامانجی توندوتیژییەکان، جەنگ، کوشتار، ڕووداوەکان و توندوتیژی خێزانی.هەر وەها ژن کەمتر لە پیاو خاوەنی ئازادی، مافی بڕیاردان و ژیانی سەربەخۆی هەیە. ئەمە و کۆمەڵێک فاکتەری بنەمایی تر، لە بەرزی ڕێژەی نەخۆشی تەنگەژێی توند لە مێینە بەرانبەر بە نێرینەدا ڕۆڵ دەبینن.