هۆکارناسیی نەخۆشی وەسوەسەیی-ناچاری(OCD)

هۆکارناسیی نەخۆشی وەسوەسەیی-ناچاری(OCD)
نەخۆشی وەسوەسەیی_ناچاری (OCD) نەخۆشییەکی دەروونییە کە بیرکردنەوە نەخوازراو و دووبارەبووەکانی لەگەڵدایە و کەسەکە ناچار دەکات هەندێک ڕەفتار ئەنجام بدات بۆ کەمکردنەوەی دڵەڕاوکێی. هۆکاری توشبوون بەم نەخۆشییە زۆرە کە لێرەدا ئاماژە بە هەندێک لە هۆکارەکانی دەکەین. ئەم نەخۆشییە کاریگەری لەسەر ژیانی ڕۆژانەی مرۆڤ دادەنێت. هۆکارناسیی نەخۆشی وەسوەسەیی_ناچاری(OCD) دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە باشتر تێگەیشتن و چارەسەرکردنی ئەم نەخۆشییە.
ئایین و پەیوەندی بە هۆکارناسیی نەخۆشی وەسوەسەیی_ ناچاری(OCD)
لە زۆر شوێنی دونیادا هۆکارناسیی نەخۆشی وەسوەسەیی_ناچاری، بۆ وەسوەسەی شەیتانەکان و جنۆکە خراپەکان دەگەڕێندرێتەوە، لە ناو ئایینی ئیبراهیمە کاندا هەتا ئیمڕۆکەش بوونی هەیە، ئیسلام لە بەشێکی زۆری فەرموودەکانی ئاماژەی بەوە داوە، شەیتان بە گوێی باوەڕداراندا شتی خراپ دەخوێنێت، وێنە و باوەڕی خراپ دەخاتە مێشکیانەوە، هەر بۆیێ زۆربەی جارەکان نوێژخوێنەکان ئەو وێنە سێکسییانە لە کاتی بەجێگەیاندنی فەرمانەکانی خودا دێتە سەر ڕێیان (وەسوەسەی ئایینی) بە کاری شەیتانی دەزانن. لە زۆر شوێنی تریشدا ئاماژەی پێی کردووە، شەیتان وەسوەسە دەخاتە دڵ و دەروونی موسڵمانەوە. ئەمە لە ناو زۆربەی ئایینەکانی تریشدا باوە.
کاریگەری ڕووداوەزەبراوییەکان لە سەر هۆکارناسیی نەخۆشی وەسوەسەیی_ ناچاری(OCD)
توێژینەوەکان دەریانخستووە، ڕووداوە ناخۆشەکان و زەبراوییەکان لە ژیانی مرۆڤدا، بە تاتبەتی لای لاوان کاریگەرییەکی نەخوازراو دادەنێت لەسەر گەشەی بیرە لۆژیکییەکان، بە تایبەت ئەگر ڕووداوێک تەواوی هەلومەرجەکانی ژیانیان بە خراپی دەگۆڕێت. ئەمە دەبێتە هۆکاری دروست بوونی وەسوەسەیی_ناچاری.
هەمیشە ئەو بارودۆخانەی تاک تیایاندا هەست بە تەنیایی و بێدەسەڵاتی و بێهیوایی دەکات، تێدەگات شتەکان لە کۆنتڕۆڵیدا نەماون و ناتوانی گۆڕانکاری بنەمایی لە ژیانی بهێنێتە ئاراوە، هەرکات مرۆڤ هەستی بەوە کرد توانای کۆنتڕۆڵکردنی بارودۆخەکانی ژیانی خۆی نییە، هەتا ڕاددەیەک ناتوانێت گۆڕانکارییەکی بنەمایی لە ژیانی بهێنێتە ئاراوە، هەر کاتێ مرۆڤ هەستی بەوە کرد، توانای کۆنتڕۆڵکردنه بارودۆخەکانی ژیانی خۆی نییە، هەتا ڕاددەیەک ناتوانێت پێشبینی ڕووداوەکان و دەرەنجامی کارەکانی خۆی بکات، لەوێدا پەرە بە جۆرێک لە وەسوەسە و کرداری ناچار دەدرێت.
ڕۆڵی جێنێتیک لە هۆکارناسیی نەخۆشی وەسوەسەیی_ ناچاری(OCD)
ئەمڕۆکە زۆربەی توێژینەوەکان باس لە کاریگەری ڕۆڵی ژینگە بەگشتی و فاکتەری جێنێتیک دەکەن، ئەمڕۆکەن نزیکەی 40% کۆنیشانەکانی نەخۆشی وەسوەسەیی_ ناچاری پەیوەست دەکرێنەوە بە لێکدانەوەیەکی فینۆتایپەوە.
بە گشتی توێژەران ئاماژە بەوە دەکەن، مەرج نییە تەنانەت ئەگەر یکێک لە باوانەکانت یان بگرە هەردووکیشیان نەخۆشی وەسوەسەیی_ناچارییان هەبێت، تۆش تووش ببیت، ئەمە لەوانەیە لە چوار هێندە ئەگەری توشبوونی تۆ بەم نەخۆشییە زیاد بکات.
تەنانەت بڕێکی زۆر توێژینەوە ئاماژەیان بەوە کردووە کەسانێک هەن هیچ مێژینەیەکی جێنێتیکی خێزانییان لەبارەی ئەم نەخۆشییە نییە، بەڵام ئەگەری هەیە لە ڕووداوێکی زەبراوی توند لە ژیانیاندا، توشی نەخۆشیی وەسوەسەیی_ ناچاری ببن.

پەیوەندی شەرم و هۆکارناسیی نەخۆشی وەسوەسەیی_ناچاری(OCD)
شەرم پەیوەندی ڕاستەوخۆی هەیە لەگەڵ نەخۆشیی وەسوەسەیی_ناچاری، شەرم وەکوو هەڵچوونێکی خود_ئاگایانەی ئازاربەخش وادەکات کەسەکە بەردەوام داوەرییەکی نادرووستتر لە سەرچاوەی شەرمە پەیوەستەکەی بەم کۆنیشانە، لە بارەی خۆی ئەنجام بدات. هەروەها بەردەوام هەست بە بچووکی و بێتوانایی خۆی بکات، لە کۆنتڕۆڵکردنی خۆی لە کاتی ڕەفتارە ناچارییەکاندا.
شەرم هەمیشە لەو کاتەدا دێتە کایەوە کەسەکە داوەرییەکی نێگەتیڤ لە بارەی خۆی ئەنجام دەدات، خۆی لە خۆیدا وەسوەسە و کردەوە ناچارییەکان ئەو هەستە نێگەتیڤە لای مرۆڤ پەرە پێ دەدەن. بە تایبەت ئەو کاتانەی مرۆڤ لە ناو کۆمەڵێک لە خەڵک ئەو وەسوەسە و ڕەفارە ناچارییەی بۆ دێت، هەر بۆیێ ئەو کەسانەی کە نۆخۆشی وەسوەسەی ناچارییان هەیە هەوڵ دەدەن زۆربەی کاتەکان تەنیا بن، بۆ ئەوەی بە کەمترین ئاستەوە بکەونە بەر سەرنجی ئەوانی ترەوە.
پەیوەندی دڵەڕاوکێ و نەخۆشیی وەسوەسەیی_ ناچاری (OCD) چییە؟
OCD واتە “نەخۆشیی وەسوەسەیی-ناچاری”. لەم نەخۆشییەدا مێشکی مرۆڤ پڕ دەبێت لە بیرکردنەوە دووبارەبووەکان و ناڕەحەتکەرەکان (ئەمانە پێیان دەوترێت وەسوەسە). ئەم بیرکردنەوە ڕاڕاییانە دەبنە هۆی دروسبوونی دڵەڕاوکێ.
دڵەڕاوکێ چ ڕۆڵێک دەگێڕێت؟
کاتێک بیرکردنەوەیەکی وەسوەسەیی دێتە مێشکمانەوە، دەبێتە هۆی دڵەڕاوکێیەکی زۆر. بۆ نموونە:
کەسێک پێی وایە دەستی پیسە (تەنانەت ئەگەر پاکیش بێت)
ئەم بیرکردنەوە زۆر نیگەرانی دەکات و دەبێتە هۆی دڵەڕاوکێی
بۆ ئەوەی ئارام بێتەوە، چەند جارێک دەستەکانی دەشوات
کەواتە دڵەڕاوکێ دەبێتە هۆی ئەوەی مرۆڤ شتێک بکات (بەناچاری) بۆ ئەوەی ئارام بێتەوە. بەڵام ئەم ئارام بوونە تەنها بۆ ماوەیەکی کورتە. پاشان بیرە وەسوەسەییەکان دێنەوە، دڵەڕاوکێ دێتەوە، ڕەفتاری دووبارەبووەوە دێتەوە.
ئێستا دڵەڕاوکێ چ ڕۆڵێک دەگێڕێت؟
ڕەنگە دڵەڕاوکێ خۆی یەکێک بێت لە هۆکارە سەرەکییەکانی نەخۆشیی وەسوەسەیی_ناچاری.
ئەگەر کەسێک دڵەڕاوکێی زۆری هەبێت (بۆ نموونە لەبەر ئەوەی هەمیشە لە خەمی هەڵەکردن یان نەخۆشکەوتندایە)، مێشکی هەوڵدەدات ئەم دڵەڕاوکێیە بە هەندێک ڕەفتار (وەکوو زیادەڕۆیی لە شۆردن، پشکنین، ڕێکخستنەوە) کۆنتڕۆڵ بکات.
وردە وردە ئەم ڕەفتارانە دەبنە وەسوەسەی ناچاری
کەواتە دەتوانین بڵێین دڵەڕاوکێ یەکێکە لە “بزوێنەرەکانی لێخوڕین”ی نەخۆشی وەسوەسەیی-ناچاری.
لەوانەیە وەسوەسە وەک تۆوێکی بچووک بێت لە بوونی مرۆڤدا، بەڵام دڵەڕاوکێی زۆر دەتوانێت ئەو تۆوە ئاو بدات تا گەشە بکات و ببێت بە OCD.
واتە دڵەڕاوکێ هەم هۆکاری گەشەکردنیەتی، هەم نیشانەکانی و هەم ئەوەی کە توندتری دەکات.
کاریگەری سۆشیاڵ میدیا لەسەر هۆکارناسیی نەخۆشی وەسوەسەیی_ناچاری(OCD)
یکێک لە فاکتەرە بنەماییەکان کە زۆر کاریگەری لە سەر گرینگیدان بە شێوازی فۆرم و لایەنی فیزیکی جەستەیی مرۆیی دادەنێت، سۆشیاڵ میدیایە
بەردەوام ستانداردەکان دەگۆڕێن و بەم جۆرە لە ناو پلاتفۆرمە جیاوازەکاندا تاکی مرۆیی ئاسانتر دەکەونە ناو بازنەیەکی فانتزییەوە بۆ خۆ بەراورد کردن
خودی بەراوردکردنی خود یکێکە لە ستونە بنەماییەکانی نەخۆشی کەمووڕبینی جەستە ، چوونکە تاک لەم حاڵەتەدا بەردەوام لە پرۆسەی خۆبەراوردکردندایە لەگەڵ ئەوی تر و شتێکی تر، ئەمەش وادەکات وردە وردە تاک بەرەو جۆرێک لە نامۆبوون بەڕاستایەتی شکڵ و شێوەی خۆی بڕوات، لەم میانەیەدا بەشێکی زۆر لە متمانە بە خۆ بوون و خۆڕەزامەندی لەدەست دەدات و ئەمە ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە نەخۆشی وەسوەسەیی_ ناچاری جۆری کەموڕبینی جەستە هەیە.
ڕۆڵی پەروەردەیی ڕەخنەگری تێکشکێنەر لە هۆکارناسیی نەخۆشی وەسوەسەیی_ناچاری(OCD)
پەروەردەیی ڕەخنەگری تێکشکێنەر بەو مانایەیە کە دایک و باوک یان ڕاهێنەران یاسای زۆر توندیان هەیە، بۆ نموونە:
هەموو شتێک دەبێت ورد و تەواو بێت.
هەڵەکردن بە هیچ شێوەیەک قبوڵکراو نییە.
پێویستە هەمیشە پاک و ڕێک و پێک بیت.
تەنانەت بەهۆی هەڵەی بچووکیشەوە سزا دەدرێیت یان سەرزەنشت دەکێیت یان ڕەخنەت لێدەگیرێت .
پێویستە هەمیشە بەپێی چاوەڕوانی کەسانی دەورووبەرەکەت ڕەفتار بکەیت.
لەم دۆخەدا منداڵ فێردەبێت:
هەموو کاتێک وریا بێت کە هەڵە نەکات.
هەمیشە خۆی و دەوروبەرەکەی کۆنتڕۆڵ بکات.
لەوە بەدەر لەوانەی سزا بدرێیت .
ئەم “ترس لە هەڵەکردنەدا” یان “پێویستی بە کۆنتڕۆڵکردنی زۆر” دواتر دەتوانێت بگۆڕێت بۆ ڕەفتارێکی وەسوەسەیی-ناچاری، وەکوو:
چەند جار دەرگاکە یان غازەکە دەپشکنیت؟
زۆر شۆردن بۆ ئەوەی “دڵنیا بیت” کە پاکە
بیرکردنەوە دووبارەبووەکان کە لەوانەیە شتێکی هەڵەی کردبێت.

ڕۆڵی ژینگەیەکی پڕ لە سترێس و فشار لە هۆکارناسیی نەخۆشی وەسوەسەیی_ناچاری(OCD)
ژینگەی سترێس واتای چییە؟
ژینگەیەک کە پڕ بێت لە گرژی، ترس، یان دڵەڕاوکێ، وەکوو:
شەڕ و دەمەقاڵەی زۆر لە نێوان دایک و باوکەکاندا
فشاری زۆر بۆ سەرکەوتن (بۆ نموونە، نمرەی نایاب، ڕەفتاری تەواو)
ژیان لە هەژاری، نائەمنی، یان ناسەقامگیریدا
خێزانێک کە بەردەوام لە خەمی “ڕای گشتی” یان “ناوبانگ”دایە.
پشتگوێخستن یان نەبوونی خۆشەویستی لەلایەن خێزانەوە
لەم دۆخەدا منداڵ هەست بە ئارام بوون ناکات.
بۆ بەدەستهێنانی هەستکردن بە کۆنتڕۆڵکردن یان ئارام بوون:
بەشداری لە ڕەفتارە دووبارەبووەکان و ڕێوڕەسمییەکان دەکات
یان بەردەوام بیر لەوە دەکاتەوە کە دەبێت چاوی لەسەر هەموو شتێک بێت.
کاتێک منداڵ لە ماڵێکدا گەورە دەبێت کە پڕە لە فشار، ترس لە هەڵەکردن، یان چاوەڕوانی ناڕاستەقینە، لەوانەیە:
فێربێت کۆنتڕۆڵی خۆی یان ژینگەکەی بکات بۆ ئەوەی ئارام بیت و دڵەڕاوکێی نەبێت
ئەم کۆنتڕۆڵکردنە زیادەڕۆییە دەبێت بە وەسوەسە کە لە سەر تەواوی ژیانیدا کاریگەری هەیە.
ڕۆڵی دۆپامین لە هۆکارناسیی نەخۆشی وەسوەسەیی_ ناچاری(OCD)
دۆپامین چییە؟
دۆپامین ماددەیەکی کیمیایی گرنگە لە مێشکدا کە پێی دەوترێت “گوازەرەوەی دەمار”. ئیشی گواستنەوەی پەیامەکانە لە نێوان خانۆکانی مێشکدا.
ڕۆڵی سەرەکی دۆپامین:
هەست کردن بە چێژ و پاداشت
یارمەتی فۆکەس و پاڵنەر دەدات
کۆنترۆڵی کردنی جوڵە
ڕێکخستنی هەستەکان
ڕۆڵی دۆپامین لە OCD چییە؟
توێژینەوەکان دەریانخستووە هاوسەنگی دۆپامین و ماددە کیمیاییەکانی تری مێشک (وەک سیرۆتۆنین) لە مێشکی ئەو کەسانەی تووشی نەخۆشی OCD بوون تێکدەچێت. بە تایبەتی:
1. زیادبوون یان تێکچوونی کارکردنی دۆپامین
لە هەندێک کەسدا چالاکیی بەرزی دۆپامین لە بەشەکانی مێشکدا بینراوە کە بەشدارن لە کۆنترۆڵکردنی ڕەفتار و جوڵە دووبارەبووەکان.
کاتێک دۆپامین بە شێوەیەکی نەگونجاو دەردرێت، لەوانەیە ببێتە هۆی زیادبوونی ڕەفتارە دووبارەبووەکان (ناچاری).
2. کاریگەری دۆپامین لەسەر بازنەی پاداشت
کاتێک کەسێک ڕەفتارێکی ناچاری ئەنجام دەدات (وەکوو دەست شۆردن)، ڕەنگە مێشک هەستێکی کورتی ئیسراحەت بکات → ئەم هەستە پەیوەندی بە دۆپامینەوە هەیە.
ئەم هەستە خۆشە (یان کەمبوونەوەی دڵەڕاوکێ) دەبێتە هۆی ئەوەی مێشک فێربێت، “ئەگەر دووبارە ئەم ڕەفتارە دووبارە بکەمەوە، هەست بە ئارامی دەکەم”، بۆیە وەسوەسە بەهێزتر دەبێت.
کەواتە دۆپامین چ ڕۆڵێک دەگێڕێت؟
تێکچوونی هاوسەنگی دۆپامین دەتوانێت ڕەفتارە دووبارەبووەکان و ناچارییەکان لە نەخۆشیی وەسوەسەیی_ناچاریدا بەهێز بکات.
ئەمەش بەو مانایەیە کە بە پاداشتکردن (لە ڕێگەی دۆپامینەوە)، مێشک دەبێتە هۆی دووبارەبوونەوەی وەسوەسەی زۆرتر و دروستبوونی نەخۆشی وەسوەسەیی_ناچاری(OCD).