گشتی

چۆن خاڵە بەهێز و لاوازەکانمان بناسین؟

چۆن خاڵە بەهێز و لاوازەکانمان بناسین؟

ڕێبەرێکی سادە و زانستی و پراکتیکی بۆ خۆناسین

هەموومان تایبەتمەندییەکمان هەیە کە لەوانی تر جیامان دەکاتەوە؛ ئەو تایبەتمەنییانە کە دەتوانین حسابیان بۆ بکەین و  هەندێک جار ڕێگری لە گەشەکردن و پێشکەوتنمان دەکەن. داننان بەم تایبەتمەندیانە، واتە خاڵە بەهێز و لاوازەکان، یەکێکە لە بنەما سەرەکییەکانی خۆناسین ،ناسینی خاڵە بەهێز و لاوازەکانمان نەک هەر متمانە بەخۆبوون زیاد دەکەن، بەڵکو یارمەتیدەرمانە تا بە ئاگاداراییەوە، باشترین بڕیاربدەین و پەیوەندییەکی تەندروستترمان هەبێت و هەر وەها لە هەڵبژاردنی پیشە و ڕێگا کەسییەکاندا یارمەتیمان دەدات. لەم بابەتەدا بە بەکارهێنانی زمانێکی سادە ، شێوازەکانی دەستنیشانکردنی خاڵە بەهێز و لاوازەکانتان ئاشناتان دەکەین.

بەشی یەکەم: بۆچی زانینی خاڵە بەهێز و لاوازەکان گرنگە؟

بە درێژایی ژیانمان ڕووبەڕووی بارودۆخی جۆراوجۆر دەبینەوە؛ لە هەڵبژاردنی بوارێکی خوێندنەوە تا بڕیاردانی پیشەیی یان چوونە ناو پەیوەندییەکی سۆزداری. لە هەریەک لەم حاڵەتانەدا ئەگەر خۆمان بە دروستی نەناسین، لەوانەیە هەڵبژاردنێک بکەین کە لەگەڵ کەسایەتی و توانا و پێداویستییە ڕاستەقینەکانماندا نەگونجێت. دەستنیشانکردنی خاڵە بەهێزەکان یارمەتیدەرمانە بۆ ئەوەی بزانین چ توانایەکمان هەیە و چۆن لە تواناکانمان بەرهەم وەربگرین و لە چ بوارێکدا دەتوانین بدرەوشێنەوە. هەروەها ناسینی خاڵە لاوازەکان یارمەتیمان دەدات ڕێگایەکی دروست بۆ ژیانمان بژارە بکەین و بە ڕوانگەیەکی واقیعی و ڕێزدارەوە ڕووبەڕووویان ببینەوە.

بەشی دووهەم: پێناسەیەکی سادە بۆ خاڵە بەهێز و لاوازەکان

خاڵە بەهێزەکان بریتین لە تایبەتمەندی یان کارامەیی کە وامان لێدەکات لە بارودۆخە جیاوازەکاندا کردارێکی باش ئەنجام بدەین. ئەم خاڵانە دەتوانن ناوخۆیی بن (وەکوو داهێنان، سەبر، یان کۆڵنەدان) یان دەرەکی (وەکوو گۆنجاو قسەکردن ، نووسین، یان شارەزایی کاری تیمی) لاوازییەکان ئەو تایبەتمەندییانەن کە دەتوانن لە ڕێگای گەشەکردنی کەسی یان کۆمەڵایەتیدا ڕامانبگرن. ئەم تایبەتمەندیانە هەندێک جار لە شێوەی خووی ڕەفتار (وەکوو، دواخستن، تووڕەیی و هەستیاری زۆر) و هەندێکجاریش لە شێوەی کەمی لێهاتوویی (بۆ نموونە لە بەڕێوەبردنی کات یان بڕیاردان توشی کێشە دەبن) دەردەکەون.

بەشی سێهەم: تەکنیکەکانی دەستنیشانکردنی خاڵە بەهێزەکان

1. پێداچوونەوە بەو ئەزموونانە کە تیتیاندا سەرکەوتووییت بەدەست هێناوە

سەیری ڕابردووت بکە. سەرکەوتووەکانت هەژمار بکە؟ کەی هەستت بە شانازی و ڕازیبوون لە خۆت کردووە؟  ڕێگەت بە چ توانایەک داوە کە  ئەو سەرکەوتنە ئەزموون بکەیت؟ ئەمانە دەتوانن ئاماژە بن بۆ خاڵە بەهێزەکانت

پەیڕەوکردن:

سێ ئەزموون بنووسە کە تێیدا سەرکەوتووییت بەدەست هێناوە. پاشان دیاری بکە کە لە هەر ئەزموونێکدا چ توانایەکت بەکارهێناوە

2. داوای بۆچوونی کەسانی تر بکە

ئێمە هەمیشە باشترین دادوەری خۆمان نین، داوا لە هاوڕێ متمانەپێکراوەکانت، ئەندامانی خێزانەکەت، یان هاوکارەکانت بکە، کە باس لە سێ سیفەتی ئەرێنی  تۆ بکەن هەندێک جار کەسانی تر خاڵە بەهێزەکان لە ئێمەدا دەبینن کە ئێمە لە خۆماندا نایانبینین.

3. بەکارهێنانی پشکنینی دەروونیی ڕەوا

  VIA (ناسینەوەی فەزیلەتەکانی مرۆڤ) تاقیکردنەوەکانی

MBTI (جۆرەکانی کەسایەتی)

  تاقیکردنەوەکانی کەسایەتی پێنج گەورە

 دەتوانن زانیاری بەسوود لە بارەی شێوازەکانی ڕەفتار، خاڵە بەهێزە دەروونیی و کۆمەڵایەتی و شێوازی کەسایەتیتان دابین بکەن

٤. بینینی قاڵبەکان

ڕەفتار و هەڵبژاردنەکانمان لە ژیاندا ڕۆڵ دەگێڕن. ئەگەر سەرنج بدەین، دەتوانین تێبینی ئەوە بکەین کە بۆ نموونە هەمیشە لە بارودۆخە مەترسیدارەکاندا ئارامی خۆمان دەپارێزین (خاڵێکی بەهێزە)، یان مرۆڤەکانی دەوروبەرمان هەمیشە بۆ ئامۆژگاری ڕوو لە ئێمە دەکەن بۆ ڕینمایی هاوسۆزی کردن لەگەگیاندا متمانەیان بە ئێمە هەیە  (خاڵێکی بە هێز لە هاوسۆزی و ڕێنمایی)

بەشی چوارەم: چۆن خاڵە لاوازەکانمان دەستنیشان بکەین؟

1. پێداچوونەوە بە ئەزموونە ناخۆشەکان

بیر لەو بارودۆخانە بکەرەوە کە دەرئەنجامەکەی لە و شتە تۆ دەتەویست دوور بوو . هۆکارەکەی چی بوو؟ ئایا  ڕەفتاری تۆ ڕۆڵی هەبووە لەو دەرەنجامە؟ بۆ نموونە ترس، پەلەکردن، دواخستن، یان نەبوونی متمانە بەخۆبوون.

پەیڕەوکردن:

سێ ئەزموون کە تیایاندا سەرکەوتنت بەدەست نەهێناوە و شکستت خواردووە بنووسە. هۆکاری شکستت چی بووە ڕۆڵی خۆت بنووسە لەو شکستەدا

 2. تێگەیشتن لە خولەکانی دووبارەبوونەوە

ئایا کێشەیەک هەیە کە بەردەوام  دووبارە دەبێتەوە؟ بۆ نموونە: دواکەوتن، لەبیرچوون، یان توانای “نا” وتنت نییە؟ ئەم خولانە بەزۆری نیشانەی لاوازییەکی دامەزراون

3. پشکنینی فیدباک لە کەسانی ترەوە

هەندێک جار فیدباکی نەرێنی لەلایەن کەسانی ترەوە ڕێگەیەکە بۆ دەستنیشانکردنی خاڵە لاوازەکانمان. ئەگەر چەند کەسێک بەجیا ئاماژەیان بە خاڵێکی هاوبەش کرد (بۆ نموونە لە کاتی توڕەبووندا ناتوانی خۆت کۆنتڕۆڵ بکەی) باشتر وایە ئەو فیدباکە قەبووڵ بکەیت و بەرهەمی لێ وەربگریت.

٤. قسەکردن لەگەڵ ڕاوێژکار یان چارەسەرکەری دەروونیی

 قسەکردن لەگەڵ ڕاوێژکار یان چارەسەرکەری دەروونی دەتوانێت یارمەتیت بدات لە ڕێگەی تەکنیکەکانی هەڵسەنگاندنی کەسایەتییەوە وێنەیەکی وردتر لە تایبەتمەندییە ڕەفتار و سۆزدارییەکانت بەدەستبهێنیت.

بەشی پێنجەم: چۆن خاڵە بەهێزەکانمان بەهێزتر بکەین؟

ناسینی خاڵە بەهێزەکانت بەس نییە، دەبێت  لە ژیانی ڕاستەقینەدا بەکاریانبهێنین. بۆ نموونە ئەگەر تۆ بەهێز بیت لە پلاندانان، دەتوانیت خۆبەخشانە بەشداری پڕۆژەیەک بکەیت.

پەرەپێدانی کارامەیی پەیوەست بە خاڵە بەهێزەکان؛ ئەگەر پەیوەندی باشت لەگەڵ کەسانی تردا هەبێت، دەتوانیت فێری کارامەیی قسەکردن لەبەرانبەر خەڵکدا بیت.

 هاوبەشکردنی خاڵە بەهێزەکانت لەگەڵ کەسانی تردا ؛ ئەمەش متمانە بەخۆبوون و پاڵنەرە ناوخۆییەکانت زیاد دەکات

بەشی شەشەم: چۆن خاڵە لاوازەکان بەڕێوەببەین یان ڕاستیان بکەینەوە؟

 شێوازی جیاوازی بەڕێوبردنی خاڵە لاوازەکان

1. قبوڵکردن بەبێ حوکمدان

یەکەم هەنگاو بۆ ڕاستکردنەوەی لاوازییەک قەبووڵکردنی لاوازییەکەیە. بەبێ شەرم و لۆمە قبوڵ بکە و هەوڵ بدە بو باشتر بوونیان

2. گۆڕینی لاوازییەکان بە دەرفەتێک بۆ فێربوون

ئەگەر کێشەت هەبوو لە کۆنتڕۆڵکردنی توڕەبووندا، دەتوانیت بیگۆڕی خاڵێکی گەشەکردن بە فێربوونی تواناکانی ڕێکخستنی هەستەکانت.

3. جێگرتنەوەی ڕەفتار

لەبری ئەوەی هەوڵی “پاککردنەوەی” لاوازییەک بدەیت، بە ڕەفتارێک جێگەی بکەرەوە. بۆ نموونە لەبری ئەوەی هەوڵبدەیت “قسە نەکەیت”، تواناکانی “گوێگرتنی چالاک”ت باشتر بکە.

4. وەرگرتنی یارمەتی لە کەسانی تر

هەندێک لاوازی پێویستیان بە پشتیوانی دەرەکی هەیە. یارمەتی لە هاوڕێیان، خێزانەکەت، یان ڕاوێژکارێک وەربگرە چارەسەری مەعریفی-ڕەفتاری یەکێکە لە کاریگەرترین ڕێگاکان بۆ دەستکاریکردنی شێوازە ڕەفتارییە نەرێنییەکان.

بەشی حەوتەم: خۆئاگاداری، کلیلی گەشەکردنی کەسی

خۆئاگاداری بریتییە لە توانای ناسینەوەی هەست و بیرکردنەوە و ڕەفتارەکانی خۆی و تێگەیشتن لە کاریگەرییەکانیان لەسەر ژیان، خۆئاگاداری دەبێتە هۆی ئەوەی باشتر سوود لە خاڵە بەهێزەکان وەربگرێت و هەر وەها  بە شێوەیەکی گونجاو مامەڵە لەگەڵ خاڵە لاوازەکان بکات. ڕۆژانە مەشق بکەهەموو شەوێک پێش خەوتن پێداچوونەوە بە سێ ڕووداوی گرنگی ڕۆژانەدا بکە و بنووسە لە کاتی هەر ڕووداوێکدا هەستت بە چی کردووە یان چە ڕەفتارێکت کردووە و بۆچی؟. ئەم ڕاهێنانە سادەیە وردە وردە خۆئاگاداری زیاد دەکات.

لە کۆتاییدا:

 دەستنیشانکردنی خاڵە بەهێز و لاوازەکان یەکێکە لە ئامرازە گرنگەکان بۆ گەشەکردنی کەسی. ئەم خۆ ئاگاداربوونە یارمەتیمان دەدات بە شێوەیەکی واقیعیتر و ئامانجدارتر و بە کوالیتی بەرزتر بژین. هەرچەندە لەوانەیە خۆناسین لە سەرەتادا قورس بێت یان تەنانەت ئازارت بدات، بەڵام ئەنجامەکەی خۆقبوڵکردن و بەهێزکردنی زیاترە، لەبیرت نەچێت مرۆڤی کامڵ کەسێکی کامڵ نییە؛ بەڵکو مرۆڤێکە خۆی دەناسێت و خۆی قبوڵ دەکات و هەنگاو دەنێتە سەر ڕێگای گەشەکردن. بە ڕاهێنانی سادە و سەیرکردنی میهرەبانانە لە خۆمان، دەتوانین لەسەر ئەم   ڕێگایەدا بڕۆین و ژیانێکی باشتر بۆ خۆمان ساز بکەین.

بابەتی پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *


The reCAPTCHA verification period has expired. Please reload the page.

سەیری ئەمەش بکە
Close
Back to top button