گشتی

منداڵی سەرسەخت

منداڵی سەرسەخت؛ چی بکەین کاتێک منداڵەکەمان گوێیمان لێی ناگرێت؟

ئەگەر بە منداڵەکەت دەڵێیت کارێک بکە، پێچەوانەکەی دەکات، یان واز لە داوای شتێک ناهێنێت، لەوانەیە منداڵەکەت، منداڵێکی سەرسەخت بێت. ئەم ڕەفتارە هەندێک جار دەتوانێت زۆر بێزارکەر بێت و وا لە دایک و باوک بکات هەست بە بێدەسەڵاتی بکەن. بەڵام سەرچاوەی ئەم سەرسەختییە چییە و چۆن دەبێت مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت؟

سەرسەختی واتە:

سەرسەختی ئەو کاتەیە کە منداڵ پێداگری لەسەر شتێک بکات کە دەیەوێت، تەنانەت ئەگەر بزانێت کە هەڵەیە یان بە زیانی خۆیەتی. بۆ نموونە کاتێک دەزانێت کاتی خەوتنە، بەڵام هەموو هەوڵێک دەدات بۆ ئەوەی نەچێتە ژووری نووستنەوە. یان کاتێک پێی دەڵێیت نابێت ئایسکرێم بخوات، دەست دەکات بە گریان و هاوارکردن بۆ ئەوەی دڵنیا بێت کە دەیخوات

چۆن بزانین مناڵەکەمان سەرسەختە؟

١. منداڵانی سەرسەخت چاوپۆشی لەو هۆشدارییانە دەکەن کە لە بەرژەوەندی ئەواندا نییە

٢. منداڵانی سەرسەخت سەرسەختییەکی ناوازەیان هەیە و بەپێچەوانەی ویستی خۆیان کار ناکەن

٣. منداڵانی سەرسەخت سەبریان نییە

٤. ئەو منداڵانەی کە سەرسەختن، یاسای تایبەتی خۆیان هەیە کە تا دەتوانن لە ژیانیاندا جێبەجێی دەکەن و پابەندن بەو یاسایانەن

 ٥. منداڵانی سەرسەخت ئارەزووی سەرۆکایەتییان هەیە. هەمیشە بەدوای ئەوەدا دەگەڕێن کە ببنە سەرچاوەی دەسەڵات.

هۆکارناسیی سەرسەختی لە منداڵاندا چییە؟

4 هۆکاری سەرەکی و گرنگ بۆ سەرسەختبوون منداڵان بریتییە لە:

یەکەم: تەمەنی پێگەیشتن و سەربەخۆیی

منداڵان بەتایبەتی تەمەنی نێوان ٢ بۆ ٦ ساڵان حەز دەکەن خۆیان بڕیاری خۆیان بدەن. دەیانەوێت بڵێن: “من گەورە بووم!” هەر بۆیێ هەندێک جار کەڵەڕەقی و سەرسەختی تەنها شێوازێکە بۆ نیشاندانی سەربەخۆیی

دووهەم: ڕاکێشانی سەرنج

هەندێک جار منداڵ تەنها دەیەوێت ببینرێت. کاتێک هەست دەکات پشتگوێ خراوە، بە سەرسەختی بەدوای سەرنجی دایک و باوکیدا دەگەڕێت

سێهەم: ئەزموونەکانی پێشوو

ئەگەر پێشتر بە گریان یان توڕەبوون شتێکی بەدەست هێنابێت، ئەوا فێردەبێت کە بە سەرسەختی دەتوانێت کارەکانی بەرەو پێش ببات. بۆیێ جارێکی تر تاقی و دووبارەی دەکاتەوە

چوارەم: شوێنکەوتنی نموونەی ئەوانی تر

ئەگەر دایک و باوکێک یان کەسێک لە ماڵەکەدا سەرسەختە، منداڵەکە لێی فێر دەبێت. منداڵان بە چاو پێکەوتن پەروەردە دەکرێن نەک بە گوێچکەکانیان

ئایا سەرسەختبوونی منداڵ جێی نگرانییە؟

نەخێر، لە ڕاستیدا بەشێکی ئاساییە. نیشان دەدات کە منداڵ کەسایەتی هەیە و بۆچوونی خۆی بۆی گرنگە. بەڵام ئەگەر ببێتە هۆی شەڕ، تێکچوون، یان فشاری دەروونی لەسەر خێزانەکە، پێویستەچارەسەر بکرێت.

چۆن مامەڵە لەگەڵ منداڵێکی سەرسەختدا بکەین؟

ئێستا با بچینە سەر بەشە گرنگەکە. چی بکەین بۆ ئەوەی لەکاتی ڕووبەڕووبوونی منداڵێکی سەرسەختدا تووڕە نەبین و  و بە شێوازێکی دروست منداڵەکەمان پەروەردە بکەین:

 ١.ئارام بگرە

سەرەتا پێویستە خۆت ئارام بکەیتەوە. کاتێک منداڵەکەت هاوار دەکات یان دەگری، ئەگەر تۆش هاوار بکەیت، ئەوە تەنها شتەکان خراپتر دەکات. هەناسەیەکی قووڵ هەڵمژە و فێنکایی خۆت بهێڵەرەوە

٢. مافی هەڵبژاردنی پێ بدە

لەبری ئەوەی بڵێیت ئەمە لەبەر بکە، بڵێ: دەتەوێت ئەم کراسە یان ئەو کراسە لەبەر بکەیت؟ بەم شێوەیە هەست دەکات بڕیاری خۆی داوە و کەمتر سەرسەختە

٣. تووند بە بەڵام میهرەبان

پێویستە منداڵ بزانێت کە هەندێک شت هێڵی سوورن. بەڵام ئەمە بە هاوارکردن یان هەڕەشەکردن نیشان مەدە. بە خۆشەویستی و بەجدی بڵێ “تێدەگەم تۆ دڵتەنگیت و حەزت لێیە، بەڵام ئێستا کاتی ئایسکرێم نییە”.

٤. گرنگیدانی ئەرێنی

کاتێک منداڵەکەت ڕەفتارێکی باش دەکات ، دڵنیابە ستایشی دەکەیت و هاندەری بە بۆ بەرەو پێشکەوتن. بۆ نموونە بڵێ “سوپاس بۆ ئەوەی بە خێرایی شتەکانت کۆکردەوە کاتێک پێم وتیت.” ئەمەش وا دەکات ئەو ڕەفتارە باشە دووبارە بکاتەوە

٥. هۆکاری ڕەفتارەکانت بۆ منداڵەکەت ڕوون بکەرەوە

چاوەڕێی مەبە منداڵەکەت لە هۆکاری ڕەفتارەکانت تێبگات بەبێ ئەوەی هیچ ڕوونکردنەوەیەکی بۆ بکەی. پێویستە هۆکاری سنووردارکردنەکان بۆ منداڵەکەت ڕوون بکەیتەوە و پێی بڵێیت دەرئەنجامەکانی هەر ڕەفتارێکی خراپ چی دەبێت. لە هەر بارودۆخێکدا بە منداڵەکەت بڵێ چۆن هەڵسوکەوت بکات

٦. هەروەها منداڵەکەت فێر بکە کە تەنها شتێک بە دەست دەهێنت کە بە ئەدەب و بە ڕێزەوە داوای لێبکات. بەم شێوەیە منداڵەکەت فێر دەبێت کە هاوارکردن تەنها شتەکان خراپتر دەکات.لەمە بەدەر، لەبیرت دەبێت ڕاستگۆ بیت لەگەڵ منداڵەکەت. گفتوگۆی ڕاستگۆیانە یارمەتی منداڵەکەت دەدات لە هۆکاری ڕەفتارەکانت بە شێوەیەکی ئەرێنی تێبگات.

٧. پێشوەختە یاساکان دابنێ

ئەگەر بڕیارە کاتژمێر ٩ بخەوێت، پێشوەخت پێی بڵێ. نەک لەناکاو بڵێیت “ئێستا بخەوە!” چونکە منداڵان باشتر ڕووبەڕووی پلاندانان دەبنەوە

 ٨. گۆڕانکاری لە شێوازی وەڵامدانەوەت

کاتێک ڕووبەڕووی سەرسەختی منداڵ دەبیتەوە، هەوڵ مەدە بە موناقەشە قەناعەتی پێبکەیت. باشترین ڕێگا ئەوەیە کە ڕەفتاری منداڵەکە پشتگوێ بخەیت . بەم کارە منداڵەکە وردە وردە سەرسەختی کەم دەبێتەوە. بەڵام ئەگەر دایک و باوکی منداڵەکە و کەسانی دەوروبەریان بەردەوام بەرەنگاریی سەرسەختی منداڵەکە ببنەوە،  دەبێتە هۆی ئەوەی منداڵەکە هێندەی تر سەرسەخت بێت بۆ سەلماندنی مەبەستەکەی

٩. دابینکردنی ژینگەیەکی بێ ئسترس پێویستە بۆ پەروەردەکردنی منداڵ، هەروەها پێویستە دایک و باوک ژینگەیەکی دۆستانە و بێ ئسترێس و بێ دڵەڕاوکێ بۆ منداڵەکانیان دابین بکەن. سزای زارەکی و جەستەیی نەک هەر لە سەرسەختی منداڵان کەم ناکاتەوە، بەڵکو وایان لێدەکات لەسەر ئارەزووەکانی خۆیان پێداگر بن

١٠. گوێگیری بە و گوێ بۆ قسەکانی بگرە

هەندێکجار منداڵان سەرسەخت دەبن، چونکە هەست دەکەن کەس گوێیان لێناگرێت. هەوڵبدە بەڕاستی گوێی لێبگریت. تەنانەت ئەگەر ئەوەی ئەو دەیەوێت لە عەقڵی تۆدا ناگۆنجێت، گوێگرتن و هاوسۆزی زۆر کاریگەرە

١١. نمونەیەکی باش بە

کاتێک دڵتەنگ بوویت هەوڵبدە بە هێمنی قسە بکەیت. منداڵان لە نزیکەوە چاودێری ڕەفتاری گەورەکان دەکەن و هەمان ڕەفتار دووبارە دەکەنەوە. پێویستە دایک و باوک ڕێبەرێکی باش بن بۆ منداڵەکانیان تا بتوانن بە باشی گەشە بکەن و ڕووبەڕووی ئاستەنگەکان ببنەوە.

١٢. منداڵەکەت ناچار مەکە پەلە بکات:

 کاتێک فشار دەخەیتە سەر منداڵەکەت، ئەوا ناتوانێت مامەڵە لەگەڵ دۆخەکەدا بکات و لە کۆتاییدا هەوڵدەدات بە سەرسەختی ڕووبەڕووت ببێتەوە.

١٣. سەرقاڵکردنی منداڵەکە

کاتێک منداڵەکە سەرسەخت دەبێت، ڕێگری لە بەردەوامبوونی بارودۆخە ناخۆشەکە بکە بە ئاڕاستەکردنەوەی سەرنجەکانی.

١٤. ئەگەر دەتەوێت منداڵەکەت سەرسەخت نەبێت، سەرەتا واز لە سەرسەختی خۆت بهێنە

بە دڵنیاییەوە دەزانیت کە وەک دایک و باوکێک باشترین و گرنگترین نمونەی بۆ منداڵەکەت. بۆیە ئەگەر دەتەوێت منداڵێکت هەبێت کە گوێیگیر بێت، پێش هەموو شتێک واز لە سەرسەختی خۆت بهێنە.

١٥. بە منداڵەکەت بڵێ “نا.”

وەک دایک و باوکێک دەبێت فێر بیت کە بە منداڵەکەت بڵێیت “نا”. هۆکاری سەرسەختی زۆربەی منداڵان ئەوەیە کە دایک و باوک بە داواکارییەکانیان ناڵێن نا. ئەگەر پێت وایە منداڵەکەت دەتوانێت هەر شتێک کە دەیەوێت بە سەرسەختی بەدەستبهێنێت ئەوا کاتی ئەوە هاتووە هەندێک گۆڕانکاری لە ڕەفتارەکانتدا بکەیت. بە منداڵەکەت بڵێ نەخێر و زۆر پتەوبە لەو بارەیەوە. بەم شێوەیە منداڵ فێر دەبێت کە بە سەرسەختی هەموو ئاواتەکانی بەدی نایێت.

کەی دەبێت نیگەرانی ڕەفتارە سەرسەختەکانی منداڵەکەمان بین؟

ئەگەر سەرسەختی منداڵەکەت زۆر توند بوو، بۆ نموونە بەردەوام هاوار دەکات، گوێ لە کەس ناگرێت، لەگەڵ منداڵانی دیکە شەڕ دەکات، یان هەمان ڕەفتار لە قوتابخانە نیشان دەدات، ڕەنگە باشتر بێت لەگەڵ ڕاوێژکاری منداڵان قسە بکەیت

لە کۆتاییدا

ئاسان نییە منداڵێکی سەرسەختت هەبێت، بەڵام بە سەبر و میهرەبانی و ڕێبازی دروست، وردە وردە دەتوانیت ئەم ڕەفتارە کۆنتڕۆڵ بکەیت. گرنگە بزانین منداڵ سەرسەخت لەدایک نابێت، بەڵکو فێری ئەم ڕەفتارانە دەبێت. بۆیێ دەتوانین یارمەتیان بدەین بۆ ئەوەی بزانن چۆن ئارەزووەکانیان بە شێوەیەکی تەندروستتر دەرببڕن.

بابەتی پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *


The reCAPTCHA verification period has expired. Please reload the page.

سەیری ئەمەش بکە
Close
Back to top button