خۆبەهادان چییە و بۆچی گرنگە؟

خۆبەهادان چییە و بۆچی گرنگە؟
خۆبەهادان بریتییە لە باوەڕبوونمان بە بەهای بوونمان
هەموومان بە درێژایی ژیانمان ڕووبەڕووی ئاستەنگ دەبینەوە. هەندێکمان بە متمانەوە بە خۆوە بەرەو پێشەوە دەڕۆین و لە هەڵەکانمان ئەزموون بە دەست دەهێنین و هەوڵی دووبارە دەدەینەوە. هەندێکی تر، کاتێک ڕووبەڕووی کێشەیەک دەبنەوە، هەست بە بێ نرخی و بێ بەهابوون دەکەن، خۆمان بە تاوانبار دەزانین و خۆمان لە پێشکەوتن دەپارێزن. جیاوازی ئەم دوو گروپە لە یەک شتدایە، ئەویش خۆبەهادانە.
لەم بابەتەدا دەمانەوێت بە زاراوەیەکی سادە ڕوونی بکەینەوە کە خۆبەهادان چییە و بۆچی گرنگە و چۆن دروست دەبێت و دەرئەنجامەکانی چین و چۆن دەتوانیتن هێزی پێ ببەخشینبەشی
یەکەم: خۆبەهادان چییە؟
پێناسەیەکی سادە بۆ خۆبەهادان ئەو بەها و نرخەیە کە مرۆڤ لەسەر خۆی دادەنێت. واتە چەندە خۆمانمان خۆشدەوێت و ڕێز لە خۆمان دەگرین و خۆمان بە شایستەی دڵخۆشی و سەرکەوتن دەزانین.بە واتایەکی تر، خۆبەهادان بریتییە لە باوەڕبوونمان بە بەهای بوونمان، نەک لەبەر دەستکەوتەکانمان، ڕواڵەت، کار، یان لە بەر بیروڕای کەسانی دیکە، بەڵکو تەنها لەبەر ئەوەی مرۆڤین و بوونمان بەنرخە.
جیاوازی نێوان خۆبەهادان و متمانە بەخۆبوون چییە؟
زۆر کەس خۆبەهادان لەگەڵ متمانە بەخۆبوون تێکەڵ دەکەن. کە واتە ئەم دوو بابەتە پێکەوە جیاوازن
متمانە بەخۆبوون واتە: باوەڕمان بە تواناکانمان هەیە بۆ ئەنجامدانی کارەکان.
بەڵام خۆبەهادان واتە: ئێمە باوەڕمان بە بەهای ناوەکی خۆمان هەیە، تەنانەت ئەگەر توانای ئەنجامدانی شتێکمان نەبێت لەوانەیە کەسێک بێتوانا بێت لە ئەنجامدانی شتێک بەڵام هێشتا خۆبەهادانی بەرز بێت. واتە بزانین کە شکستهێنان لە ئەرکێکدا بەهای مرۆڤ کەم ناکاتەوە
بەشی دووهەم: خۆبەهادان چۆن دروست دەبێت؟
سەردەمی منداڵی وکاریگەری دایک و باوک ؛
خۆبەهادان لە منداڵییەوە دروست دەبێت. ئەزموونە سەرەتاییەکان لە ناو خێزاندا، شێوازی هەڵسوکەوتی دایک و باوک لەگەڵ منداڵەکانیاندا، شێوازی پەروەردەکردن و ئەو پەیامانەی منداڵ لە دەوروبەری وەردەگرێت، ڕۆڵێکی بنەڕەتی دەگێڕن لە دروستبوونی خۆبەهادان
ئەگەر منداڵ بەردەوام هانبدرێت و هەست بە سەلامەتی بکات و ڕێزی لێبگیرێت، ئەگەری زۆرە خۆبەهادانی بەرز بێت. بەڵام ئەگەر بەردەوام ڕەخنەی لێ بگیرێت، بەراورد بکرێت، یان پشتگوێ بخرێت، لەوانەیە بە خۆبەهادانی کەمەوە گەورە ببێت.
ئەزموونەکانی ژیان لە پاڵ خێزانەوە:
ئەزموونەکانی تری ژیانی وەکوو: قوتابخانە، هاوڕێ، شکست، سەرکەوتن و تەنانەت جۆری پەیوەندی سۆزداری لە تەمەنی گەورەییدا کاریگەرییان لەسەر خۆبەهادان و نەفس بەرزی هەیە.
بەشی سێهەم: نیشانەکانی خۆبەهادان و نەفس بەرزی سەروو خوار:
نیشانەکانی خۆبەهادان و نەفس بەرزی : کەسەکە خۆی بەو جۆرە کە هەیە قبوڵ دەکات و هەر وەها هەڵەکانی قبوڵ دەکات و ئەزموونیان لێ بە دەست دەهێنیت. پێویست ناکات خۆی بەراورد بکات بە کەسانی تر، ڕێز لە خۆی دەگرێت و چاوەڕێی ڕێز لە لایەن کەسانی ترەوە دەکات، ترس لە دەربڕینی پێداویستی و ئارەزووەکانی نییە.

نیشانەکانی کەم زانینی خۆبەهادان:
هەستکردن بە بێ بەهایی و بێ نرخ بوون
ترس لە ڕەتکردنەوە یان حوکمدان
پێویستی بەردەوام بە ڕەزامەندی کەسانی تر
هەستکردن بە تاوانباری یان شەرمەزاری بەبێ هۆکار
بێتوانایی لە وتنی “نا”
خۆ تاوانبارکردنی بەردەوام
بەشی چوارەم: بۆچی خۆبەهادان و نەفس بەرزی گرنگە؟
1. کاریگەری لەسەر تەندروستی دەروونی ؛
خۆبەهادان پەیوەندی بە هەستکردن بە دڵخۆشی و ئارامی و هیوا و پاڵنەرەوە هەیە. ئەو کەسانەی کە خۆبەهادان و نەفس بەرزییان کەمە زیاتر تووشی خەمۆکی و دڵەڕاوکێ دەبن و ڕەخنەی توند لە خۆیان دەگرن و تەنانەت ڕەفتارەکانی زیانگەیاندن بە خۆیان لەو کەسانەی کە خۆبەهابوونیان کەمە، زۆرترە
2. کاریگەری لەسەر پەیوەندی نێوان کەسەکان:
ئەو کەسانەی کە خۆبەهابوونیان هەیە و نەفسیان بەرزە دەتوانن پەیوەندییەکی تەندروست و ڕێزدار و هاوسەنگیان هەبێت. کەسایەتی وابەستەیان نییە، نە کۆنتڕۆڵی دەکەن و نە کۆنترۆڵ دەکرێن.لەبەرامبەردا ئەوانەی کە خۆبەهابوونیان نزمە لەوانەیەزۆر وابەستە بەمانەوە لە پەیوەندییەکی ژەهراویدا ببن با ئەوانی تر سووکایەتییان پێ بکات
3. کاریگەری لەسەر سەرکەوتن و گەشەکردنی کەسی:
خۆبەهادان و نەفس بەرزی وا لە مرۆڤ دەکات خۆی بە شایستەی سەرکەوتن بزانێت و نەترسێت لە هەڵەکردن و سود وەرگرتن لە دەرفەتەکان و هەوڵبدات بۆ پێشکەوتن.
بەشی پێنجەم: ئەو هۆکارانەی کە خۆبەهادان و نەفس بەرزی تێکدەدەن
هەندێک هۆکار دەتوانن خۆبەهادان تێکبدەن، وکوو:
بەراوردکردنیان لەگەڵ کەسانی تر لە سۆشیال میدیا
دایک و باوکی سەرسەخت و لۆمە گێڕ
ئەزموونی ڕەتکردنەوە
زەلیل کردن، یان سووکایەتیکردن
ڕەخنەگرتنی زۆر و بێ هاوسۆزی
بارودۆخی کۆمەڵایەتی و کولتووری جیاکاری
بەشی شەشەم: چۆن خۆبەهادان بەهێز بکەین؟

دروستکردنی خۆبەهادان و بەرزە خۆیی پرۆسەیەکی درێژەخایەنە. لە درێژەی ئەم بابەتە چەند ستراتیژییەکی کاریگەر بۆ بەهێزکردنی خۆبەهادان و بەرزەخۆیی دەخەینەڕوو:
1. خۆئاگاداری و خۆ قبوڵکردن
خۆت بە هەموو شتێکەوە قەبووڵ بکە، بە خاڵە بەهێز و لاوازەکانەوە. خۆ قبول کردن هەنگاوی یەکەم بۆ گەیشتن بە خۆبەهاییە
٢. گفتوگۆی ناوخۆیی ئەرێنی: بە میهرەبانی لەگەڵ خۆمان قسە بکەین. لە باتی ئەوەی بڵێیت “شکستم هێنا، یان بێتوانام”، بڵێ “ئەمجارە سەرکەوتوو نەبووم، بەڵام دەتوانم بۆ جاری دیکە هەوڵی زیاتر بدەم و سەرکەوتوو بم
3. دانانی ئامانجی بەدەست هێنراو ئامانجی بچووک وڕاستەقینە هەڵبژێرە. گەیشتن بە ئامانجەکان هەستکردن بە سەرکەوتن و ڕەزامەندی دروستدەکات
4. گرنگیدان بە جەستە و دەروون وەرزشکردن، خواردنی تەندروست، خەوی گونجاو، و پراکتیزەکردنی مێدیتەیشن یان وردبینی کاریگەرییەکی گەورەیان لەسەر هەستکردن بە نرخ و بەها هەیە سەبارەت بە خۆت.
5. پچڕانی پەیوەندی لەگەڵ کەسانی ژەهراویدا، ئەگەر کەسێک بەردەوام سووکایەتیت پێدەکات، بەهای تۆ دەخاتە ژێر پرسیارەوە، یان هەست بە شەرمەزاریت بکات، پێویستە دووبارە هەڵسەنگاندن بۆ پەیوەندییەکە بکەیتەوە.
6. مەشق بکە بە وتنی “نا” فێربە کە وتنی “نا” بە کەسانی تر جۆرێکە لە ڕێزگرتن لە خۆت. کەسێک کە ناتوانێت بڵێ« نا»، خۆبەهابوونی خۆی دەکاتە قوربانی بۆ ڕەزامەندی کەسانی تر.
7. سەردانی ڕاوێژکار بکە، ئەگەر هەست دەکەیت کە خۆبەهابوونت زۆر نزمە و ژیانت تێکدەدات، ڕاوێژکردن لەگەڵ پزیشکی دەروونیی دەتوانێت زۆر یارمەتیدەر بێت .
بەشی حەوتەم: ڕاهێنانەکان بۆ زیادکردنی خۆبەهادان و نەفس بەرزی
لە خوارەوە چەند ڕاهێنانێکی سادە و بەرهەمهێنەر دەناسینین:
مەشقی یەکەم: لیستی شتە باشەکان هەژمار بکە
هەموو شەوێک سێ سیفەتی ئەرێنی لەبارەی خۆت بنووسە. بۆ نموونە: “من گوێگرێکی باشم”، “سەبرم هەیە”، “لە کارەکانمدا وردبینم”.
مەشقی دووهەم: نامە بۆ خۆت بنووسە
نامەیەک بۆ خۆت بنووسە. قەدری خۆت بزانە، بەزەیی بەخۆتدا بێتەوە و بەخۆت بڵێ بەنرخی.
مەشقی سێهەم: وێناکردنی سەرکەوتن
چاوەکانت دابخە و خۆت ببینە کە لە ئەرکێکدا سەرکەوتوو دەبیت. هەست بە شانازی و خۆشی و ئارامی بکە لەناو خۆتدا.
مەشقی چوارەم: خۆبەزەیی مێدیتەیشن
ڕۆژانە بۆ چەند خولەکێک خۆت بیر بخەرەوە.”من بەنرخم.” من شایەنی خۆشگەرەک بوونم. “من خۆم وەک خۆم قبوڵ دەکەم.”
لە کۆتاییدا:
خۆبەهادان شتێک نییە کە لە دەرەوە بێت. ئەوە ئێمەین کە دەبێت فێربین چۆن خۆمان ببینین و چۆن مامەڵە لەگەڵ خۆمان بکەین و چۆن بەرامبەر سەختییەکان بوەستینەوە. خۆبەهادان واتە خۆشویستنی خۆت بەبێ مەرج. واتە قبوڵکردنی خۆمان، تەنانەت کاتێک هەڵەیش دەکەین. وە ئەم توانایە کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر تەندروستی دەروونی و کوالیتی ژیان و پەیوەندییەکان و سەرکەوتنمان دادەنێت
لەبیرمان نەچێت هەموومان مافی ئەوەمان هەیە هەست بە بەها بکەین، تەنانەت ئەگەر هێشتا کامڵ نەبووین. چونکە مرۆڤ بوون خۆی لە خۆیدا بەنرخە.