گشتی

ئایدز(HIV) چییە؟

ئایدز(HIV) چییە؟

ئایدز کە کورتکراوەی  Acquired immune deficiency syndrome  واتە “كۆنیشانەی کەمبوونەوەی بەرگری “، نەخۆشییەکی درێژخایەن و مەترسیدارە و وردە وردە سیستەمی بەرگری لەش لەناو دەبات. ئەم نەخۆشییە بەهۆی چوونە ناوەوەی ڤایرۆسی(HIV)لە جەستەدا دروست دەبێت، کە بەرگری لەش لە بەرامبەر هەوکردن و نەخۆشیەکان کەمدەکاتەوە.

ئەو ڤایرۆسەی کە دەبێتە هۆی ئەیدز هێرش دەکاتە سەر خڕۆکە سپییەکانی خوێن. ماوەی چوونە ژوورەوەی ڤایرۆسەکە 2 بۆ 12 هەفتە دەخایەنێت ئەم خانانە ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕن لە بەرگری لەش لە دژی ماددە نەخۆشخوازەکان. کاتێک ژمارەی ئەو خانانە کەم دەبێتەوە، ئیتر لەش ناتوانێت بە باشی بەرەنگاری نەخۆشییەکان ببێتەوە، تەنانەت سادەترین هەوکردنەکانیش مەترسیدار دەبن.

جیاوازی چییە لە نێوان توشبوون بە ئایدز لەگەڵ ڤایرۆسی(HIV) ؟

زۆربەی خەڵک نازانن،  نەخۆشی ئایدز لەگەڵ  ڤایرۆسی ئایدزHIV) (جیاوازە. ئەو کەسەی تووشی ئەم ڤایرۆسە بووە، ڕەنگە ساڵانێک شەش مانگ بۆ دە ساڵ هیچ نیشانەیەک، کە  توشی نەخۆشی ئایدز بووە دەرنەکەوێت، بەڵام مەترسیی لەوەدایە ڤایرۆسەکە لە جەستەیدا چالاکی دەمێنێتەوە و دەتوانێت بیگوازێتەوە بۆ کەسانی دیکە. مەرج نییە کەسێک  کە ڤایرۆسەکە لە جەستەیدایە، توشی نەخۆشی ئایدز بووبێت. بەڵام ئایدز بریتییە لە کۆتا قۆناغی توشبووببە ڤایرۆسەکەیە ، لەم قۆناغەدا سیستەمی بەرگری لەشی کەسەکە بە تەواوەتی تێکدەچێت.کاتێک سیستەمی بەرگری لەش بە توندی تێکدەچێت و نیشانە جۆراوجۆرەکانی نەخۆشییەکە دەردەکەون و ئەمە دە ساڵ دەخایەنێت.

نیشانە سەرەتاییەکان و دەرکەوتنی نەخۆشیی ئایدز

بە گشتی نیشانە سەرەتاییەکان هاوشێوەی هەڵامەت یان ئەنفلۆنزان و لەوانەیە بریتین لە:

 تا

 قورگ ئێشە

 ماندوێتی

ئازاری ماسولکەکان

 ئاوسانی گرێ لیمفاویەکان

ئەم نیشانانە ڕەنگە چەند ڕۆژێک یان هەفتەیەک بەردەوام بن و دواتر بە تەواوی نەمێنن. لەوانەیە  بۆ ساڵانێک هیچ نیشانەیەک دەرنەکەوێت، بەڵام ڤایرۆسەکە) (HIVخەریکی لەناو بردنی خانەکانی بەرگری لەشە

لەگەڵ بەرەوپێشچوونی نەخۆشییەکە، مرۆڤ تووشی

 دابەزینی کێشی توند

 زوو زوو هەوکردن

 ئارەقەکردنەوەی شەوانە

سکچوونی درێژخایەن

 برینەکانی دەم یان پێست

ڕێگاکانی گواستنەوەی ڤایرۆسی HIV

ئەم نەخۆشیە لە ڕێگەی هەندێک بەرکەوتنەوە دەگوازرێتەوە. باوترین ڕێگاکانی گواستنەوە بریتین لە:

 ئەنجامدانی کاری سێکسییە بەبێ پارێزراو لەگەڵ کەسێکی تووشبوودا(یکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی توشبوون و گواستنەی ئەم ڤایرۆسە).

دەرزی لێدان بە سرنجی هاوبەش لە نێوان ئالوودەبوواندا

گواستنەوە لە دایکەوە بۆ منداڵ لە کاتی دووگیانی، لە کاتی لە دایکبوون یان شیرپێدان

گواستنەوە لە ڕێگەی خوێنی پیسەوە، وەکوو وەرگرتنی خوێنی پیس یان بەرهەمەکانی خوێن (کە ئێستا بە پشکنینی ورد نزیکە لەناو ببرێت)

ئەو ڕێگایانە کامەن کە ڤایرۆسی ئێچ. ئای.ڤی ناگوێزرێتەوە

گرنگە ئاماژە بەوە بکەین کە ئەم نەخۆشییە لە ڕێگەی بەرکەوتنی ڕۆژانە وەک تەوقەکردن

 باوەشپێداکردن

بەکارهێنانی حەمامە هاوبەشەکان

 پژمین

بەکارهێنانی جل و بەرگی توشبووەکە

 ناگوازرێتەوە.

ڕێگاکانی خۆپاراستن لە نەخۆشیی ئایدز:

باشترین و کاریگەرترین ڕێگا بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم نەخۆشییە خۆپاراستنە. هەندێک شێوازی گرنگی خۆپاراستن بریتیە لە

هەبوونی پەیوەندی سێکسی تەندروست و بەرپرسیارانە

بەکارهێنانی ڕێگری لە دووگیانی لە پەیوەندی هاوسەرگیریدا

دوور کەوتنەوە لە هاوبەشکردنی سرنج

ئەنجامدانی پشکنینی بەردەوام بە تایبەت پێش هاوسەرگیری

پەروەردەی دروست لە قوتابخانە و خێزانەکان سەبارەت بە نەخۆشی و ڕەفتارە مەترسیدارەکان

ڕاوێژکاری و پشتگیری بۆ ئەو کەسانەی کە لە مەترسیدان

کاریگەرییە دەروونییەکانی ئایدز

ژیان لەگەڵ ئەم نەخۆشییە تەنها تەحەدایەکی جەستەیی نییە؛ لەوانەیە چەندین تەحەدای دەروونیش لەگەڵ خۆیدا بهێنێت. زۆربەی تووشبووان تووشی خەمۆکی و دڵەڕاوکێ و ترس لە ڕەتکردنەوە و هەستکردن بە تاوانباری دەبن. لەوانەیە خۆیان لە کۆمەڵگا و خێزان و تەنانەت خۆیان دوور بخەنەوە و بە تەنیایی بژین

هەندێک لە کێشە دەروونییە باوەکان لەنێوان ئەو کەسانەدا کە ئەم نەخۆشییەیان هەیە بریتیە لە:

خەمۆکی: بەهۆی دابڕانی کۆمەڵایەتی و خەمی داهاتوو و ترس لە مردن

دڵەڕاوکێی کۆمەڵایەتی: نیگەرانی لە ئاشکراکردنی باری تەندروستی خۆت

هەستکردن بە تاوانباری: بە تایبەت ئەگەر نەخۆشییەکە لە ڕێگەی جووتبوونی سێکسییەوە گواسترابێتەوە

ترس لە مردن یان داهاتوویەکی نادیار

لێرەدا ڕۆڵی دەروونناس زۆر دیار دەبێت. ڕاوێژکاری و چارەسەری دەروونی دەتوانێت یارمەتی مرۆڤ بدات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی نەخۆشییەکە و پاراستنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیان و هەر وەها پاراستنی هیوای ژیانیان

تێڕوانینە هەڵەکان سەبارەت بە ئایدز

بەداخەوە هێشتا زۆر کەس تێڕوانینێکی هەڵەیان هەیە سەبارەت بەم نەخۆشییە، ئەمەش دەبێتە هۆی ترسی ناپێویست و جیاکاری و دوورخستنەوەی کۆمەڵایەتی

هەندێک تێڕوانینی هەڵە بریتین لە:

ئەوان پێیان وایە ئەم نەخۆشییە تەنها بۆ هەندێک کەسە (بۆ نموونە ئالوودەبووانی ماددە هۆشبەرەکان یان ئەو کەسانەی کە لە دەرەوەی هاوسەرگیری سێکس دەکەن) ڕوودەدات

پێیان وایە نەخۆشییەکە لە ڕێگەی بەرکەوتنی سادە دەگوازرێتەوە

پێیان وایە ئەوانەی تووش بوون هیچ هیوایەکیان بە ژیان نەماوە

ئەوان پێیان وایە نەخۆشی ئەیدز بە دڵنیاییەوە دەبێتە هۆی مردن

ئەم تێڕوانینە هەڵانە دەبنە هۆی زیانی دەروونی توند بە کەسی تووشبوو و ڕێگری لە وەرگرتنی یارمەتی پزیشکی یان دەروونی

چارەسەر و تەمەنی چاوەڕوانکراو

چارەسەرێکی یەکلاکەرەوە بۆ ئەم نەخۆشییە نییە، بەڵام دەرمان هەیە کە دەتوانێت ڤایرۆسەکە کۆنتڕۆڵ بکات و ڕێگری بکات لە پێشکەوتنی نەخۆشییەکە. ئەم دەرمانانە یارمەتی کۆئەندامی بەرگری لەش دەدەن کە چالاک بمێنێتەوە

ئەگەر زوو دەستنیشان بکرێن و دەرمانەکانیان بە بەردەوامی بخۆن، دەتوانن ژیانێکی درێژ و بە  کوالیتی زۆرەوە بژین، هەروەک کەسانی دیکە

چۆن چارەسەری کەسێکی تووشبوو بکەین؟

مامەڵەکردنمان لەگەڵ خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان دەبێت بە ڕێز و تێگەیشتن و پشتیوانی ببێت پشتگوێخستن یان حوکمدانیان هەڵەیە، چوونکە لەوانەیە ببێتە هۆی شاردنەوەی نەخۆشییەکە و کۆنتڕۆڵکردنی سەختتر دەبێت. زۆر گرنگە تێبگەین کە هەموو مرۆڤێک جیا لە بارودۆخێک کە بۆی هاتووەتە پێشەوە ، شایەنی ئەوەیە بە کەرامەتەوە بژی.

ڕۆڵی پەروەردەیی و زانیاری لە نەخۆشی ئایدزدا

پەروەردە کلیلی خۆپاراستنە. ئەگەر مرۆڤەکان ئاگاداری ڕێگاکانی گواستنەوە و نیشانەکان و شێوازەکانی خۆپاراستن بن، باشتر دەتوانن ئاگاداری خۆیان و دەوروبەریان ببن. پێویستە پەروەردە لە تەمەنی خوارەوە دەست پێبکات و بە زمانێکی سادە ئەنجام بدرێت بەبێ ئەوەی ترس و شەرمەزاری تێدا بچێنێت

بڵاوکردنەوەی زانیاری لە قوتابخانە و زانکۆ و میدیا و خێزانەکاندا زۆر گرنگە. هەروەها ڕاوێژکاری پێش هاوسەرگیری و پەروەردەی سێکسی تەندروست دەتوانێت ڕۆڵێکی کاریگەر بگێڕێت لە کەمکردنەوەی بڵاوبوونەوەی ئەم نەخۆشییە

ژیان لەگەڵ ئایدزدا

گرنگە بزانین دەستنیشانکردنی ئەم نەخۆشییە کۆتایی تەمەن نییە. زۆربەی ئەو کەسانەی کە ئەم حاڵەتەیان هەیە بە هاوکاری دەرمان و خێزان و هاوڕێیان و ڕاوێژکاری دەروونی توانیویانە ژیانێکی بەرهەمهێنەر و چالاک و مانادار بژین. هیوا، پشتگیری کۆمەڵایەتی و بەردەوامبوون لە چارەسەری پزیشکیدا دەتوانێت کوالیتی ژیان زۆر بەرز بکاتەوە

لە کۆتاییدا

نەخۆشی ئایدز نەخۆشییەکی مەترسیدارە، بەڵام بە ئاگاداریی و پەروەردە و خۆپاراستن و ڕەفتاری بەرپرسیارانە دەتوانیت ڕێگری لێبکەیت یان بە شێوازێکی تەندروست تر لەگەڵیدا بژیت. کۆمەڵگای ئێمە پێویستی بە گۆڕینی بۆچوونی خۆی هەیە بۆ ئەم نەخۆشییە. لەبری ترس و ڕەتکردنەوە، پێویستە بەدوای تێگەیشتن و پشتیوانی و چاکبوونەوەدا بگەڕێین

ڕۆڵی دەروونناس و خێزان و مامۆستا و بەرپرسان زۆر گرنگە. پێکەوە دەتوانین جیهانێک دروست بکەین کە کەس بەهۆی نەخۆشیەکەیەوە هەست بە تەنیایی نەکات.

بابەتی پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *


The reCAPTCHA verification period has expired. Please reload the page.

سەیری ئەمەش بکە
Close
Back to top button