ئۆتیزم چییە؟

ئۆتیزم چییە؟
یکێک لە هەرە ئەڵۆزترین و فراوانترن و گرنگترین نەخۆشی و گرفتەکانی مێشکە. مەودای ئۆتیزم، تێکچوونی گەشەکردنە کە لە ڕووی کێشەی پەیوەنی، کۆمەڵایەتی و ڕەفتاری دەستنیشان دەکرێت. ئمڕۆکە ئامارەکان باس لە یەک لە شەست و هەشت منداڵی لە دایک بوو دەکەن. لە بارەی ئەم نەخۆشییە ئەوەی دیارە زۆربەی حاڵەتەکان لە ناو نێرینەکان و کۆڕەکاندا دەردەکەون، هاوکات هەندێک لە توێژینەوەکان بابەتی جیاوازی جێنێتیکی پەیوەست بە کرۆمۆسۆمی ئیکس دەهێننە ناوەوە. نزیکەی 20% ئەو منداڵانەی پێش خۆیان یکێک لە ئەندامانی خێزانەکانیان ئۆتیزمی هەبووە، زیاتر لە بەردەمی مەترسی توشبوون بە ئۆتیزمن بەراورد بە گڕووپەکانی تر.
مێژووی ئۆتیزم
لە بنەمادا چەمکی ئۆتیزم، لە ساڵی 1911 لە لایەن ئیگوێن بلولێر بۆ هەندێک حاڵەتی فرە تۆندی سکیزەفرێنییە بە کار هات، بە تایبەتی لای ئەو بۆ کۆمەڵێک خاسیەت دەگەڕێندرایەوە. تاکەکان ویستێکی زۆر لە ڕادەبەدەریان هەیەبۆ دوورکەوتنەوە لە واقیع، خۆدانە دەست فانتازیا و خەیاڵ و وەهمەکانیان. بە مانایێکی تر ئۆتیزم بە شێوەیەکی سیمبووڵیک ئاماژە بوو بۆ هەبوونی ژیانێکی هەرە خودی و تایبەتی کەسێک کە هیچ جۆرە دەستوەردانێک بۆ تێگەیشتن و تێبینیکردنی ناواخنەکانی ئەو دیوە لە جیهانی کەسەکە نامێنێتەوە.
فاکتەرەکەکانی پێش و لە کاتی دایکبوونی توشبوون بە ئۆتیزم
هەندێک لە توێژینەوەکان باس لە زەبری ڕاستەوخۆی مێشک لە کاتی لە دایکبوون دەکەن، بە هۆی هەندێک گرفتی تایبەتی کاتی لە دایکبوون، ئەمە وەک یکێک لە فاکتەرە بە هێزەکان. نەخۆشی هیمۆلایتیک و کەمبوونەوە و دابەزینی خێرای خڕۆکە سوورەکانی خوێنی منداڵ لە کاتی لە دایکبوون یان دواکەوتنی هەناسە دانی منداڵ لە پێنج خوولەکی پاش لە دایکبوون. یان بورانەوەی نیۆناتاڵ بە تایبەتی لە ڕۆژی یەکەم یان دووهەمی هەفتەکانی سەرەتای لە دایکبوونی منداڵ، بە ئەگەری زۆر دواتر فاکتەرێک دەبێت لە پەرەپێدانی گرفتی گەشکە و لە هۆشخۆچوون، ئاسایی نەبوونی کێشی منداڵ لە کاتی لە دایکبوون. زاناکان سەرنجیان داوە ئەگەری هەیە منداڵانی توشبووی ئۆتیزم ئەزموونی یکێک لەم گرفتانەیان هەبووبێت، ئەمانە هەتا ڕادەیەک فاکتەری دەرەکی ژینگەیی پەیوەستی ڕاستەوخۆن بۆ سەر پارێزراوی مێشک و سیستەمی دەماری منداڵ. توێژینەوە لەسەر ئەو منداڵانەی بە شێوەیەکی سەرەکی دایکەکانیان لە کاتی سکپڕیدا توشی سۆڕێژە بوون دەریان خستووە بەشێکی زۆریان توشی ناکارایی ژیری بوون، بەشێکی تریشیان بە ئۆتیزم، کۆمەڵێک فاکتەری فاکتەری ژینگەیی وەکوو توشبوون بە ئەنفڵۆنزا و تەنانەت بەکارهێنانی ئەنتی بایۆتیکەکانیش ئەگەری زیادکردنی مەترسی توشبوونی منداڵی ناو سکی دایک بە ئۆتیزم بەرز دەکاتەوە. توشبوونی دایکەکە بە ڤایرۆس، یان باکتریا بە تایبەتی لە ناو سێ مانگی دووهەم بەدوادا مەترسی بۆ دروستبوونی کۆمەڵێک گرفتی دەمارگەشەیی لە ناو منداڵەکەدا لەوانەیە بهێنێتە پێشەوە. هەوکردنی ڤایرۆسی و توشبوونی دایک بە تای بەرز، بەڵام ئەم دۆزینەوانەبە مانای قسەی کۆتایی نایەن، گاوکات بەدەر لەوەش سۆڕێژە ئەمڕۆکە بە ڕێژەیەکی زۆر لە جیهاندا کەم بووەتەوە. ئەوەی گۆمانی تێدا نییە، ڕاستەوخۆ بارودۆخی ژینگەیی و بەتایبەتی هەلومەرجی تەندروستی دایک لەکاتی سکپڕی یکێک لە فاکتەرە بنەماییەکان بۆ توشبوونی منداڵ بە چەندین نەخۆشی و گرفتی جۆراوجۆر.
بابەتی بەکارهێنانی دەرمانی یکێک لە مەترسییەکان، ئەگەر بە ڕێگەیەکی دروست لە کاتی سکپڕی دایکەکەبەکار نەیەت. بۆ نموونە دەرمانێک وەکوو سالیدۆماید. دەرکەوتووە نزیکەی 7.5% ی ئەو دایکانەی لە کاتی سکپڕی دەرمانی دژە سەرع بەکار دەهێنن منداڵەکەیان توشی گرفتی دەمارگەشەیی و لەناویشیاندا ئۆتیزم دەبن، هەروەها بەکارهێنانی نادروستی دەرمانە دژە خەمۆکییەکان لە سەرەتای سکپڕییەوە بە تایبەتی، کاریگەری ڕاستەوخۆ لە سەر گەشەی دەمارگەشەیی منداڵ دادەنێت. ژەهراویبوونی ژینگەیی لە شێوەی نزیکی لە دووکەڵی زۆر، ژیان لە ناوەڕاستی شارەکان، دوانۆکسیدی کاربۆنی زۆر و گازەکانی تر و نزیککەوتنەوە لە کەسانی جگەرەکێش و ژینگەی زۆر جەنجاڵ، هەموو ئەمانە وەک فاکتەری مەترسیدار ئاماژەیان پێدەدرێت.
فاکتەرەکانی پاش لە دایکبوونی توشبوون بە ئۆتیزم
مێشک وەک ئۆرگانێکی بنەمایی لاشەی مرۆیی و سەرچاوەی کۆمەڵێکی زۆر چالاکی، تەنانەت لە پاش لە دایکبوونیش لە بەردەم هەڕەشەی زیان لێ کەوتندایە، بەم جۆرە فاکتەرەکانی پاش لە دایکبوونیش دەکرێت ڕۆڵی بنەماییان هەبێت. هەر یەکە لە ڤایرۆسەکانی میسلێس، مەمپس و ڕوبێڵا و تەنانەت هەندێک توێژینەوە ئاماژەیان بە ڤاکسینەکانیشیان داوە کاریگەری زۆر نەخوازراو لەسەر منداڵان لە پەرەپێدانی کۆنیشانەکانی ئۆتیزم بە جێ دەهێڵن، کە هەندێکجار لە پاش یەک ساڵ وردە وردە کۆنیشانەی تایبەت بە لە دەستدانی کارایی زمان و قسەکردن و پەیوەندی کۆمەڵایەتییان تێدا دەردەکەوێت. نەبوونی فرسەت و بواری گەشەی پەیوەندییەکان، خێزانو ئاگامەندی مەعریفی منداڵ بۆ تێگەیشتن لەو شتانەی لە دوو تۆی پەیوەندییەکان و لایەنی هەستوسۆزی لەگەڵ بەخێوکەران و دەوروبەری دەستی دەکەوێت، وەک فاکتەرێکی گرنگ ئەژمار دەکەن. یکێک لە هۆکارە بنەماییەکانی ناهەمواری هەلومەرجی ژیانی منداڵانی توشبووی نەخۆشی مەودای ئۆتیزم، بریتییە لەە هەلومەرج و ژینگەی خۆدی کۆنیشانەکانی نەخۆشییەکە بۆ توشبووەکانی دەهێننە ئاراوە. منداڵان یکێکن لەو کاتیگۆریە کە بەردەوام لە بەردەم مەترسی دەستدرێژی و توندوتیژی و مامەڵەی نادروست و زەبرە جیاوازەکاندان. ئەم گڕووپە پلەیەک بەرزتر لەو منداڵانەی لە ناو کەشوهەوایەکی ناتەندروست و کۆمڵگەیەکی ناهەموار توشی نەخۆشی دەروونی یان جۆرە جیاوازییەکانی تری نەخۆشییەکان دەبن، پلەیەک زیاتر ڕووبەڕووی ئەو زەبر، توندوتیژی و زیانانەی باسکران دەبنەوە. توشبووانی ئۆتیزم بەردەوام بە هۆی گرفتەکانی تایبەت بە شێوازی هەڵسوکەوت، زمان و قسەکردن، هەڵچوون و لایەنی ڕەفتارییانەوە، لەوانەیە بە ئاسانی بکەونە بەر هەڕەشەی ناپەسەندنی و ڕەتکردنەوە یان گاڵتەپێکردنیان لە لایەنی کەسانی دەوروبەرەوە، لەبەر ئەوە هەمیشە لە بەردەم هەڕەشەی توشبوون بە زەبری دەروونی و هاوکات جۆرە جیاوازەکانی تری نەخۆشییە دەروونییەکانیشن.
لە بارەی هەستەکانیان، بە تایبەتی چۆنییەتی بینینیان لە ڕێگەی چاوەکانیانەوە و ئاگاداری وەڵامدانەوەیان بۆ بچووکترین وروژینەرەکان، ڕەنگەکان و دەنگەکان بابەتێکە لەوانەیە ئاسان نەبێت ئەندامانی ئاسایی کۆمەڵگە بتوانن بە ئاسانی لەبارەیەوە زانیارییان هەبێت. ئەمەش وادەکات بە ئاسانی لە کەسانی توشبووی ئۆتیزم و ئاستە جیاوازەکانی بە ئاسانی تێنەگەن، هەر ئەمەش لەوانەیە کۆمەڵێکی تر گرفتی بنەماییان بۆ دروست بکات، ئەویش لە زیادکردنی ڕێژەی دوورەپەرێزی و گۆشەگیری و ڕاچڵەکین و بیزاری و گۆشەگیرییان.
کۆنیشانەکانی نەخۆشی مەودای ئۆتیزم
- توشبووان گرفتێکی بنەماییان لە پەیوەندی و مامەڵەی کۆمەڵایەتیدا هەیە
- شكست دەهێنن لە نواندنێکی ڕەفتاری پەیوەندی ئامێز لە ڕوانگە جیاوازەکانەوە لەگەڵ کەسانی تردا، لەوانەیە نەتوانن گفتوگۆیەک دەست پێ بکەن و کۆتایی پێ بهێنن
- هەستوسۆزەکانیان ناتوانن دەرببڕن و لە مامەڵە کۆمەڵایەتییەکاندا چۆنییەتی دەربڕینە هەڵچوونییەکانیان زۆر جیاواز و تایبەتمەنە
- لە کاتی بەستنی پەیوەندییەکی کۆمەڵایەتیدا توشی نووشووستییەکی زۆر دەبن
- كارامەییەکی زۆر لاوازییان لە بەکارهێنانی چاوەکانیان لە کاتی پەیوەندی و مامەڵەکردن لەگەڵ ئەوانی تردا هەیە
- لە کاتی دەربڕینەکانیاندا بە ڕوونی هەست بەبێ توانایی زارەکی دەکرێت، زۆر جار نازانن بە ڕاستی دەیانەوێت چی بڵێن یان دەبێت چی بڵێن
- زۆر بە ئەستەم دەتوانن وێنا و خەیاڵ و خواست و حەزەکانی خۆیان لەگەڵ ئەوانی تردا هاوپشک بکەن
- دووبارەکردنەوەی ڕەفتارێک بە ڕێژەیەکی زۆر، حەزێک یان خواستێک
- زۆربەی جارەکان ڕەفتارێکی جووڵەیی لە دەست جووڵان یان هەر جووڵەیەکی ترە و بە شێوەیەکی زۆر، بەردەوام دووبارەی دەکەنەوە و سەرنج دەخەنە سەر خاڵێکی دیاریکراو
- شتێک دەگرن بە دەستیانەوە و بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ بە دیواردا دەکێشن
- توشی ئیکۆلێلیا دەبن واتە وتنەوەی قسەی ئەوی تر بە شێوەیەکی بەردەوامیان بەشێک لە قسەکانی ئەوی تر یان کەسانی دەورووبەر یان بە وردی خەریکی یەکسانکردن و ڕێککردنی دوو شت دەبن
- بە گۆڕانکاری زۆر بچکۆلە لە شتەکاندا لەپڕ توشی هەڵچوونی زۆر دەبن
- گرفتی چۆنیەتی سڵاوکردن، قسەکردن، وەستان و وەڵامدانەوەیان هەیە
- هەندێکجارزۆر بە توندی بە ڕەفتارێک، خویەک یان کەرەستەیەکەوە دەنووسێن و زۆر بە قورسی دەتوانن لێی جیاببنەوە
- هەندێکجار هەستەوەر یان بێهەستیێکی دیاریکراو بۆ پلەی گەرمی لاشەیان، دەنگێکی دیاریکراو، بۆنێکی دیاریکراو یان کەرەستەیەکی دیاریکراو، جۆرێک لە ڕووناکی یان بابەتێکی دیاریکراو تێیدا دروست دەبێت
مەرجە زۆربەی ئەم کۆنیشانانە لە تەمەنێکی سەرەتادا لای کەسەکان دەرکەون، هەرچەندە هەندێکیان پەیوەستن بە بابەتی پەیوەندی و مامەڵەکردنەوە و لەوانەیە تەمەنێک پاشتر دەرکەون، هەتا بواری کۆمەڵایەتی منداڵەکە کەمێک فراوانتر دەبێت، دەکرێت بە وردی لەو لایەنەوە کارامەیی و تواناکانی پێوانە بکرێن. ئەم کۆنیشانانە لە نەخۆشی ئۆتیزمدا کاریگەری دەخەنە سەر زۆربەی لایەنەکانی ژیانی کەسەکە، ئەویش لە ڕووی ڕەفتاری، کۆمەڵایەتی، پیشەیی و زۆربەی لایەنەکانی تر.