نەخۆشی خەمۆکی گەورە چییە؟

نەخۆشی خەمۆکی گەورە چییە؟
نەخۆشی خەمۆکی گەورە (Major Depressive Disorder – MDD) بریتییە لە نەخۆشییەکی دەروونی کە بە هەستکردن بە خەمۆکییەکی قووڵ و بەردەوام، کەمبوونەوەی ئارەزوو بۆ چالاکییەکان، و گۆڕانکاری لە هەڵسوکەوت و هەستەکاندا دیاری دەکرێت. نەخۆشی خەمۆکی یکێکە لە بەربڵاوترین نەخۆشییەکانی جیهانە و بە چەندین شێوەی جیاواز ئەم نەخۆشییە کاریگەرییەکی زۆر لەسەر ژیانی رۆژانەی کەسەکە وەک خەو، خواردن، و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و بەرهەمداری دادەنێت.توێژینەوەکان دەریان خستووە ڕێژەیەکی زۆری ئەو کەسانەی توشی نەخۆشی خەمۆکی گەورە دەبن، زۆر بەدوای چارەسەرکردنیدا ناڕۆن و داوای هاوکاری دەروونی تایبەت ناکەن.
نیشانە سەرەکییەکان:

ئەگەر بۆ ماوەی 14 ڕۆژ لەسەر یەک پێنج لەم نیشانانە تێدا دەرکەوێت، لەگەڵ هەبوونی بێتاقەتییەکی بەردەوام و نەمانی توانای چێژ وەرگرتن، ئەوا گۆمانی هەبوونی نەخۆشی خەمۆکی گەورە لە کەسەکە دەکرێت. پێویستە ئەوە لە بەرچاو بگیرێت، نابێت ئەم نیشانانە لە دەرەنجامی ڕووداوێکی ناخۆش لە ژیانی کەسەکەدا سەری هەڵدابێت، هاوکات نیشانەکان لە دەرەنجامی بەکارهێنانی هەندێک جۆر ماددەی هۆشبەر یان دەرمانی پزیشکی و سڕکەر نەبن.
- هەستکردن بە خەمگینی نیگەرانی و بێتاقەتی یان بێهیوایی:
بۆ زۆربەی رۆژەکان و بۆ ماوەیەکی درێژ (بەلایەنی کەمەوە دوو هەفتە). بە شێوەیەکی بەردەوام بە درێژایی ڕۆژ بەو جۆرەن، هەست بە بۆشێتی، بێبەهایی، بێهیوایی و نیگەرانی دەکەن. ئەمە بە جۆرێکە لە لایەن کەسانی دەورووبەریانەوە هەستی پێ دەکرێت و تیایاندا دەبینرێت.
- کەمبوونەوەی ئارەزوو و چێژ:
کەمبوونەوەی ئارەزوو بۆ چالاکییەکانی پێشوو کە بۆی گرنگ بوو. هەستی چێژوەرگرتنیان زۆر زۆر کەم دەبێتەوە، نە لە دانیشتنەکان، نە لە چالاکییەکان و لە زۆربەی شتەکانی خۆیان و دەورووبەریان چێژ وەرناگرن.
- گۆڕانکاری لە خەو:
زۆر خەوتن یان نەخەوتن ، خەویان بە تەواوی تێکدەچێت.
- گۆڕانکاری خێرا لە کێشی لاشەیاندا:
کەمبوونەوە یان زیادبوونی کێش بە شێوەیەکی نائاسایی، زۆرجار بە خێرایی کێشیان کەم دەکات یان بە خێرایی کێشیان زیاد دەکات. حەزی خواردن و چۆنایەتی خواردن و خواردنەوەیان بە تەواوی گۆڕانی بە سەردا دێت.
- هەست بە ماندوویەتی یان کەمبوونی وزە:
هەستکردن بە ماندوویەتی بەردەوام دەکەن، زۆر تاقەتی جووڵە و چالاکی جەستەیی و ئەو کردار وبەرپرسیارێتییانەیان نامێنێت کە پێویستییان بە چالاکی جەستەییە.
- هەست کردن بە تاوان و گوناه:
هەستکردن بە کەمبوونی متمانە بەخۆ یان هەستکردن بە گوناه بەبێ هۆکار، جۆرێک لە لۆمەکردنی بەردەوامی خۆیانیان تێدا بە دی دەکرێت،بەرانبەر زۆربەی ڕووداوەکان و پێشهاتەکانگ دەورووبەریان، خۆیان بە تاوانبار دەزانن.
- کەمبوونەوەی سەرنج:
کێشە لە کۆنترۆڵکردنی سەرنج یان بیرکردنەوە، کەم سەرنج دەبن و زۆر سەرنجی جیهان وڕووداوەکانی دەورووبەریان نادەن.
- بیر بە خۆکوشتن یان بیرکردنەوە لە مردن یان بیرکردنەوە لە بارەی زیانگەیاندن بە کەسێک:
ئەمە نیشانەیەکی جدییە و پێویستی بە یارمەتی خێرایە.
٩. توانای بیرکردنەوەی ورد و ڕێکیان نامێنێت:
توانای بڕیاردانی تەندروست و وردیان نامێنێت، هاوکات توانای بڕیاردانیان زۆر کەم دەبێتەوە، بە تایبەتی ئەو کاتانەی پێویستە لە بارەی شتانێک لە ناو ژیانی خۆیان یان ڕووداوەکانی دەورووبەریان بڕیار بدەن.
تێبینین:
هەموو ئەم نیشانانە کاریگەری زۆر جیاواز لەسەر خودی تاکەکە، بوون، بەها، پێگەی خێزانی و کۆمەڵایەتی دادەنێن، بە ئەگەری زۆر کایگەری لەسەر ئاستی کاراماییەکان و توانا پیشەییەکانیش دادەنێن، لەوانەیە کەسەکە ئاستێکی زۆر لە چالاکی، بە تەواوی لە کارەکەی و پیشە دڵخوازەکەیدا لە دەست بدات.
هۆکارناسیی نەخۆشی خەمۆکی گەورە:
هۆکارەکانی نەخۆشیی خەمۆکی گەورە (Major Depressive Disorder) چەندین جۆرن. هیچ هۆکارێکی تاکەکەسی نییە کە بتوانێت بە تەواوی تووشبوونی کەسێک بە خەمۆکی گەورە ڕوون بکاتەوە، بەڵکو ئەم نەخۆشییە زۆرجار لە ئەنجامی تێکەڵبوونی هۆکارە بایۆلۆژییەکان، ژینگەییەکان، و دەروونییەکان دروست دەبێت. لێرەدا هۆکارە سەرەکییەکان بە کورتی دەخەینەڕوو:
١. هۆکارە بایۆلۆژییەکان
- ناهاوسەنگی کیمیایی مێشک: گۆڕانکاری لە ئاستی ماددە کیمیاییەکانی مێشک وەک سێرۆتۆنین، دۆپامین، و نۆرئەدرینالین دەتوانن کاریگەری لەسەر کەیف و هەستەکان هەبێت.
- هۆکاری جینێتیک: ئەگەر کەسێک لە خێزانەکەی مێژوویەکی خەمۆکی هەبێت، ئەگەری تووشبوونی بە نەخۆشییەکە زیاترە. جینەکان بە شێوەیەکی سروشتی کاریگەرییەکی بەهێزیان هەیە.
- گۆڕانکارییەکانی مێشک: گۆڕانکاری لە جووڵە و چالاکی بەشەکانی مێشک وەک هیپۆکامپوس یان کۆرتێکس دەتوانن پەیوەندییان بە خەمۆکییەوە هەبێت.
۲. هۆکارە دەروونی و کەسییەکان
- شێوازی بیرکردنەوەی نەرێنی: ئەو کەسانەی کە شێوازی بیرکردنەوەیەکی نەرێنییان هەیە، مەترسی تووشبوونیان بە خەمۆکییان زاترە
- کەم بوونی متمانە بە خۆیان: هەستکردن بە کەمبوونی متمانە بە خۆیان یان بێهیوایی دەتوانێت هۆکارێک بێت.
- ئەزموونی ڕووداوی زەبراوی: وەک مردنی کەسێکی نزیک و ئەزیز و خۆشەویست، کێشەی دارایی، دەتوانن خەمۆکی گەورە دروست بکەن.
۳. هۆکارە ژینگەییەکان
- فشار سترێس و کێشەکانی ژیان: کێشەی کار، پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، یان هەژاری دەتوانن فشارێکی زۆر دروست بکەن کە ببێتە هۆی خەمۆکی.
- بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر: بەکارهێنانی زۆری ئەلکەحوڵ یان ماددە هۆشبەرەکان دەتوانێت مەترسی خەمۆکی زیاد بکات.
- ئەزموونی منداڵی: پەروەردەی نادروستی منداڵ وەک توندوتیژی لەگەڵ منداڵ،سووکایەتی، یان جیاوازی لە خێزاندا دەتوانن کەسەکان زیاتر ئامادە بکەن بۆ تووشبوون بە خەمۆکی لە گەورەییدا.
۴. هۆکارە تەندروستییەکان
- نەخۆشییە درێژخایەنەکان: نەخۆشییەکانی وەک شەکرە، شێرپەنجە، یان نەخۆشییەکانی دڵ دەتوانن مەترسی خەمۆکی زیاد بکەن.
- نەبوونی خۆراکی گونجاو یان خەو: کەمی خەو یان ناهاوسەنگی خۆراک دەتوانێت کاریگەری لەسەر دۆخی دەروونی هەبێت.
۵. هۆکارە کۆمەڵایەتی و کەلتوورییەکان
- تەنیایی: کەمی پەیوەندی کۆمەڵایەتی یان هەستکردن بە تەنیایی دەتوانێت هۆکارێکی گرنگ بێت.
- فشاری کۆمەڵایەتی: چاوەڕوانییە کۆمەڵایەتییەکان یان جیاوازی لە کۆمەڵگەدا دەتوانن فشار دروست بکەن.
چارەسەر:
- دەرمان: دەرمانەکانی دژەخەمۆکی وەک SSRIs (وەک سێڕتڕالین یان فلۆکسێتین) کە لەلایەن دکتۆرەوە دەنووسرێن و دەبێت لە ژێر چاودێری پزیشکەوە بەکاریان بهێنن.
- دەرمانکردنی دەروونی: وەک چارەسەری هەڵسوکەوتی زانستی (CBT) یان گفتوگۆی دەروونی.
- گۆڕانکاری لە شێوازی ژیان: وەرزش، خەوتنی باش، و خواردنی تەندروست دەتوانن یارمەتیدەر بن.
- پشتیوانی کۆمەڵایەتی: گفتوگۆ لەگەڵ خێزان یان هاوڕێکان یان بەشداریکردن لە گرووپەکانی پشتیوانی.
گرنگی یارمەتی وەرگرتن:

ئەگەر تۆ یان کەسێک نیشانەکانی خەمۆکی گەورەی هەیە، گرنگە پەیوەندی بە پسپۆڕێکی دەروونی یان دکتۆرێکەوە بکەیت. ئەم نەخۆشییە چارەسەرکردنی هەیە، بەڵام پێویستی بە یارمەتی پسپۆڕ هەیە. ئەگەر هەست بە بیرۆکەی خۆکوشتن دەکەیت، دەبێت دەستبەجێ یارمەتی وەربگریت.