گشتی

هۆکارناسیی نەخۆشیی تەنگەژێ یان زەبری دەروونی

هۆکارناسیی نەخۆشیی تەنگەژێ یان زەبری دەروونی

لێکۆڵینەوە لە هۆکارناسیی تەنگەژێ یان زەبری دەروونی، بە گرێمانەی زۆر پەیوەستە بە گەڕانەوە بۆ چۆنایەتی ژیان، توانای مەعریفی، پاڵپشتییە کۆمەڵایەتییەکان، ماناداری ژیانو تەندروستی گشتی کەسەکان پێش ڕوودانی ڕووداوە تەنگەژیئامێز و زەبرآوییەکان.واتە وروژێنەرێکی ناوەکی یان دەرەکی لە شێوەی ڕووداوێک یان کۆمەڵێک ڕووداو ئەگەری سەرهەڵدانی جۆرێکی ئاسایی یان ئاڵۆزی زەبری لەناو ڕەفتاری مرۆییدا هەیە، بەڵام ئەوەی پێش ئەوەش گرنگترە ئاماژەی پێ بدرێت، بریتییە لە ئامادەیی تاک بۆ کەوتنە ژێر کاریگەری ڕووداوە زەبراوی و ناخۆشەکانەوە. هەر ئەمەش پیشانمان دەدات بۆچی هەندێک کەس لە پاش ڕووداوێکی ناخۆش وەکوو توندوتیژی، جەنگ، کارێکی تیرۆریستی پەرە بە جۆرێک لە زەبری دەروونی لە لاین دەدرێت و ژمارەیەکی زۆری کۆنیشانەکانیان لا دەردەکەوێت، بەڵام لای هەندێکی تر بەو جۆرە نییە.

ئەوەی بەردەوام ئاماژەی پێی دەکرێت، هۆکارناسیی نەخۆشییە دەروونییەکانە کە بەشێکی زۆری لە ناو دەروونی خودی تاکەکەدا سەردەردەهێنن.

ئایا مرۆڤ خۆی لە خۆیدا هیچ زانیارییەکی بنەمایی لە بارەی خۆی و جیهان هەیە یان نا؟

زەبری دەروونی

گەڕانەوە بۆ بابەتی بنەما ناسی و دۆزینەوەی بنەمایی نەخۆشییەکان لەوانەیە بمانباتەوە بۆ ململانییەکەی جۆن لۆک، ئەویش ئەوەیە، ئاگایی و زەینی مرۆیی ئەوەی هەیەتی لە ئەزموون کردنی جیهانەوە وەری دەگرێت و خاوەنی هیچ جۆرە ئایدیاییەکیش نییە.

ئەمڕۆکە بەشێکی زۆر کاریگەری زەبر و تەنگەژێ لەسەر خاڵی پەیوەندی تاک لەگەڵ جیهاندایە، بەدەر لە کاریگەرییە ناوەکییە دەروونییەکانی سەر خودی تاکەکە، بەڵام خاڵی پەیوەندی و چونایەتی پەیوەندی تاک و جیهانی دەروبەری کێشەئامێزتر دەبێت، دەکرێت بەشێکی زۆری لە ناو پەروەردەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ، دامەزراوەکان، خێزان، پەیوەندییەکان، گەڕەک و باقی قۆناغەکانی تری ژیانی کەسەکەدا بێت.

ئایا تیرۆر هۆکاری توشبوون بە زەبری دەروونی یان تەنگەژێیە؟

ئەو کۆمەڵگایانەدا تیرۆر تیایاندا زۆرتدر، خەڵکیان زیاتر ئامادەیی دەروونیی پێشوەختەیان بۆ خۆنواندنی کۆنیشانەکانی زەبری دەروونی تێدایە.

ئەمڕۆکە کە تیرۆر فاکتەرێکی بەهێز و کاریگەرە لە لێکۆڵینەوە لە هۆکارناسیی تەنگەژێ یان زەبری دەروونیدا، ئەمە بەدەر لەو فشار و تەنگەژێ دەروونییەی بە شێوەیەکی بەردەوام بە جۆرە جیاوازییەکانییەوە دەیخاتە سەر کۆمەڵگەی مرۆیی. لە بنەمادا تیرۆر خۆی لە خۆیدا ئەنجامەکەی دروستکردن و وەشاندنی جۆرێک لە زەبری دەروونییە.

دروستکردنی فەزایەک کە مرۆڤ تیایدا زۆرترین کات ئەزموونی دڵەڕاوکێ، ناجێگیری، ناسەقامگیری، سنوورداری زەینی و ڕەفتاری، نادڵنیایی بەرانبەر بە داهاتوو، پەشێوی هزری، هەڵچوونی، تۆقین و زۆر کاریگەری تریشی لێدەژەوێتەوە.

کاریگەری جەنگ و توندوتیژی کوشتاری لە توشبوون بە تەنگەژێ یان زەبری دەروونی

جەنگ و توندوتیژی کاریگەرییەکانی ماوەدرێژن، جەنگ بەشێکە لە ژیانکردن لە زۆربەی وەڵاتانی جیهان.

لە ناو کوردیشدا ڕووداوی زۆر زەبراوی لە ژیانی خەڵکدا ڕووی داوە، وەکوو بۆمباران، ڕفاندن، ڕەشەکۆژی، کیمیاباران، بینینی خەڵکی لە ژێر ئەشکەنجەدا گیانیان سپاردووە،ڕووداوی هاتوچۆ و کوشتنی خەڵک لە شوێنی گشتی، تەقەکردن لە ناو خۆپیشاندان لە لایان دەسەڵاتداران و زۆر ئەزموون و کارەساتی تر کە ڕاستەوخۆ کاریگەری هەیە لە سەر توشبوون بە تەنگەژێ یان زەبری دەروونییەوە.

بە پێی ڕاپۆڕتێک کە پێشکەشی کانەدا کرا لە ساڵی ،2018 ئاماژە بەوە کراوە زۆربەی ئەو منداڵە ئیزیدیانەی بە خێزانەکانیانەوە پاش ئەو کارەساتەی لە لایەن دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام لە شوێنەکانە نیشتەجێبوونی خۆیانەوە ڕووبەڕوویان بووەتەوە. کاریگەرییەکی ماوەدرێژی لەسەر لەیەنی دەروونیی، مەعریفیی و ڕەفتاریی، منداڵەکان، ژنەکان و گەورەکانیشیان داناوە. بە جۆرێک تەنانەت کێشەی قوتابخانە، فێربوون، شت بیرچوونەوە و بێتوانایی لە دروستکردنی پەیوەندی تەندروست لەگەڵ ژینگە نوێیەکاندا بۆ هێناونە پێشەوە.

دەرکەوتووە کاریگەری ئەو زەبرەی ڕووبەڕووی بوونەتەوە، لە چەندین لایەنەوە بۆ ماوەیەکی زۆر لەسەریان دەمێنێتەوە.

ئایا  توندوتیژی سێکسی هۆکاری توشبوون بە تەنگەژێ و زەبری دەروونییە؟

گێچەڵی سێکسی و توندوتیژی سێکسی یکێک لە هۆکارەکانە کە بە ئەگەرێکی زۆر پەرە بە گەشەسەندن و سەرهەڵدانی نەخۆشییەکانی پەیوەست بە تەنگەژێ و زەبری دەروونی و کۆمەڵێکی زۆر نەخۆشیی دەروونی جۆراوجۆر لە منداڵان و گەوراندا. کاریگەرییەکانیشی بۆ ماوەیەکی زۆر لەسەر لایەنی هەزری، هەڵچوونی، شۆناس، ڕەفتاری، خودبینی و جیهانبینی کەسەکان بمێنێتەوە.

زۆربەی قوربانییەکانی بابەتی گێچەڵی سێکسی لە زۆربەی وەڵاتان مێینەکانن، بەڵام لە بارودۆخە تایبەتەکان، ڕووداوە سیاسییەکان، گیراوانی سیاسی و بەندیخانەکاندا ئاماری جیاواز، لەسەر زاری ڕزگاربوونی نێرینەوە بڵاو دەکرێتەوەکە دەستدرێژی سێکسی یان گێچەڵی سێکسی بەرانبەر ئەوانیش ئەنجام دراوە.

بابەتی گێچەڵی سێکسی، توندوتیژی سێکسی و دەستدرێژی سێکسی، کۆمەڵێک بابەتی زۆر هەستیار و کاریگەرن، ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستی لەبارەیان پێویستی بە پەیبردنێکی بنەمایی کەلتوورە جیاوازەکانی کۆمەڵگەکان و سروشت تێگەیشتن و دونیابینی کەسەکانە لەبارەی ئەم حاڵەتانە.

لە ئاستێکدا بابەتی توندوتیژی سێکسی پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی لەگەڵ جۆر و چۆنایەتی تێگەیشتنی کەلتووری تاکەکان کۆمەڵگە و کۆمەڵگە جیاوازەکان لەبارەی مافەکانیان هەیە.

لەبارەی چۆنایەتی پەیوەندی نێوان تاکەکان، بەتایبەت ژن و مێردەکان، بە تایبەتتر لای کەسانی باوەڕداری ئایینەکانی وەکوو جولەکە و ئیسلام ژنان خۆیان ڕەوایەتی بە جۆرێک لە پێشێلکردنی مافو توندوتیژی جەستەیی و بگرە سێکسیش دەدەن.

جۆرەکانی توندوتیژی سێکسی زۆرن بۆ نموونە توندوتیژی سێکسی وتاری و زارەکی. واتە جنێودان بە ژنان  و کچان و ڕەگەزەکانی تر لەسەر بنەمای شووناسی سێکسی بایۆلۆژییان، لە زۆربەی کلتوورەکانی خۆڕهەڵاتی ناوەڕاست و ئەمریکایشدا باوە.

کۆمەڵێک جنێو هەن پیاوان بە ژنەکانیان دەدەن و لە بەرانبەردا ژنان و مێینەکان لەسەر بنەمای کۆمەڵێک فاکتەری کۆمەڵایەتی، پێگەیی، شۆناسی و کەسایەتی وەک جۆرێک لە توندوتیژی سێکسی لای خۆیانەوە لێکدانەوەیان بۆ ناکەنەوە.

بەشێکی بنەمایی لە پەرە پێدانی کۆنیشانەکانی تەنگەژێی، هاوکات وەک سەرچاوەیەکی زۆری فشاری دەروونی و داکتەرەکی سەرەکی لە دەرکەوتن و پەرەپێدانی ئاستی تەنگەژێی دەروونی لە ژیانی تاک توندوتیژی خێزانییە. ئەم توندوتیژییە دەکرێت بە چەندین شێواز و ڕێبازی جیاواز ئەنجام بدرێت، لەو جۆری وتاری و زارەکی هەتا سێکسی و بگرە لێدان.

ئایا ڕووداوە سرووشتییەکان دەتوانێت هۆکاری توشبوون بە نەخۆشیی تەنگەژێ و زەبری دەروونیی ببێت؟

ڕووداوە سرووشتییەکان فاکتەرێکی بنەماییە بۆ تووشبوون بە جۆرە جیاوازییەکانی زەبری دەروونیی و تەنگەژێی و نەخۆشیی پانیک و زۆر گرفت و نەخۆشی جۆراوجۆررتر.

فاکتەری ڕووداو و کارەساتە سرووشتییەکان، یکێک لە فاکتەرەبنەماییەکانی هۆکارناسیی نەخۆشیی تەنگەژێ و زەبری دەروونیی و جۆرە جیاوازییەکانی نەخۆشییە دەروونییەکانە.

کارەساتە سرووشتییەکان بە گشتی بە شێوازی جۆراوجۆر کاریگەری لەسەر تەواوی تەمەنەکان لە پاش یەک ساڵییەوە لەسەر مرۆڤ دادەنێت. هەر لە کەم بوونی خواستی خواردن، سەرێشە و گرفتەکانی نانخوارد، دروستبوونی گرفتی بینین و بیستن، گرفتەکانی خەوتن و پێست، گۆڕانکاری لە شێوازی پەڕچدانەوەی ڕەفتاری، هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی، گۆڕینی شێوازی خودبینی کەسەکان بۆ خۆیان و دونیا و دەوروبەر، کەمبوونەوەی حەزی ئەنجامدانی چالاکییە دڵخوازەکان، بەرزبوونەوەی تووڕەیی و هەستکردن بە تەنیایی و زیاد بوونەوەی ئاستی گۆشەگیری و چەندین گرفتی دەروونی، هەڵچوون و ڕەفتاری تریش.

لەکۆتاییدا

هۆکارناسیی نەخۆشیی تەنگەژێ و زەبری دەروونی، پەیوەستە بە کۆمەڵێک فاکتەری پێشوەختەی مەعریفی، ژیانی، بارودۆخی ژیانی تاکەکان لە ناو خێزانەکانیان، سەردەمی منداڵی، ئاست و کارایی و توندی ڕووداوەکان، مێژینەی کۆمەڵایەتی و سیستەمی ئابووری، ئاست و کارایی ڕووداوە سرووشتییەکانو چۆنییەتی تێڕوانینی کەسەکان بۆ ژیان و داهاتوو، زۆر فاکتەری تری نیۆرۆبایۆلۆژی کەسەکان و پێکهات و کارایی لایەنی مێشک و دەمار دەگەڕێتەوە. هەموو ئەمانە پێکەوە ڕۆڵ دەبینن لە دیاریکردنی ئامادەیی کەسەکان بۆ کەوتنە ژێر کاریگەری تەنگەژێ و ڕووداوە زەبراوییە جیاوازییەکان و دەرەنجامەکان، ئەمانە هۆکارناسیی نەخۆشیی تەنگەژێ و زەبری دەروونی و کۆمەڵێک نەخۆشی دەروونی کە پەیوەستن بە تەنگەژێ و زەبری دەروونییەوە.

بابەتی پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *


The reCAPTCHA verification period has expired. Please reload the page.

سەیری ئەمەش بکە
Close
Back to top button