ئایا بەکارهێنانی حەب بۆ نەخۆشی دەروونیی، کەسەکە تووشی خوگری دەکات؟

ئایا بەکارهێنانی حەب بۆ نەخۆشی دەروونیی، کەسەکە تووشی خوگری دەکات؟
لەم سەردەمەی ئێستادا، کە کێشە دەروونییەکان وەک خەمۆکی، دڵەڕاوکێ، و نەخۆشییە دەروونییەکانی دیکە کە ڕێژەی بەربڵاوبوونیان بەرەو زیاد بوون دەڕوات، بەکارهێنانی دەرمانە دەروونییەکان یەکێکە لە رێگە سەرەکییەکانی چارەسەر کە لەلایەن پزیشکەکانەوە پێشنیار دەکرێت. بەڵام یەکێک لە پرسیارە سەرەکییەکان کە زۆرجار لەلایەن نەخۆشەکان و خێزانەکانیانەوە سەرهەڵدەدات ئەوەیە: “ئایا بەکارهێنانی حەب بۆ نەخۆشی دەروونیی کەسەکە تووشی خوگری یان ئالوودەبوون دەکات؟” لەم وتارەدا، بە شێوەیەکی سادە باس لەم بابەتە دەکەین، ئەگەرەکانی خوگری، جۆرەکانی دەرمانە دەروونییەکان، و چۆن دەبێت ئەم دەرمانانە بە شێوەیەکی سەلامەت بەکاربهێنین.

دەرمانی دەروونیی چییە و چۆن کار دەکەن؟
دەرمانە دەروونییەکان (Psychotropic Medications) ئەو دەرمانانەن کە بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشییە دەروونییەکان وەک خەمۆکی، دڵەڕاوکێ، نەخۆشی دووجەمسەری، یان شیزۆفرینیا بەکاردەهێنرێن. ئەم دەرمانانە کاریگەرییان لەسەر مێشک و سیستمی دەماری دەبێت، کە دەتوانن کۆنتڕۆڵی هەستەکان، بیرکردنەوە، و رەفتارەکان بکەن. بۆ نموونە، دەرمانەکانی دژەخەمۆکی وەک SSRIs (Selective Serotonin Reuptake Inhibitors) یارمەتی زیادکردنی ئاستی ماددەی کیمیایی “سیرۆتۆنین” لە مێشکدا دەدەن، کە دەتوانێت هەستە نەرێنییەکان کەم بکاتەوە.ئەم دەرمانانە زۆرجار لەلایەن پزیشکێکی دەروونیی یان پزیشکێکی پسپۆڕ پێشنیار دەکرێن و بە شێوەیەکی چاودێریکراو بەکاردەهێنرێن. گرنگە کە نەخۆشەکان بە وردی رێنماییەکانی پزیشکەکەیان جێبەجێ بکەن، چونکە بەکارهێنانی نادروست دەتوانێت کێشەی تەندروستی دروست بکات.
خوگری چییە و چۆن دروست دەبێت؟

خوگری یان ئالوودەبوون بە دەرمان (Addiction) دۆخێکە کە کەسەکە ناتوانێت بەکارهێنانی دەرمانەکە بوەستێنێت، تەنانەت ئەگەر کێشەی تەندروستی یان کۆمەڵایەتی دروست بکات.
خوگری دەتوانێت بە دوو شێوە دروست ببێت:
- خوگری دەروونی، کە کەسەکە هەست دەکات پێویستی بە دەرمانەکە هەیە بۆ ئەوەی “ئاسایی” بێت
- خوگری جەستەیی، کە جەستەی کەسەکە پێویستی بە دەرمانەکە دەبێت بۆ ئەوەی کار بکات.
هەندێک لە دەرمانە دەروونییەکان، بە تایبەت ئەو عیلاجانە کە بۆ کەمکردنەوەی دڵەڕاوکێ یان کێشەی خەو بەکاردەهێنرێن (وەک Benzodiazepines، بۆ نموونە Valium یان Xanax)، مەترسییەکی زۆریان هەیە بۆ دروستکردنی خوگری، بە تایبەتی ئەگەر بۆ ماوەیەکی زۆر و بە بڕی زۆر بەکاریبهێنن. بەڵام زۆربەی دەرمانە دەروونییەکانی دیکە، وەک دژەخەمۆکییەکان یان دەرمانەکانی دژەدەروونپەرتی(سایکۆز)، بە گشتی مەترسی خوگرییان کەمترە، و ڕۆڵی ئەم عیلاجانە کۆنتڕۆڵکردنی نیشانەکانی نەخۆشییەکەیە.
ئایا هەموو دەرمانە دەروونییەکان خوگری دروست دەکەن؟
نا، هەموو دەرمانە دەروونییەکان خوگری دروست ناکەن. بەپێی توێژینەوەکان، زۆربەی دەرمانە دەروونییەکان کە بە شێوەیەکی دروست و لەژێر چاودێری پزیشک بەکاردەهێنرێن، مەترسی خوگرییان نییە یان زۆر کەمە. بۆ نموونە:
دەرمانە دژەخەمۆکییەکان: وەک Fluoxetine (Prozac) یان Sertraline (Zoloft)، بە شێوەیەکی گشتی خوگری دروست ناکەن. بەڵام ئەگەر کەسەکە بە یەکجار بەکارهێنانیان بوەستێنێت، لەوانەیە تووشی نیشانەکانی وەک سەرگێژخواردن یان دڵەڕاوکێ ببێت، کە ئەمە پەیوەندی بە خوگرییەوە نییە، بەڵکو بەهۆی گۆڕانی کیمیای مێشکەوەیە.
دەرمانە دژەنیگەرانییەکان: وەک Benzodiazepines، مەترسی خوگرییان زیاترە، بە تایبەتی ئەگەر بۆ ماوەیەکی زۆر بەکاریانبهێنن. بۆیە پزیشکەکان زۆرجار ئەم دەرمانانە بۆ ماوەی کەم و بە بڕی کەم پێشنیار دەکەن.
دەرمانە دژەدەروونپەرتییەکان(سایکۆز): ئەم دەرمانانە، کە بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشیی وەک شیزۆفرینیا و وەهم کە لە واقیع دووردەکونەوە بەکاریان دەبەن، بە گشتی خوگری دروست ناکەن، بەڵام پێویستیان بە چاودێری ورد هەیە.
چۆن دەتوانین مەترسی خوگری کەم بکەینەوە؟

بۆ ئەوەی مەترسی خوگری کەم بکرێتەوە، گرنگە کە نەخۆشەکان و پزیشکەکان پەیڕەوی لە هەندێک رێنمایی بکەن:
- بەکارهێنان لەژێر چاودێری پزیشک: دەرمانە دەروونییەکان نابێت بەبێ ڕێنمایی پزیشک بەکاربهێنین. پزیشکەکان بە وردی بڕی دەرمان و ماوەی بەکارهێنانی دیاری دەکەن بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکان.
- بەڕێوبردنی رێنماییەکان: نەخۆشەکان پێویستە بە وردی رێنماییەکانی پزیشکەکەیان جێبەجێ بکەن و دەرمانەکە بە سەرخۆی کەم و زیاد نەکات یان بە یەکجار وازی لێ نەهێنێت.
- بەکارهێنانی دەرمان بۆ ماوەی کەم: بۆ دەرمانەکانی وەک Benzodiazepines، پزیشکەکان زۆرجار پێشنیاری بەکارهێنانی کاتی دەکەن (بۆ نموونە، چەند هەفتەیەک) بۆ کەمکردنەوەی مەترسی خوگری.
- پشتیوانی لە چارەسەری دیکە: چارەسەری دەروونی بە شێوەی گرووپ یان چارەسەری تاکەکەسی دەتوانێت یارمەتی کەمکردنەوەی پێویستی بە دەرمان بدات، چونکە ئەم شێوازانە یارمەتی کەسەکە دەدەن کە شێوازی نوێی مامەڵەکردن لەگەڵ کێشەکانی فێرببێت، و کایگەری حەب و عیلاجەکە زیاد دەکات.
- وازهێنان بە شێوەیەکی پلانبەندکراو: ئەگەر پێویست بوو دەرمانەکە بوەستێت، پزیشکەکان زۆرجار پلانێکی کەمکردنەوەی بڕی دەرمانەکە دەخەنەڕوو بۆ کەمکردنەوەی نیشانەکانی وەستاندن.
کارریگەری لاوەکی وەستاندنی حەب بۆ نەخۆشی دەروونیی

کاریگەرییە لاوەکییەکانی وەستاندنی خۆبەخۆی دەرمانەکانی دەرونیی وەک: حەب و دەرزی دەتوانن سەخت و مەترسیدار بن، چونکە ئەم دەرمانانە زۆرجار بۆ رێکخستنی ماددە کیمیاییەکانی مێشک بەکاردەھێنرێن و دەبێت لە ژێر چاودێری پزیشکدا ببێت و وەستاندنی یکجاری لە لەش و دەروونیی کەسەکە کێشە و گرفت دروست دەکات. لە خوارەوە بە گرنگترین کاریگەرییەکان ئاماژە دەکەم:
- گەڕانەوە یان توندبوونی نیشانەکانی نەخۆشی:
نیشانەکانی نەخۆشییە سەرەکییەکە (وەک خەمۆکی، دڵەڕاوکێ، شیزۆفرینیا یان دووجەمسەری و …) لەوانەیە بە توندی زیاتر بگەڕێنەوە. ئەمە لە ھەندێک کاتدا بە “کاریگەری گەڕانەوە” ناسراوە. - نیشانەکانی وەستاندنی دەرمان:
زۆربەی دەرمانە دەرونییەکان (وەک دژەخەمۆکییەکان وەک SSRIs یان بێنزۆدیازەپینەکان) ئەگەر یەکجاری بیانوەستێنین، نیشانەی وەستاندن دروست دەکەن، وەک: - سەرئێشە، سەرگەردان
- بێخەوی یان زۆر خەوی
- دڵەڕاوکێ، تووڕەیی یان ھێرشی پانیک
- ھەستی “شۆکی کارەبایی” لە مێشکدا (لە ھەندێک دژەخەمۆکی)
- ئارەقکردن، لەرزین یان لێدانی دڵ
- زیادبوونی مەترسی خۆکوشتن:
لە ھەندێک کەسدا، بەتایبەت ئەوانەی خەمۆکی یان کێشەی کەمخەوییان ھەیە، وەستاندنی یەکجاری دەرمان بە ئەگەری زۆرەوە دۆخی دەرونی خراپتر و بیرکردن بە خۆکوشتن زیاد دەکات. - کێشەی لەش و دەروونیی ماوەدرێژ:
وەستاندنی یەکجاری ھەندێک دەرمان (وەک لیتیۆم بۆ نەخۆشی دووجەمسەری) بە ئەگەری زۆرەوە مەترسی گەڕانەوەی سەختی نەخۆشی یان عەرزەی لەشی وەک تەزوو (لە ھەندێک دەرمانی دژەتەزووی دەرونی) زیاد دەکات. - بەرگەگرتن بە چارەسەری دەروونیی لە داھاتوودا:
وەستاندنی خۆبەخۆ لەوانەیە کاریگەری دەرمانەکان لە چارەسەری داھاتوودا کەم بکات، چونکە لەش و مێشک دەشێت بە شێوەیەکی جیاواز وەڵامی دەرمان بدەنەوە.
نەنگی کۆمەڵایەتی و تێگەیشتنەکان لە کۆمەڵگەدا

بەکارهێنانی دەرمانە دەروونییەکان وەک نەنگ سەیر دەکرێت، و زۆربەی خەڵک لەوە دەترسن کە دەرمانەکان بیانکاتە کەسێکی “ئالوودە”. ئەم تێگەیشتنە نادروستە زۆرجار لە نەبوونی زانیارییەوە سەرچاوە دەگرێت. گرنگە کە خەڵک تێبگەن کە دەرمانە دەروونییەکان، کاتێک بە شێوەیەکی دروست بەکاربهێنرێت، دەتوانن تەندروستی دەروونی باشتر بکەن و یارمەتی کەسەکە بدەن کە ژیانێکی ئاسایی بژیت.هەروەها، گرنگە کە کێشەی خوگری لەگەڵ پێویستی جەستەیی بە دەرمان جیا بکرێتەوە. بۆ نموونە، کەسێک کە دەرمانی دژەخەمۆکی بەکاردەهێنێت، لەوانەیە جەستەی عادت بکات بە دەرمانەکە، بەڵام ئەمە مانای ئالوودەبوون نییە. ئالوودەبوون پەیوەندی بە هەستکردن بە پێویستی دەروونی بە دەرمانەکە هەیە، نەک تەنها پێویستی جەستەیی.
ئایا چارەسەرییەکانی دیکە هەن کە پێویستیان بە دەرمان نەبێت؟
بەڵێ، چارەسەرییەکانی دیکە وەک چارەسەری دەروونی بە شێوەی گرووپ، چارەسەری تاکەکەسی، یان تەکنیکی کەمکردنەوەی ئسترێس (وەک تێڕامان و یۆگا) دەتوانن یارمەتیدەر بن بۆ چارەسەرکردنی کێشە دەروونییەکان بەبێ ئەوەی پێویستیان بە دەرمان بێت. بەڵام لە هەندێک حاڵەتدا، وەک نەخۆشییە دەروونییە قورسەکان، دەرمانەکان پێویستن بۆ کۆنتڕۆڵکردنی نیشانەکان. ئەوەی کە کام جۆر لە چارەسەری دەروونیی بۆ کێشەیەکی دیاریکراو گونجاوترە پێویستە قسەی زیاتری لەسەر بکرێت، بۆیە لە بابەتێکی جیاوازدا بە ڕوونی باسی دەکەین.
زۆرجار، ئامانج ئەوەیە کە دەرمانەکان وەک بەشێک لە پلانی چارەسەری گشتی بەکاربهێنین، کە دەتوانێت چارەسەری دەروونی و گۆڕینی شێوازی ژیانیش لەخۆ بگرێت.
کۆتایی

بەکارهێنانی حەب بۆ نەخۆشی دەروونی، کاتێک لەژێر چاودێری پزیشک بە شێوەیەکی دروست بەکاربهێنرێت، زۆرجار سەلامەتە و خوگری دروست ناکات. هەندێک دەرمان، وەک Benzodiazepines، مەترسی خوگرییان هەیە، بەڵام بە بەکارهێنانی کاتی و چاودێریکراو، ئەم مەترسییە دەتوانێت کەم بکرێتەوە. گرنگە کە نەخۆشەکان لەگەڵ پزیشکەکانیان گفتوگۆی ئاشکرا بکەن و لەسەر سوودەکان و مەترسییەکانی دەرمانەکان زانیاری وەربگرن. هەروەها، پەیڕەوی لە شێوازی ژیانی تەندروست و بەکارهێنانی چارەسەرییەکانی دیکە دەتوانێت یارمەتی کەمکردنەوەی پێویستی بە دەرمان بدات یان کایگەری دەرمانەکە زیاد بکات. لە کۆتاییدا، ئامانجی سەرەکی چارەسەری دەروونی ئەوەیە کە کەسەکە بتوانێت ژیانێکی تەندروست و بەختەوەر بژیت، و دەرمانەکان تەنها یەکێکە لە ئامرازەکانی ئەم پرۆسەیە.