نەخۆشیەکان

هۆکارناسیی ناکارییە سێکسییەکان

هۆکارناسیی ناکارییە سێکسییەکان :

دۆزینەوەی هۆکارناسیی گرفتەکانی پەیوەست بە ناکاراییە سێکسییەکان، پەیوەستە بە ئەندازە و چۆنایەتی تێڕوانینی ئیمە لەبارەی خۆدی سێکس. لە ڕاستیدا بینینی سێکس وەک جۆرێک لە خاوەنی مێژوویەکی دیاریکراوە، بە درێژایی مێژوو بابەتی سێکس و سێکسواڵێتی بە ڕێژەیێکی زۆر وەلا نەدراوە، بەشێکی ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە گرینگینەدانی زانستیانە بە خودی سێکس و بەشێکی تریشی پەیوەستە بە گرینگینەدان بە مێینە لە ناو مێژینەی زانستە دەروونییەکانی پەیوەست بە ڕەگەزەی مێ و ڕەگەزەکانی تریش. وەلانانەکە بەو مانایەی خوێندنەوەی زۆری لابەلای ناوردی خەیاڵی و کەسییانە خراونەتە ڕوو، بەڵام ئەوانە بە مانای تێگەیشتنێکی تەواو و کامڵی تێگەیشتن لە خۆدی سێکس نیین. زۆربەی ئەو بابەتانەی خرانەتەڕوو هەتا پێش سەدەی نۆزدەیەم و بەشێکی زۆری تریشیان نازانستی، ئەدەبی و فەلسەفین. بە گشتی و لە خۆڕا کار لە سەر بەهای هەبوونی سێکس وەک دیاردەیەکی بایۆفیزیکی و تایبەتمەندییەکی مرۆیی قسەی لەسەر کراوە، نەک خۆدی ڕامان لە سێکس وەک پرۆسە یان ناوەڕۆکی سێکس و بنەماناسی و ڕیشەناسی سێکس.

هەندێکجار  دەرمانە دەروونییەکان وەک دژە خەمۆکییەکان و بەشێکی تریان، کاریگەری ڕاستەوخۆ لەسەر کەمکردنەوە و لاواز کردنی ئاستی کارایی سێکسی تاکی مرۆیی بە جێ دەهێڵن. زۆربەی جارەکان پسپۆڕە دەروونییەکان لە بیریان دەچێتەوە ئەم بابەتە بە هاوژینەکان یان کەسانی خاوەن هاوژین و هاورێ و هاوسەر بڵێن، چونکە زۆربەی جارەکان دەکرێت ئەمە گرفتی خێزانی تر بە دوای خۆیدا بهێنێت. دەرمانەکانی وەک دژە خەمۆکییەکان و پرۆزاک و زۆلۆفت بۆ نموونە لەوانەن ڕاستەوخۆ کاریگەری دادەنێن، زۆربەی کاتەکان گرفت لە ئورگاسم و ڕەپبوون و ئاووهاتنەوە و زۆر لایەنی تری ناکاراییە سێکسییەکاندا دروست دەکەن، ئەمە بەدەر لە بەشێکی تری دژەدڵەڕاوکێ و دژەسایکۆتیکەکانیش.

زۆر بابەتی وەکوو شەرم، نەبوونی متمانەی پێویست، نەبوونی زانیاریی دروست لە چۆنییەتی مامەڵەکردن لە دەستپێکی سێکس، گۆنجانی شوێن و ژوور و جێگە، بۆنی شوێنی ئەنجامدانی سێکس، ئاستی توڕەیی، ڕەقی کەسەکان لە ڕووی هەڵچوون، ساردوسڕی پەیوەندی نێوان هاوژینەکان و هاوڕێکان، هەموو ئەمانە دەبنە هۆکاری لێکەوتەی نەخوازراو، دەرەنجامەکانیان لە ئاست و چۆنایەتی کردەیی سێکسیش دەردەکەوێت.

ئەو کەسانەی هەست بە هێمنی و دڵنیایی لە پەیوەندییەکانیاندا ناکەن بە تایبەتی هاوژینەکان، زیاتر ئەگەری هەیە ڕووبەڕووی گرفتی ناکارییە سێکسییەکان ببنەوە. هەندێک لە توێژینەکان ئاماژە بەوە دەکەن ئەو پیاوانەی لە شوێن و کاتی نەگۆنجاو ئەزموونی سێکسی بە پەلە و خێرایان هەیە بە هەر هۆکارێک بێت، بۆ نموونە سێکس لە بارودۆخێکی پڕ لە دڵەڕاوکێ و ترسی زۆر، سێکسکردن بە دزییەوە لە شوێنێکی نەگۆنجاو کە پێویستە لە ماوەیێکی کەمدا ئەنجام بدرێت، زۆر جار کەسەکە ئەزموونی لەم جۆرەی زۆر بێت لەوانەیە ببێتە خوویێکی ڕەفتاری م خێراتر توشی گرفتی ئاوهاتنەوە ببێت.

ڵەنەبوونی زانیاری بنەمایی لەبارەی چۆنییەتی ئەنجامدانی سێکس و لە بەرچاوگرتنی لایەنی هەست و سۆزی کەسی بەرانبەر کردەی ڕۆمانتیکی ورد و هەستبزوێن. جەختکردنەوە لەسەر کۆئەندامی سێکسی بە تەنیا و جەختکردنەوە لەسەر ئاوهاتنەوە بەخێرایی وەک ئەوەی بەگشتی لە کۆمەڵگە نەریتییە پیاو ساڵارەکاندا باو بووە،کۆی پرۆسەی سێکسی لە ئاوهاتنەوەی پیاو کۆتایی پێ هاتووە، پیاوەکان لە دوای ئاو هاتنەوە یەکسەر لە جێگەکە هەستاونەتەوە و کەسەکەی تریان بە جێ هێشتووە، بە پێی هیچ گوێپێدانێک کە بەرانبەرەکەشی پێویستی بە ئەزموون و کردەی سێکسی هەیە. هەموو ئەمانە ئەگەر زۆر دووبارەببنەوە خووی نەگۆنجاوی نائاسایی لای مێینە و نێرینەی تاکی مرۆیی دروست دەکەن، یاساکەش جێگیرە ئەگەر تۆ دڵی هاوژین یان هاوڕێگەکەت ڕانەگریت، کەسێکی تر ڕایدەگرێت.

یکێک لە بابەتە هەرە گرنگەکانی پەیوەست بە ناکاراییە جیاوازە سێکسییەکان، بابەتی گرفت و نەخۆشی دەروونییە. توێژینەوەکان ئەوەیان خستووەتەڕوو کەسانێک توشی خەمۆکی دەبن دوو هێندەی کەسانی ئاسایی توشی گرفتی ناکاراییە سێکسییەکان دەبن. زۆربەی کاتەکان هەر خۆدی خەمۆکی وەک سیستەمێکی نێگەتیڤی هزری لە ناو زەینی کەسەکە جۆرێک لە فشاری دەروونی و زەینی لە ناو تاکی توشبوودا دروست دەکات، ئەمەش خواست و حەزی سێکسی لای کەسەکە زۆر کەم دەکاتەوە. ئەو کەسانەی توشی نۆبەی پانیک دەبن، ئەو کەسانەی ئاستێکی بەرزی دڵەڕاوکێیان تێدایە توشی گرفتی جۆراوجۆرەکانی ناکارییە سێکسییەکان دەبن.

بە هۆی ئەو دڵەڕاوکێیە هەیانە، کەسانێک بەردەوام ڕەخنە لە خۆیان و قەبارەی ئورگانی سێکسی خۆیان دەگرن. ئەو کەسانەی تێڕوانینێکی نێگەتیڤ و ترسی زیاتریان هەیە بەرانبەر ئاستی نواندنی سێکسی خۆیان، زیاتر لە کەسانی تر ئەگەری هەیە توشی ناکارایی سێکسی و کێشەی ڕەپبوون و ئاوهاتنەوە ببن. ئەمە لە برانبەردا ئەو ژنانەی بە پێی پێوەر و ستانداردەکانی خۆیان سێکسیان لەفەڵ ئەنجام دەدرێت، باشتر لەوانی تر قۆناغەکانی بازنەی سێکسی دەبڕن و زیاتر ڕەزامەندن، هەرا ئەوانەی گرنگی بە خواستەکانیان نادرێت، بۆ نموونە هەندێک لە تاکی مرۆیی حەزی لە سێکسی ئارام و هەندێکی تر حەزیان لە سێکسی تۆندە، هەندێک لە سەرەتا حەزیان بە جۆڵەی ئیرۆتیکی و ڕۆمانسییەت و دواتر قۆناغ بە قۆناغ حەزیان لەوەیە چۆنایەتی کردە سێکسییەکان تۆندتر دەبێت، هەموو ئەمانە گرنگن لە وروژان و بنیادنانی حەز و خواستی سێکسی و گەیشتن بە ئورگاسم و ڕەزامەندیێکی سێکسی دیاریکراودا.

لە کۆمەڵگای کوردی ئەمڕۆکە بەشێکی زۆری ئەو مێینانەی خەتەنەکراون بە ئەستەم دەتوانن بگەنە پلەی ئورگاسم، ئەگەری هەیە بۆ شاردنەوی ئەو کەموکوڕییەی بە داخەوە توشیانبووه بە هۆی نەریتێکی کەموکوڕی هەم ئایینی هەم کەلتووری، بە ناڕاستی وەها پیشان بدەن گەیشتوونەتە پلەی ئورگاسم و هات و هاوار بکەن، ئەمە مەرج نییە لە ناو هەموویاندا ئەزموون بکرێت، چونکە لەبەر ئەوەی بابەتی خەتەنەکردن بابەتێکی لاکۆڵانی و ناپڕۆفیشناڵە و ئەگەری زۆری هەیە بەشێکی زۆریان نەک هەر خەتەنە بگرە بە شێوەیەکی زیانبەخش زیان بە هەستەوەرەکانی لێوەکانی ئورگانی مێینەیان گەیشتبێت و بە ڕێژەیێکی زۆر کەم نەبێت لەوانەیە نەتوانن چێژ ببینن.

لە سەر بنەمای کۆمەڵێکی زۆر فاکتەری وەک خۆدزینەوە لە لێپێچینەوە گوێڕایەڵی نۆرمەکان و جێبەجێکردنیان، ترس لە هەڵوەشاندنەوەی خێزان و لەدەستدانی منداڵ و پێگە، خۆبردنەپێشەوەی نادروست، ترس لە توندوتێژی ئەنجامدان بەرانبەری، ئەمانە و زۆر لایەنی تر، مێینەکان هەبدێکجار پەنا بۆ ئورگاسمی ناڕاست و درۆینە دەبەن. هەندێکجاریش ئەوە لە لایان ڕوونە کاتێک ئەمان هاوار دەکەن و باسی ئەوە دەکەن خەریکە ئاویان دێتەوە، ئیتر نێرینەی هاوژینی لەو کاتەدا زیاتر پیاوبوونی خۆی و نێرینە بوونی خۆی بۆ دەردەکەوێت، زیاتر چێژ لە خۆی وەک نێرینە دەبینێت، ئیتر ئەویش دەست بە ئاوهاتنەوە دەکات، بەم جۆرە مێینەکان نێرینەکان دەخەنە ناو تەڵەیەکی خۆشەوە و ئاو بەوان دەهێننەوە و خۆیان نا.

یکێکی تر لەگرفتە بنەماییەکان لای نێرینە، بابەتی ڕەپبوونە، کەسانێک هەن درەنگ ئورگانی سێکسی نێرینەیان ڕەپ دەبێت، یان بۆ ماوەیێکی زۆر کەم ڕەپ دەبێت و خاو دەبێتەوە. لە پشت ڕەپ بوونەوەزۆر فاکتەری هۆرمۆنی، هەناوی،  نیۆرۆلۆژیک و چەندین گوێزەرەوەی دەماری ڕۆڵ دەبینن. لە زۆر سەرچاوەی دەرەکی وەک بۆن و دەنگ بینینی شتی وروژینەرەوە سیگناڵ و ئاماژە وەردەگرێت، وروژاوی کەسەکە وردە وردە شێوەی نامەی دەماری بەرەو ئورگانی نێرینە کەسەکە پەیامی جۆراوجۆر دەنێرێت.لە بنەمادا ناکارایی لە ڕەپبوون بریتییە لە بێتوانایی لەهەبوونی یان بەدەستهێنانی ڕێژەیەکی پێویست و مانەوە لە حاڵەتی ڕەپبوون، بە ئامانجی گەیشتن بە جۆرێک لە ڕەزامەندی لە نواندنی سێکسی لەگەڵ بەرانبەردا. لای مێینەی تاکی مرۆیی لە کاتی ئەزموونی پرۆسەی سێکسی و بەتایبەتی لە کاتی پرۆسەی تێخستن لەگەڵ نێرینەدا، گڕووپێک لە مێینەکان توشی ئازارێکی زۆر دەبن، ئەگەری هەیە هەندێکجار هێندە ئەم ئازارە زۆر بێت لە کاراییان بخات و نەتوانن سێکس ئەنجام بدەن. ێەگەر ئاستی ئەمە ئازار زۆر بێت لەوانەیە لێیان ببێت بە نەخۆشی چونەناوەوە. تێوەرەکانی هۆکارناسی لەم بارەیەوە ئاماژە بە چەندین لایەنی هۆکارناسی دەکەن، بەشێک لە توێژەران لەم بارەیەوە ئاماژە بەو ژنانە دەکەن لە پاش ئەنجامدانی نەشتەرگەری لە حەوز و منداڵان و ناوچەی دەوروبەری ئورگانی مێینەیان نێرڤەکان و کۆی پرۆسەی گواستنەوەی ئازاری دەماریی توشی گرفت دەبێت، لەوانەیە لە ئەندازەی ئاسایی زیاتر هەستەوەری بنوێنن. لەوانەیە کەسەکە توشی جۆرە جیاوازەکانی هەو کردن بووبێت، لەوانەیە پێستی ناوەوە و لێوارەکانی ناوەوەی ئورگانی مێینە توشی هەو کردن و برینداری بووبێ. ئەمەو کۆمەڵێکی زۆری تری گرفتی هاوپەیوەست، دەبێت پسپۆڕانی ژنان و سێکس لەم بارەیەوە بە وردی ڕاوێژیان پێ بکرێت. بەدەر لەمەش بەشێک لە هۆکارناسیی بنەمایی ئەم گرفتە پەیوەستە بە هەبوونی ئەزموونی نەخوازراو و دەستدرێژی سێکسی لای کەسەکە، یان هەبوونی جۆرێک لە سکیمای نێگەتیڤ لەبارەی چەمکی سێکس. بەگشتی ئەو کەسانەی تێگەیشتنێکی هەڵە و کەمو کوڕیان لەبارەی سێکس هەیە. توێژینەوەکان ئاماژەیان بەوە کردوە لە کەسانی تر زیاتر هەست بە ئازار و ناخۆشی دەکەن، ئەمە بەدەر لە زۆر فاکتەری وەک چۆنییە تێڕوانین بۆ خود، بۆ لاشە و ئاستی متمانەبەخۆبوون، ئاستی شەرم و هەستی دڵنییایی و خوازراوی لەناو دەروونیدا. کەسانێک هەن لە پرۆسەی سێکسدا ئەم نەخۆشییە تایبەتە بە مێینە، هیچ هەست بە هەبوونێکی ئەکتیڤ و کارا لە ناو پرۆسەکەدا ناکەن، زۆرجار کلتوورەکان و ئایینەکان و باوەڕە نەریتییەکان کەسەکانی ناو کۆمەڵگاکان، وەها وێنەی ژن و مێینە لە کاتی سێکسدا دەنەخشێنن، دەبێت بوونەوەرێکی قسەنەکەر و گوێڕایەڵ و فەرمانبەری مێردەکەی یان هاوژینەکەی بێت. ئەو هەرچۆنێک و هەرچی بوێت لە چەندی و چۆنییەتی، دەبێت ئامادە و گوێڕایەڵ بێت. ئەمە خۆی لە خۆیدا کاریگەرییەکی نەخوازراو و زۆر نێگەتیڤ لەسەر لایەنی دەروونی مێینە دروست دەکات، پەرچدانەوەکە لەوانەیە هەندێکجار لە شێوەی ئازارێکی فیزیکی هەستپێکراو خۆی پیشان بدات.

بابەتی پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *


The reCAPTCHA verification period has expired. Please reload the page.

سەیری ئەمەش بکە
Close
Back to top button