خەمۆکی چییه؟

خەمۆکی چییه؟
خەمۆکی یەکێکە لەو وشانەی کە لە پزیشکی دەروونیدا بەکاردێت و بێگومان یەکێکە لە ناڕوونترین وشەکان. خەمۆکی حاڵەتێکە لە باری دەروونی، بریتییە لە بێزاری و دوورکەوتنەوە لە چالاکیی یان بێباکی و دوودڵی و دەتوانێت کاریگەری لەسەر بیرکردنەوە و ڕەفتار و هەست و دڵخۆشی و خۆشگوزەرانی کەسەکە هەبێت.
خەمۆکی نەخۆشییەکە کە تایبەتمەندی سەرەکییەکەی گۆڕانی باری دەروونی و هەستکردن بە دڵتەنگی لەخۆدەگرێت کە دەتوانێت لە نائومێدییەکی سووکەوە دەست پێبکات تا هەستکردن بە نائومێدییەکی زۆر. ئەم گۆڕانە باری دەروونی تا ڕادەیەک بەردەوامە و بۆ چەند ڕۆژێک، هەفتەیەک، چەند مانگێک یان ساڵانێک دەخایەنێت وهاوکات لەگەڵ ئەم گۆڕانی باری دەروونی ، گۆڕانیکاری کەسی لە ڕەفتار و هەڵوێست و بیرکردنەوە و کارایی و کردارە جەستەییەکاندا هەیە(ئێلینفۆردیس، وەرگێڕانی پۆرافکاری ١٣٦٤).
خەمۆکی لە وشەی “دێپرێشێن” واتە “دی”بە مانای کەمکردنەوەی کەمی و نەبوونی و”پرێشێن” واته توانا ، فشار و هێز. ئەم وشەیە تایبەت نییە بە پرسە دەروونییەکان.
ئەو کەسانەی تووشی نەخۆشی خەمۆکی دەبن،لەوانەیە زیاتر سەرنجیان لەسەر کەموکوڕییەکانیان بێت، تەرکیزکردن و گرنگیدانیان بۆیان قورس دەبێت. ئەم کەسانە زۆربەی شتەکان بە نەرێنی دەبینن و هیوایان لەدەست دەدەن. جگە لە نیشانە دەروونییەکان، نیشانە جەستەیی و فیزییکی لەم کەسانەدا بەدی دەکرێن. ئەم نیشانانە بریتین لە ماندوێتی و دابەزینی ئاستی وزە لەگەڵ ئازاری جەستەیی. ئەم نیشانانە هەندێک جار بە ڕادەیەک بەرەوپێش دەچن کە دەتوانێت کەسێک قەناعەت پێبکات کە بەدەست نەخۆشییەکی جەستەییەوە دەناڵێنێت. ( سیمۆن، ڤان کرۆفت، پیسینێلی و هاوکارانی، ١٩٩٩).
جگە لەوەش ئەو کەسانەی بەدەست نەخۆشی خەمۆکییەوە دەناڵێنن، بە شێوەیەکی سەرەکی بەهۆی کێشەی خەوەوە (زۆر خەوتن یان کەم خەوی) ئازار دەچێژن. لە هەندێک کەسدا جووڵە و بیرکردنەوە خاوەکان ( خاوبوونەوەی دەروونی-جووڵەیی) و هەندێکی تر ناتوانن دابنیشن (نائارامی دەروونی-جووڵەیی) . ئەم کەسانە بە گشتی لە کۆمەڵگا دەکشێنەوە و پێیان باشە تەنیا و بێدەنگ بن (کرینگ و جۆنسۆن ٢٠١٢).
کەیسی کلینیکی
ماری تەمەنی ٣٨ ساڵە و دایکی ٤ منداڵە. بە ماوەی دوو مانگە بە قووڵی تووشى خەمۆکی بووە. دوو ساڵ لەمەوبەر گەڕایەوە سەر کارەکەی، چونکە مووچەی هاوسەرەکەی وەک مامۆستا بەشی خەرجی تەندروستی خێزانەکەی نەدەکرد ٧ مانگ پێش ئێستا بەهۆی جێهێشتنی کارەکەی وەک یاریدەدەری جێبەجێکار چووە لای پزیشکی دەروونناس،ئەم بابەتە فشارێکی زۆری دارایی خستە سەر خێزانەکە و وای لێکرد هەست بە تاوانباری بکات. هەر لێرەوە بوو کە نیشانەکانی نەخۆشییەکە دەرکەوت. هەموو شەوێک زیاتر لە کاتژمێرێکی دەویست تا خەوت لێکەوت و لە شەودا چەند جارێک لە خەو هەڵدەستیت. ئارەزووی خواردنی زۆر کەم بوو و بەهۆی ئەمەوە نزیکەی دە کیلۆی دابەزاندبوو. وزەیەکی زۆر کەمی هەبوو و کەمتر حەزی بۆ ئەو چالاکییانە نیشان دەدا کە لە ڕابردوودا بۆی سەرنجڕاکێش بوون. کارەکانی ماڵەوە بۆی زۆر قورس بوو و هاوسەرەکەی گلەیی لەم بابەتانە دەکرد. هاوسەرگیریەکەیان بۆ ماوەی دوو ساڵ بوو کە دەستکرد بوو و وە وزەی نەرێنی و کەمی ئەو؛دەبووە هۆی زیادبوونی دەمەقاڵە لە خێزانەکەدا. لە کۆتاییدا ڕوون بووەوە کە زۆرێک لە نیشانەکان جددی بوون(کرینگ و جانسون،2012).
نەخۆشی خەمۆکی سەرەکی چییه؟
بۆ دەستنیشانکردنی خەمۆکی سەرەکی پێنج نیشانەی خەمۆکی، دەبێت بەلایەنی کەمەوە بۆ ماوەی دوو هەفتە هەبێت ئەم نیشانانە دەبێت بریتی بن لە خەمۆکی باری دەروونی یان لەدەستدانی چێژ و حەز. نیشانەکانی تری وەک گۆڕانی خەو، ئارەزووی خواردن، تەرکیز و بڕیاردان، هەستکردن بە بەها، خۆکوشتن و خاوبوونەوە یان نائارامی دەروونی-جووڵەیی دەبێت هەبن( کرینگ و جۆنسۆن، ٢٠١٢).
هۆکارەکانی مەترسی و پێشبینیکەرانی نەخۆشی خەمۆکی سەرەکی چیین؟
- هۆکارە سروشتییەکان: بێزار بوون هۆکارێکی مەترسیدارە بۆ تووشبوون بە نەخۆشی خەمۆکی سەرەکی
- هۆکارە ژینگەییەکان: ئەزموونە زەبربەخشەکانی منداڵی، هەروەها بوونی ڕووداوی سترێساوی لە ژیاندا بۆ نەخۆشی خەمۆکی سەرەکی هۆکارێکی مەترسیدارە.
- هۆکارە فیزیۆلۆژی و بۆماوەییەکان: ڕێژەی تووشبوون بە نەخۆشی خەمۆکی سەرەکی لە خێزانی پلەی یەکەمی ئەو کەسانەی کە خەمۆکی سەرەکییان هەیە ٢بۆ 4جار هێندەی کەسانی دیکە زیاترە(کۆمەڵەی دەروونی ئەمریکی، ٢٠١٣).
بڵاوبوونەوەی نەخۆشی خەمۆکی سەرەکی
ئەم نەخۆشییە باوترین نەخۆشییە دەروونییەکانە لە ئەمریکادا لە ماوەی یەک ساڵدا ڕوودانی ئەم نەخۆشییە نزیکەی ٧%یە و ڕێژەی بڵاوبوونەوەی لە گرووپی تەمەنی ١٨ بۆ ٢٩ ساڵدا بە شێوەیەکی بەرچاو زیاترە لە کەسانی تەمەن ٦٠ ساڵ یان زیاتر ڕێژەی سەرهەڵدانی ئەم نەخۆشییە لە ئافرەتان 1.5 بۆ 3 هێندەی پیاوان زیاترە(کۆمەڵەی دەروونی ئەمریکی، ٢٠١٣). نزیکەی 0.5%ی خەڵک بەدەست فۆڕمی سوکی ئەم نەخۆشییەوە دەناڵێنن. نزیکەی 19%ی گەورەکان لە هەندێک کاتدا لە ژیانیاندا تووشی جۆری توندی ئەم نەخۆشییە دەبن. ژنان زیاتر لە پیاوان تووشی خەمۆکی گەورە دەبن. ڕێژەی تێکچوون لە منداڵاندا لە کوڕان و کچان نزیکەی یەکسانە. نزیکەی 85%ی ئەو کەسانەی کە ئەم نەخۆشییەیان هەیە چاک دەبنەوە و هەندێک لەو کەسانە بەبێ هیچ چارەسەرێک چاک دەبنەوە. نزیکەی 40%ی ئەم کەسانە لانیکەم یەک قۆناغی تری خەمۆکی لە ژیانیاندا تووشی دەبن. هەژاری یەکێکە لەو شتانەی کە لە نەخۆشی خەمۆکی سەرەکی ڕۆڵی هەیە، لە کەسانی هەژاردا ٣ هێندەی ئەو کەسانەی هەژار نین زیاترە.
تێکچوونی خەمۆکی بەردەوام(باری دەروونی خەمۆکی) چییه؟
ئەو کەسانەی ئەم نەخۆشییەیان هەیە بە شێوەیەکی درێژخایەن خەمۆکییان هەیە. ئەم کەسانە زیاتر لە نیوەی کاتەکان لە ماوەی دوو ساڵدا تووشی نیشانەکانی خەمۆکی دەبن، هەست بە دڵتەنگی و دڵپەشێوی دەکەن، ئەوان کەمتر لە کەسانی تر چێژ لە ژیان وەردەگرن؛ جگە لەو نیشانانەی سەرەوە، دوو نیشانەی تری خەمۆکییان هەیە. زیاتر جەختکردنەوە لەم نەخۆشییەدا درێژ خایەنیەتیە.