چۆن منداڵەکەم پەروەردە بکەم؟

چۆن منداڵەکەم پەروەردە بکەم؟
پەروەردەکردنی منداڵ گرنگترین ئەرکی دایک و باوکە
پەروەردەکردنی منداڵ: هونەر و زانستی پەروەردەکردنی نەوەی داهاتوو
پەروەردەکردنی منداڵ یەکێک لە کارە بەنرخانەکانە کە دایک و باوک دەتوانن بۆ منداڵەکەیان بیکەن. ئەگەر ئەم پەروەردەیە لەسەر بنەما و میتۆدی دروست بێت، دەتوانێت داهاتووی منداڵەکەی لە قاڵب بدات و بەرەو سەرکەوتنیان لە ژیانی کەسی و کۆمەڵایەتیدا ببات.
پەروەردەکردنی منداڵ یەکێکە لە ئەرکە گرنگەکانی سەرشانی دایک و باوکە و یەکێکە لە شێواوەکانی ژیانی خێزانە. پەروەردەکردنی منداڵ بە شێوەیەکی دروست نەک هەر داهاتوویان دادەڕێژێت، بەڵکو کاریگەری دادەنێت لە سەر تەندروستی دەروونی و کۆمەڵایەتی و ئەخلاقی کۆمەڵگادا. ئەم پرۆسەیە پێویستی بە ئاگاداری و سەبر و فێربوونی بەردەوام هەیە. ئەم بابەتە باس لە خاڵە گرنگەکانی بنەماکانی پەروەردەکردنی منداڵ و شێوازە جیاوازەکانی پەروەردەکردن و چارەسەرە کاریگەرەکان دەکات

بنەما بنەڕەتییەکان لە پەروەردەکردنی منداڵدا
پەروەردەکردنی منداڵ لەسەر چەند بنەمایەکی بنەڕەتی دامەزراوە، پابەندبوون پێیانەوە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ گەشەکردنی تەندروستی جەستەیی و دەروونی و کۆمەڵایەتی منداڵ
4خاڵی گرنگ بۆ پەروەردەکردنی منداڵ
١. خۆشەویستی بێ مەرج و بێ شەرت: منداڵ پێویستە بزانێت کە خۆشەویستە لەلایەن دایک و باوکیەوە، تەنانەت ئەگەر توشی هەڵە بێت و سەرکەوتوو نەبێت. هەستکردن بە ئاسوودەیی لە لایەن منداڵەوە ، بنەڕەتی متمانە بەخۆبوونی منداڵ پێکدەهێنێت
٢. سنوور و دیسپلینی ئەرێنی: دانانی سنووری ڕوون و گوڕانکاری یاساکانی خێزان بە ڕێز و یەکگرتووییەوە، منداڵ فێری دیسیپلینی ناوخۆیی و هەستکردن بە بەرپرسیارێتی دەکات
٣. پەیوەندی کاریگەر: گوێگرتنی چالاکانە و قسەکردنی ڕاستگۆیانە و دروستکردنی شوێنێکی کراوە بۆ دەربڕینی هەستەکان لە گرنگترین بنەماکانی پەیوەندی تەندروستن لەگەڵ منداڵان
٤. ڕۆڵی دایک و باوک: منداڵان زیاتر لاسایی ڕەفتاری دایک و باوکیان دەکەنەوە و وەکوو ئەوان هەڵسووکەوت دەکەن، لەوەی کە لە قسەکانیانەوە فێربن. ڕەفتاری بەرپرسیارانە و ڕاستگۆیانە و ڕێزدارانەی دایک و باوک کاریگەری ڕاستەوخۆیان لەسەر منداڵان هەیە
شێوازەکانی پەروەردەکردنی منداڵ
دەروونناسەکان بە شێوەیەکی گشتی شێوازەکانی پەروەردەکردن دابەش دەکەن بۆ چوار پۆلی سەرەکی
یەکەم: پەروەردەکردنی دەسەڵاتدار
دایک و باوکی دەسەڵاتدار هەم خۆشەویستن و هەم یاسای ڕوون و دادپەروەرانە دادەنێن. ئەم شێوازە پەیوەستە بە گەشەکردنی سۆزداری تەندروست و خۆبەگەورەزانین و بەرپرسیارێتی لە منداڵاندا

دووهەم: پەروەردەکردنی تاکڕەوانە
لەم شێوازەدا دایک و باوک لەڕادەبەدەر توند و کۆنتڕۆڵکەرن، بەبێ ئەوەی گرنگییەکی پێویست بە هەست و پێداویستییەکانی منداڵ بدەن. ئەم شێوازە دەبێتە هۆی دڵەڕاوکێ وخۆی بە کەم زانین و ڕەفتاری نهێنی

سێهەم: پەروەردەکردنی ڕێگەپێدراو
دایک و باوکی ڕێگەپێدەر سۆزێکی زۆر نیشان دەدەن بەڵام ڕێکخستن و چاودێرییەکی پێویستیان نییە. ئەم منداڵانە زۆرجار دیسیپلینی کەسییان نییە و بە نائۆمیدی لەگەڵ کێشە و گرفتەکاندا مامەڵە دەکەن
چوارەم: پەروەردەکردنی منداڵ بە کەمتەرخەم
لەم شێوازەدا دایک و باوک بێ ئاگان لە پێداویستییە سۆزداری و پەروەردەیی و ڕەفتارییەکانی منداڵ. ئەم جۆرە منداڵانە بەزۆری هەست بە ڕەتکردنەوە و بێ نرخبوون دەکەن و زیاتر تووشی زیان و نەخۆشی دەروونی و ڕەفتاری دەبن
ئاستەنگە باوەکان لە پەروەردەکردنی منداڵدا
پەروەردەکردنی منداڵ لە جیهانی ئەمڕۆدا چەندین ئاستەنگی لەگەڵدایە. بریتیە لە:
گۆڕانی ڕۆشنبیری و میدیایی: دەرکەوتووە منداڵانی ئەمڕۆ ڕووبەڕووی زانیاری و کاریگەریی میدیایی دەبنەوە، کە لەگەڵ بەهاکانی خێزاندا ناگونجن
فشارە ئابووری و کۆمەڵایەتیەکان: ڕەنگە دایک و باوک بەهۆی سەرقاڵی، فشاری دەروونی، یان کەمی کات نەتوانن کاریگەر بن لە ژیانی منداڵەکانیاندا
ململانێی نێوان نەوەکان: جیاوازی لە شێوازی ژیان و چاوەڕوانییەکان لە نێوان دایک و باوک و منداڵدا دەبێتە هۆی ناکۆکی و لێک تێنەگەیشتن
تەکنەلۆژیا و فەزای ئەلیکترۆنی: زیادەڕۆیی لە بەکارهێنانی مۆبایل و تابلێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئاستەنگی گەورەی لە چاودێریکردن و پەیوەندیکردن لەگەڵ منداڵان دروستکردووە

ڕێکاری کاریگەر بۆ پەروەردەکردنی سەرکەوتوو
سەرەڕای ئاستەنگەکان، بۆ باشترکردنی کوالیتی پەروەردەکردنی منداڵ چارەسەر هەیە
تەرخانکردنی کاتێکی کوالیتی: کوالیتی ئەو کاتەی دایک و باوک لەگەڵ منداڵەکانیان دایدەنێن
پەروەردەکردنی کارامەییەکانی ژیان: لەبری ئەوەی تەنها سەرنجت لەسەر سەرکەوتنی ئەکادیمی بێت، زۆر گرنگە فێری کارامەییەکانی وەکوو: بەڕێوەبردنی هەستەکان، هاوسۆزی، چارەسەرکردنی کێشەکان و بەرپرسیارێتی
بەکارهێنانی شێوازەکانی پەروەردەکردنی ئەرێنی. تەنانەت چەند خولەکێک گفتوگۆی قووڵ، دەتوانێت پەیوەندیی نێوان منداڵان و دایک و باوک بەهێزتر بکات. هاندانی ڕەفتاری باش لەبری ئەوەی سەرنجت لەسەر سزادانی ڕەفتاری خراپ بێت، کاریگەری ئەرێنی زیاتری هەیە لە پەروەردەکردندا
ئاگاداری لە قۆناغەکانی گەشەکردنی منداڵ: ئاگاداربوون لە تایبەتمەندییە دەروونی و ڕەفتارییەکانی هەر قۆناغێکی تەمەن یارمەتی دایک و باوک دەدات کە چاوەڕوانییەکی واقیعیتریان هەبێت
داننان بە هەڵەکانت: دایک و باوکیش مرۆڤن و لەوانەیە هەڵە بکەن.باشتر وایە هەڵەکانیان قەبووڵبکەن و قەرەبوویانکەنەوە

بۆ پەروەردەکردنی منداڵ دەبێت:
بە ڕێزەوە مامەڵە لەگەڵ منداڵەکەت بکە.وەکوو مرۆڤێک شایەنی ڕێزگرتنە کە وایە ڕێزی لێبگرە
گوێ بگرن چی دەڵێت. گوێگرتنی چالاک هەستێکی خۆش بە منداڵەکە دەدات
خۆشەویستی خۆت نیشان بدە. باوەشکردن و زەردەخەنەکردن و وتنی “خۆشم دەوێیت” مۆعجیزە دەکات
نموونەیەکی باش بۆ منداڵەکەت بە. منداڵەکانمان لە ڕەفتارەکانمانەوە فێر دەبن نەک لە قسەکانمانەوە
یاساکان بە ڕوونی بە منداڵەکەت تێبگەیێنە. منداڵ پێویستە بزانێت چی ڕێگەپێدراوە و چی ڕێگەپێنەدراوە
هاندەری بە بۆ بەرەوپێشکەوتن. نەک تەنها بۆ ئەنجامەکە، بەڵکو بۆ کۆڵنەدان و پێشکەوتن
کاتێکی پێویست لەگەڵیدا بەسەر بەرە. یاریکردن و قسەکردن و پێکەوەبوون زۆر گرنگە
هەستەکانی بە جددی وەربگرە، بایەخی بۆ دابنە. تەنانەت ئەگەر بەلای تۆشەوە گرنگ نەبێت
لە پەروەردەکردنی منداڵ نابێت:
نابێ گاڵتە بە منداڵەکەت بکەی. چوون متمانەی بەخۆی لە دەستدەدات
منداڵەکەت بەراورد مەکە بە منداڵانی تر، هەموو منداڵێک تایبەتە و جیاوازە لەگەگ منداڵانی تر
سزای جەستەیی بەکارمەهێنە. نە تەنیا کاریگەری پەروەردەیی نییە، بەڵکو زیانیشی هەیە
زیاد لە پێویست پارێزگاری مەکە. با ئەزموون بکات و فێربێت
بەڵێنێک مەدە کەناتوانی جێبەجێی بکەی. چوون بێمتمانەیی دروست دەکات
هەستە نەرێنییەکانت بەسەریدا مەهێنە دەرەوە. ئەو بەرپرسیار نییە لە کێشەکانت
بە مۆبایل و تەلەفزیۆن منداڵەکەت سەرقاڵ مەکە. پێویستی سەرەکی ئەو سەرنج و پەیوەندی ڕاستەقینەیە

لە کۆتاییدا
پەروەردەکردنی منداڵ بریتییە لە تێکەڵەبوونی خۆشەویستی و زانست و لێهاتوویی. شێوازێکی تەواو نییە، بەڵام ئەو دایک و باوکانەی کە بەردەوام هەوڵ دەدەن بۆ فێربوون و خۆئاگابوون، دەتوانن کاریگەرییەکی قووڵ و ئەرێنی لەسەر داهاتووی منداڵەکانیان هەبێت. پەروەردەکردنی منداڵ تەنها ئەرکی دایک و باوک نییە، بەڵکو ئەرکێکی مرۆییە کە بەهاکەی لە کات و شوێن تێدەپەڕێت .