گشتی

هۆکارناسیی نەخۆشییەکانی پەرشبوون

هۆکارناسیی نەخۆشییەکانی پەرشبوون

نەخۆشییەکانی پەرشبوون بە گشتی وەکوو ڕێگایەک بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی زەبر و تەنگەژێ گەشە دەکەن. زۆرجار ئەم تێکچوونانە لە کاتی منداڵیدا گەشە دەکەن، بەتایبەتی کاتێک منداڵ ڕووبەڕووی دەستدرێژی جەستەیی، سێکسی، یان سۆزداری درێژخایەن دەبێت، یان لە دۆخێکی ماڵەوە گەورە دەبێت کە زۆر ترسناک و پێشبینی نەکراوە. هەروەها، رووداوی فشار، شەڕ، یان کارەساتی سرووشتیش دەتوانێت هۆکاری توشبوون بە نەخۆشییەکانی پەرشبوون بێت. لە کاتی منداڵیدا ناسنامەی کەسایەتی گەشە دەکات، بۆیە منداڵەکان زیاتر لە گەورەساڵان توانایان هەیە کە هەنگاو بنێننە دەرەوەی خۆیان و سەیرکردنی ئەو ڕووداوە زەبراوییانە بکەن کە لە کەسانی تردا ڕوودەدات.

 ئیمڕۆکە هەندێک لە توێژینەوەکانیش لە بارەی هۆکارناسیی نەخۆشییەکانی پەرشبوون ئاماژە بەوە دەکەن، حاڵەتەکانی وەک بێکەسیاری و گرفت لە شووناسی خود و ناواقیعگەرێتی و پچڕانی ئاگایی بەشەکی و گشتی تاک لەگەڵ دونیای دەورووبەر و پەیوەست بە خۆی، دەکرێت فاکتەرێکی هاوکاری ناوەکی و هاوکات شوێنگەیی بن بۆ تاک، بۆ چوونەوە ناو خۆی، بۆ دوورخستنەوەی خودی تاک بێت لەو وێنە گەورەو گشتییەیلە ئەزموونی لە گەڵ زەبرێکی دەروونی گەورەدا توشی دەبێت و دەیەوێت لێی دوور بکەوێتەوە.

فاکتەرە مەترسیدارەکانی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی پەرشبوون

ئەو کەسانەی لە کاتی منداڵییدا تووشی دەستدرێژی سێکسی، جەستەیی، یان سۆزداری درێژخایەن دەبن، مەترسیی زیاتریان لەسەرە بۆ تووشبوون بە نەخۆشییەکانی پەرشبوون. هەروەها ئەو منداڵانە و گەورەساڵانەی کە تووشی ڕووداوە زەبراوییەکان دەبن ، وەکوو شەڕ، کارەساتی سرووشتی، یان ڕفاندن، ئەشکەنجەدان، یان ڕێکارە پزیشکییە داگیرکەرەکان بە ئەگەری زۆرەوە توشی نەخۆشییەکانی پەرشبوون دەبن.

گاریگەری توندوتیژی لە هۆکارناسیی نەخۆشییەکانی پەرشبوون

توندوتیژی دەکرێت لە فۆرمی جیاوازی ئایینی و باوەڕی، و لە ناو چوارچێوەی مەراسیمی ئایینی، سەیر و سەمەری ناو کۆمەڵگەی جیهانی و نا‌ئایینیشدا ڕۆڵی زۆر کاریگەری هەبێت، هەرچەندە بە گشتی توندوتیژی و زەبری دەروونی، هۆکاری بنەمایی کۆمەڵێکی زۆر گرفت و نەخۆشیی دەروونی جیاوازە.

بۆ نموونە:

لە سلێمانی، کورێکی تەمەنی 34 ساڵ بوو، تووشی جۆرێک لە نەخۆشیی شوناسی پرشبوون بوو.

پاش چەندین دانیشتن لە گوێژەیەکدا، گەورەترین نهێنی ژیانی خۆی دەرخست.

لە تەمەنی ٨ ساڵەییدا، لەلایەن یەکێک لە مەلاکانی مزگەوتەکەی لای ماڵیان، چەندین جار بە ئاست و چۆنایەتی جیاواز، دەستدەرێژی کراوەتە سەر تەنانەت مەلاکەش، هەتا ساڵی ٢٠٢٠، لە یەکێک لە مزگەوتەکانی سلێمانی خەریکی وتاردان بوو، و دەیان هەزار کەس گوێیان لە وتارەکانی دەگرت.

ئەم ڕووداوەی زەبری دەروونی و دەستدەرێژی سێکسییە، لە زۆر لایەنەوە کاریگەری تەواوی  لەسەر پرشبوونی شوناسی ئەم تاکە دانابوو، بگرە لەسەر چەندین جۆری گرفت و لایەنی تری ژیانیشی.

بڕێکی زۆر لە توێژینەوەکانی جیهان و ناو پڕۆفایلی کەسانی تووشبوون بە نەخۆشییە دەروونییەکان، ئەم ڕاستییان دەرخستووە کە: ئەو کەسانەی کە لە ژێر ئەم جۆرە تووشبوونانەدا ژیانیان توشی کێشە دەبێت، زۆرجار گرفتێکی بنەماییان هەیە لە بەکارهێنانی بیرۆکە و بۆچوونەکانیان.

هاوکات، لە ڕێکخستنی ئامانجەکانیان و پلاندانانیان بۆ ژیان توشی کێشە دەبن، بەڵام بێ گومان، خاوەنی گرفتێکی زۆرن لە بابەتی سەرنجدان ، کە لە تاقیکردنەوەکانی تایبەتی وتنەوەی ناوەکان و ژمارەکاندا  توانایان کەمترە و ئەمە دەبێتە هۆی ڕووبەڕووبوونەوەی کێشە

هەروەها، توشی گرفتێکی زۆردەبن لە بابەتی بیرکردنەوەی وێنەی شتێک کە پێشووتر بینیویانە. واتە: هێنانوەی یادی ئەو شتانەی بینیوویان، یان ناتوانن شتەکە بەسەر بڕێکی دیاری کراو لە یەک کاتدا یان شوێنێکدا بیناسێن و ناویان بگرنەوە.

دەیکزیت و ستافی لە ساڵی۲۰۱۹دا ئاماژەیان بەوە کرد کە زانست یەک لای کردووەتەوە: زۆربەی ئەو کەسانە تووشی گرفتێکی بنەمایی دەبن لە چالاکییە نیورۆمەعریفەکاندا (چالاکیی مغز لە بواری بیرکردنەوە)، بەتایبەتی لە بواری فێربوون، بیرۆکە، توانای سەرنجدان، زیرەکی و زۆر لایەنی هاوپەیوەستی تریش.

بە گشتی نەخۆشییەکانی پەرشبوون ڕاستەوخۆ بەشێکی زۆریان لە ناو چەقی کەسایەتی تاکی مرۆییدا جێ دەبنەوە، واتە پەیوەندییەکی زۆر لە نێوان خودی کەسایەتی و گەشەی کەسایەتی تاکەکە و زۆرینەی کۆنیشانەکانی نەخۆشییەکانی پەرشبووندا هەیە.

بابەتی دەستدرێژی بە جۆر و فۆرمە جیاوازییەکانی لە هۆکارناسیی نەخۆشییەکانی پەرشبووندا زۆر باسی لێوە دەکرێت. زۆربەی توێژینەوەکان لە پشت هۆکارناسیی نەخۆشییەکانی پەرشبوونەوە ئاماژە بە ئەزموونی توندوتیژی جەستەیی، سێکسی، هەڵچوونی، هەستوسۆزی و هاوکات پشتگوێخستنو شکاندنی بەردەوام و ڕەتکردنەوە لە سەردەمی منداڵی دەکەن.

پەیوەندی زەبری دەروونی و نەخۆشی پەرشبوون

بەشێکی زۆر سەرەکی لە نەخۆشی شۆناسی پەرشبوو لە ئاستێکدا پەیوەندی بە جۆرە جیاوازەکانی زەبری دەروونی ناو ژیانی کەسەکەوە هەیە، لە بەر ئەوە خاڵێکی پەیوەندی ڕاستەوخۆ لە نێوان نەخۆشی تەنگەژێ پاش زەبری دەروونی و نەخۆشی شووناسی پەرشبوودا بە دی کراوە.

کەسی توشبوو بە نەخۆشی شووناسی پەرشبوو بەردەوام هەوڵ دەدات ڕووداوە زەبراوییە کوشەندەکانی ژیانی بخاتە دەرەوەی کۆنتێکستی ژیان و ڕووداوەکانی ترەوە، بەم جۆرەش بەردەوام هەوڵی دروستکردنی جۆرێک لە هاوسەنگی دەدات.

توێژەران باوەڕیان وایە، مەعریفە و زەینی مرۆڤی توشبووبە نەخۆشی شووناسی پەرشبوو بەردەوام لە گۆشەیەکی زەینییەوەپەیوەستە بە ئەزموونە زەبراوییەکانی ژیانییەوە. هاوکات سەلمێندراوە ئەم کەسانە تەنیا یەک جۆر زەبری دەروونییان لە ژیانیاندا نییە بەڵکوو خاوەنی چەندین جۆری جیاوازی مێژینەی زەبری دەروونین، بە تایبەتی لە سەردەمی منداڵیدا.

پەیوەندی نێوان مێشک و دەمار لەگەڵ هۆکارناسیی نەخۆشییەکانی پرشبوون

توێژینەوە ئاماژەی بە هاوپەیوەندی فاکتەری مێشک و دەمار لە نێوان تەنگەژێ پاش زەبری دەروونی و نەخۆشی شووناسی پەرشبوو لە نەخۆشییەکانی پەرشبوون و پەیوەندییان لەگەڵ هەندێک شوێنی تایبەتی مێشکەوە دەکەن.

توێژینەوەکانی بواری نیۆرۆبایۆلۆژی و مێشک بۆیان دەرکەوتووە، ئەندازەی هیپۆکامپۆسی ئەو کەسانە نەخۆشی شۆناسی پەرشبوویان هەیە بەراورد بە کەسانی ئاسایی بچووکترە.

هەروەها دەرکەوتووە، بەشی ئۆربیتۆفڕانتاڵ کۆڕتێکس لە مێشکی ئەو کەسانەی بە منداڵی توشی دەستدرێژی و توندوتیژی بوونەتەوە و ئاستی گەشەسەندنەکەی لەگەڵ کەسانی پێچەوانە زۆر جیاوازترە، بەمەش توانای خۆکۆنتڕۆڵکردنی هەڵچوونی ، کۆمەڵایەتی، پەیوەندییەکان، لایەنی هەستوسۆزی لە دەست دەدەن، توانای پاراستنی هاوسەنگیشیان لەو بارەیەوە کەم دەبێتەوە.

مێشکی ئەو کەسانە توشی نەخۆشی پەرشبوو دەبن لە کۆمەڵێک لایەنەوە جیاوازە لە مێشکی مرۆڤانی ئاسایی.

ئەندازەی هیپۆکامپۆسیان ١٩٠٢% و ئەمیگدالیان 31.6% لە هی کەسانی ئاسایی بچووکترە.

کاریگەری جەنگ، قوربانی،کۆشتار، ڕووداوی هاتوچۆو زەبری دەروونی لە هۆکارناسیی نەخۆشییەکانی پەرشبوون

هەمیشە فاکتەرەکانی جەنگ، قوربانی،کۆشتار، ڕووداوی هاتوچۆو زەبری دەروونییە جیاوازەکان ئەگەری زۆریان هەیە ببنە هۆی سەرهەڵدانی فەرامۆشی پەرشبوو. هەرچەندە لە پاڵیا ئاماژە بە فاکتەری جێنێتیکی کراوە و ئەگەری هەبوون و سەرهەڵدانی لای ئەندامانی ئەو خێزانانە لەوانەیە زیاتر بێت، مێژینەی ئەو نەخۆشییەیان لە ناو خێزانەکەیاندا هەیە.

ئاڵۆزییەکانی نەخۆشییەکانی پەرشبوون:

کەسانی تووشبوو بە نەخۆشیی پەرشبوون لەوانەیە ڕووبەڕووی کێشە و ئاڵۆزییە جیاوازەکان ببن، وەکوو

 هەوڵدان بۆ خۆکوشتن

 دروستبوونی کێشە لە ڕەفتاری سێکسی،  وەسوەسە یان دوورکەوتنەوە لە سێکس

بەکاربردنی ماددە هۆشبەرەکان یان مەی

تووشبوون بەخەمۆکی و دڵەڕاوکێی درێژخایەن

فشاری دەروونی و ترس و تووڕەیی دوای ڕووداوە زەبراوییەکان

گۆڕانکاری لە کەسایەتی و ڕەفتار

دروستبوونی کێشە لە خەو، زۆر خەوتن یان کەمخەوی

گۆڕانکاری لە ئارەزووی خواردن، وەکوو، کەم خواردن یان زۆر خواردن

سەرئێشە و تووڕەیی بە شێوەیەکی توند

ئەم کێشە و ئاڵۆزییانە دەتوانن کاریگەرییەکی زۆر لەسەر ژیانی ڕۆژانەی کەسەکە دادەنێت، و پێویستیان بە چاودێری و چارەسەری تەندروستیی دەروونی هەیە.

بابەتی پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *


The reCAPTCHA verification period has expired. Please reload the page.

سەیری ئەمەش بکە
Close
Back to top button