زەبری دەروونی

زەبری دەروونی
زەبر لە سەرتاپای ژیانی مرۆڤ، لە تەمەنە جیاوازەکانیدا، ئەگەری ڕوودانی هەیە. توێژینەوەکان سەلماندوویانە مناڵ لە پاش تەمەنی یەک ساڵیشەوە ئەگەری هەیە توشی زەبری دەروونی ببێت و کاریگەری ماوەدرێژی ژیانیش لە چەندین ڕوووەوە لە سەری بەجێ بهێڵێت. ساڵانە نزیکەی 50ملیۆن کەس توشی زەبربرینی مێشک دەبن، وەکوو کەوتنە خوارەوە، ڕووداوی هاتوچۆ، بەرکەتنی سەر بە کەرەستەی پتەو و ڕەق، برینداری لە کاتی جەنگ و سەربازی، لە دەست دانی ئیش، داکەوتنی ئابووری، ڕزگاربووانی تەقینەوە تێرۆریستییەکان، نەخۆشی جەستەیی، داڕمانی ئابووری لە گۆشە جیاوازەکانی جیهان، کۆڵۆنیاڵیزەکردنی دیجیتاڵی … و هۆکارە پەیوەندییەکانی تر.
مەرجە لەپشت هەر جۆرە زەبرێکی دەروونیدا ڕووداوێک یان کۆمەڵە ڕووداوێک هەبن. بۆ نموونە توندوتیژی سێکسی، برینداری مێشک و جەستە. هاوکات لەگەڵ ئەوەشدا دەکرێت، شێوازی پەرچدانەوە و وەڵامی تاکەکان بەرانبەر بە ڕووداوە زەبراوییەکان یەکسان نەبێت. واتە دەکرێت دوو مرۆڤی جیاواز دوو جۆر پەرچدانەوەیان بۆ هەمان ڕووداو هەبێت.
لە منداڵدا جۆرێک لە زەبر هەیە پێی دەوترێت “زەبری گەشەسەندن” . واتە ڕوودانی جۆرێک لە زەبر لە ژیانی منداڵ و مرۆڤ لەو سەردەمەدا کە پەیوەستە بە هەندێک ئامادەکاری بەردەستبوون و هەلومەرجەوە، کە منداڵ بە شێوەیەکی ئاسایی ئەزموونیان ناکات. بۆ نموونە کەمی خۆشەویستی و ڕێز، شێوە جیاوازەکانی دەستدرێژیکردنەسەر، گوێپێنەدان و پەراوێزخستن، پەژارە و لەدەستدانی کەسە نزیکەکانی وەکوو دایک یان باوک.
جۆرێکی تری زەبر هەیە پێی دەوترێت” زەبری مێژوویی” ، باس لەوە دەکات، چۆن زەبر و کاریگەرییەکانی لە ڕێگەی گێڕانەوەکانی دایک و باوکەکانەوەبۆ نەوەکانی داهاتوو دەکرێت بگوازرێتەوە. منداڵەکان لە ڕێگەی ئەو وێنانە بۆیان دەکێشرێت و بۆیان باس دەکرێت، فۆرمێک لە زەبر لە ناو یادگەو زەینیاندا دەنەخشێت و کاریگەری لەسەر ژیان و ڕەفتاری مرۆڤ دادەنێت.
جۆرەکانی زەبر لە ڕوانگەی لینۆرێ تێر
یەکەم: زەبری تاکڕووداو، ئەم جۆرە زەبرە لە یەک ڕووداوەوە سەر دەردێنێت. بۆ نموونە منداڵێک دەستدرێژی دەکرێتە سەر، یان چۆنییەتی مردنی کەسێک لە نزیکەوە دەبینێت. لەم جۆرەدا تاکەکە بە تەواوی لە بیریەتی شتێکی لێ هاتووە و وردەکارییەکانی ڕووداوە زەبراوییەکە لە ناو یادگەیدا ماونەتەوە.
جۆری دووهەم: زەبری فرە ڕووداوە، کەسەکە بە شێوەیەکی بەردەوام ڕووبەڕووی کۆمەڵێک وروژێنەری زەبراوی دەرەکی دەبێتەوە. كەسەکە هەتا ڕادەیەک یادەوەری لە ناو یادگەی خۆیدا لەبارەی گڕووپی ڕووداوە زەبراوییەکان هەیە، زۆربەی جارەکان لە ڕووی شێوەی لادانی ڕەفتاری، پڕجوولەیی و کەمسەرنجی، خەمۆکی یان نەخۆشی پەرشبوون لە کەسەکاندا دەردەکەوێت.
جۆری سێهەم : ئەم جۆرە زەبرە لە ڕووداوێک یان کۆمەڵە ڕووداوێکی سەرەتایی ژیانی منداڵەوە سەر دەردەهێنێت، ئەم ڕووداوانە بۆ ماوەیەکی زۆر بە شێوەیەکی زۆر، کاریگەری تیژ و خراپ لەسەر ژیان، دەروون، هەڵچوون و ڕەفتاری کەسەکان داناوە. بە تایبەتی لە سەردەمی مناڵییەوە بۆ باقی سەردەمەکانی تری تەمەنی کەسەکە.
نەخۆشی وابەستەبوونی بەرپەرچدراو
ئەمڕۆکە لە جیهاندا بە گشتی زۆربەی دایک و باوکەکان لە پرۆسەی بەخێوکردن و گەورەکردنی منداڵەکانیاندا، هاوکاری لە کەسانێکی نزیکیان یان کۆمەڵێک بە خێوکەری تایبەتمەند وەردەگرن. زۆرجار گۆڕینی بەردەوامی بەخێوکەرەکان و نەبوونی کاتی زۆری دایک و باوکەکان و کۆمەڵێک هۆکاری تر، لەوانەیە ببنە هۆی ئەو وابەستەبوونە ئاساییەی پێویستە لە نێوان منداڵ و دایک و باوک و بەخێوکەرەکانیدا بێتە ئاراوە، ڕوونەدات. ئەمەش گرفتی بنەمایی بۆ منداڵەکە دروست دەکات ئیلیزابێس و ستافەکەی لە 2010 لە توێژینەوەیەکیاندا ئەوەیان دەرخستووە، بە گشتی ئەو منداڵانەی لە لایەن دایک و باوکە بایۆلۆژییەکانی خۆیانەوە بە خێو دەکرێن کەمتر توشی توندوتێژی دەبن هەتا لای زڕدایک و زڕباوکەکانیان یان ئەوانەی ئامادەییان دەربڕیوە ببن بە دایک و باوکیان و لە خۆیان دەگرن.
كەسانی توشبووی نەخۆشیی وابەستەبوونی بەرپەرچدراو، لەبەر کۆمەڵێک فاکتەری دیاریکراو، هەست بە رەتکرانەوە لەژیانیاندا دەکەن، یان بە وردی نازانن کێ کەسی یەکەمی ژیانیانە ، نازانن پەیوەستی کێ بن. ئەمە وادەکات کۆمەڵێک کۆنیشانەی تایبەتیان تێدا دەربکەوێت. بۆ نموونە: هەستەوەری زۆر لە ڕەفتاردا، بێتاقەتی، ترسی بەردەوام، تەنانەت ئەو کاتانەی هیچ فاکتەرێکی هەڕەشەئامێز لە دەرووبەروو ژیانیاندا بوونی نییە.
گۆڕینی بەردەوامی بەخێوکەرەکان یان ئەو کەسانەی هاوکاری دایک و باوکەکان دەکەن لەکاتی دەوام و باقی ئیشەکانی ڕۆژانەیاندا، ناهێڵێت مناڵەکە جۆرێک لە هەڵچوون و هەستوسۆزی جێگیریان بەرانبەر کەسێک تێیدا دروست ببێت.
ئەو منداڵانەی توشی ئەزموونی ڕەتبوونەوە لە ژیانیاندا لە لایەن دایک و باوکم یان دەورووبەر و بەخێوکەرەکانیان دەبن بە گشتی کاریگەرییەکی بنەمایی لە سەر زەین و دەروون و ڕەفتاریان بۆ ماوەیەکی درێژ بە جێ دەمێنێت. ئەو مناڵانەی لە نێوان تەمەن 9 مانگ هەتا 5 ساڵی ڕووبەڕووی ڕەتکردنەوە، پشتگوێخستن و جۆرە جیاوازییەکانی توند و تیژی دەبنەوە کەمتر پێدەکەنن بە دەمی دایک و باوک و دەورووبەریانەوە، دایک و باوکیان قورستر دەتوانن پەیوەندییان لەگەڵدا درووست بکەن و سەرنجیان ڕابکێشن، کەمتر ڕەفتار و کردارەکانی دایک و باوکیان سەرنجیان ڕادەکێشێت، کەمتر خۆشەویستییان بە دایک و باوک و بەخێوکەرەکانیان لە دەموچاویاندا پیشان دەدەن. هاوکات بە گشتی ئەگەری هەیە توشی نەخۆشییەکانی خواردن، گرفتەکانی ڕێکخستنی توڕەیی، خەمۆکی و دڵەڕاوکێ ببن.
توێژینەوەکان پیشانیان داوە ئەو منداڵانەی ئەزموونیان لەگەڵ زەبری و فشاری دەروونی لە سەردەمی پێش پێنج ساڵی هەیە، لە داهاتودا ئامادەییەکی زیاتریان لە باقی گڕووپەکانی تر بۆ ئالوودەبوون بە ماددەی هۆشبەر و ئەلکهۆل هەیە.
ئاستی بەربڵاوی ئەم نەخۆشییە بە وردی دەستنیشان نەکراوە، لە یکێک لە توێژینەوە گرنگەکانی ئەم بوارە کە مێنیس و ستافەکەی لە 2013 ئەنجامیان داور ڕێژەکە لە ناو کۆمەڵگەدا 1.4% دەبێت.
نەخۆشی تێکەڵبوونی کۆمەڵایەتی ناپەیوەست
لەم نەخۆشییەدا، منداڵ هیچ جۆرە پەیوەستبوونێکی بنەمایی بۆ بەخێوکەر یان دایک و باوکەکەی نابێت. ئیتر لەبەر هەر هۆکارێکی رەتکردنەوەی کۆمەڵایەتی، زەبری دەروونی، زۆری فشاری دەروونی و تنگەژێی دەروونی خواستێکی لە ڕادەبەدەری بۆ تێکەڵبوون لەگەڵ کەسانی نەناسراو هەیە. بەدەمیانەوە پێدەکەنێت، لەگەڵیان دەڕواتە دەرەوە، بێ ئەوەی هیچ ئەزموونێکی پێشوەختە، دروست و خۆشی لەگەڵیاندا هەبێت. لەگەڵ کەسانی نەناسراودا زۆر قسە دەکات، زۆر پێدەکەنێت، شتی سەیر و سەمەریان لەگەڵدا ئەنجام دەدات، لە شێوەی یاری و چالاکی فیزیکی کە لەگەڵ دایک و باوکی و بەخێوکەرەکەی هیچ کات ئەو شتانە ئەنجام نادات، بۆیشی گرنگ نییە لەگەڵیاندا بۆ کوێ بڕوات یان چی ئەنجام بدات، بۆی گرنگ نییە لە دایک و باوکی و بەخێوکەرەکەی دوور کەوێتەوە و داوای یارمەتییان لێ ناکات. ئەم نەخۆشییە، پەیوەندییەکی ڕاستەوانەی ئاستبەرزی لەگەڵ نەخۆشی پڕجووڵەیی و کەمسەرنجی لای مندڵان هەیە.
بە پێی دی،ئێس،ئێم ئەم نرخۆشییە دوو کۆنیشانەی سەرەکی زۆر گرنگی پێ دەدرێت
یەکەم: زۆر بڵێییەکی زۆر، زووکرانەوە لرگەڵ کەسانی نەناسراو
دووهەم: زۆر گوێنەدان و گرنگینەدان بە نزیک مانەوەلە بەخێوکەرەکانیان، بەتایبەت لە شوێنە نەناسراو و نەزاندراوەکاندا.
ئاستی بەربڵاوی ئەم نەخۆشییە: بە گشتی 20% منداڵان هەندێک لە کۆنیشانەکانیان تێدا دەردەکەوێت . ئەمانە پێویستیان بە چارەسەری بنەمایی دەبێت، بەڵام ئەوەی کە بوونی ڕێژەیەکی دیاریکراوی هاونەخۆشینی ئەم نەخۆشییە لەگەڵ نەخۆشی پڕجووڵەیی و کەمسەرنجی لسی منداڵان بیندراوە،ملێرەدا پێویستە دەستنیشانکەرەکان زۆر بەوریاییەوە مامەڵە لەگەڵ کۆنیشانەکاندا بکەن.
نەخۆشی تەنگەژێی پاش زەبری دەروونی
مەرجە کەسەکە لە ژیانیدا سەرچاوەیەکی توندی تەنگەژێی دەروونی هەبێت، لەوانەیە کەسەکە ئەزموونی ڕاستەوخۆی نزیککەوتنەوە لەمردن و هەڕەشەی مەرگی بینیبێت. برینی گەورەو بەهێز، هەلومەرجی زۆر نالەبار و توند، دەستدرێژی سێکسی. ئەمانە مەرجە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لە ژیانیدا ڕوویان دابێت، یان ڕاستەوخۆ بە چاوی خۆی بینیبێتنی ئەمانە بەسەر ئەوانی تردا هاتوون، یان لە ژیانیدا هاوڕێ نزیکەکانی ڕووداوێکی زەبراوی زۆر توندوتیژیان لە جۆری ئەم گرووپانە لێ بەسەر هاتبێت. هاوکات جۆرێک لە هەتنەناوەوە ڕوودەدات، بۆ نموونە بە شێوەی فلاشبەک بێنە ناو زەینی کەسەکە، یان بە شێوەی مۆتکەی شەوان، وەک یادەوەری تاڵ دێنە سەر ڕێی. لەو کاتەدا هەم پەرچدانەوەی فیزیکی و هەم نالەبارییەکی دەروونی توشی کەسەکە دەبێت.
کۆنیشانەکانی ئەم نەخۆشییە بریتییە لە
- دوورەپەرێزی لە هەندێک لە بیرکردنەوەکان و هەستوسۆزەکان
- دوورەپەرێزی لەو شتانەی شتی تر وەبیری کەسەکە دەهێننەوە
- گۆڕانکاری میزاجی و مەعریفی لە شێوەی بێتوانایی و نەهێنانەگۆی بەشێکی چیڕۆک یان ڕووداوە کارەساتبارەکە
- بیرکردنەوەی نێگەتیڤ سەبارەت بە خۆی و جیهان
- لۆمەکردنی بەردەوامی خۆی و ئەوانی تر
- هەستکردن بەوەی ناتوانێت پەیوەست بێت بە هیچ شتێکی ترەوە
- نەمانی توانای هەبوونی ئەزموونی پۆزەتیڤ
- نەمانی چالاکی و حەز بۆ ئەو شتانەی پێشتر حەزی لێیان بووە
- دروستبوونی کێشەی خەو و خواردن
- ئەنجامدانی ڕەفتاری خۆلەناوبەر، خۆبریندارکەر و خۆگرنگپێنەدەر
- زیادبوونی ڕەفتاری شەڕانگێزی
- لە زۆربەی حاڵەتەکاندا توشی جۆرێک لە گرفتی جیاکردنەوەی واقیع و ناواقیع دەبێت
- پێی وایە بوونی ئەو شتێکە لە شێوەی خەو، بوون و بەهای خۆی وەک مرۆڤێک دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە
- هەست دەکات جووڵەکان و فرمانەکانی زۆر بە هێواشی، بە جۆرێکی ناواقیعی و خەیاڵی ڕوو دەدەن.
تەنگەژێی پاش زەبری دەروونی لای منداڵان بەم جۆرەیە
منداڵەکە لە خوار تەمەنی 6ساڵییەوە دەبێت ڕاستەوخۆ ڕووبەڕووی ئەزموونێکی زەبراوی زۆر توند ببێتەوە یان ئەم ڕووداوە بەسەر یکێک لە نزیکەکانی یان دەورووبەرییەکەی هاتبێت.(مەرجە ئەم ڕووداوانەی کە تی.ڤی و میدیان یان سۆشیال نەبینیبێت). هەروەها یکێک لەم کۆنیشانانە بە لایەنی تێیدا دەرکەون:
- ڕووداوە زەبراویی و ناخۆشەکە بەردەوام بێنە ناو مێشک و زەینی
- بینینی خەونی بەردەوامی ناخۆش لەبارەی ڕووداوەکە
- منداڵەکە جۆرێک مامەڵە دەکات گوایە جارێکی تر ڕووداوەکە وا ڕوو دەداتەوە
- توشبوونی جۆرێک لە پەریشانی سۆزداریانە
- بەرزبوونەوەی لێدانی دڵ و ئارەقکردنەوە و تنگەنەفەسی
- دوورەپەرێزی لە شوێنی ڕووداوە زەبراوییکە
- دوورەپەرێزی لە ڕووبەڕووبوونەوە لە خەڵک و قسەکردن لەگەڵیاندا
- هەستکردنێکی بەردەوام بە ترس، شەرم و بێتاقەتی
- نەمانی حەز بۆ ئەنجامدانی ئەو چالاکییانەی پێشتر حەزی بە بەشداریکردن هەبووە
- کەمتر پیشاندان و خستنەڕووی هەڵچوون و لایەنە سۆزدارییە پۆزەتیڤەکانی خۆی.
- کەمسەرنجی و هەبوونی کێشەی خەو
- زیاد لە پێویست تۆقین و پیشاندانی وەڵامی تۆقیوی زیاد لە بارودۆخەکەدا
- سەرهەڵدانی ڕەفتاره هەستەوەر و وروژاو
هەمووی بە لایەنی کەمەوە هەتا مانگێک پێویستە بەردەوام بن.
ئەم نەخۆشییە لە هەر تەمەنێکی سەرووی یک ساڵییەوە ڕوو دەدات، بە گشتی لە دەورووبەری سێ مانگ پاش ڕوودانی ڕووداوەکە کۆنیشانەکانی بە دوادا دێت. هەندێک جار کۆنیشانەکان هەتا دوانزە مانگ، بە لایەنی زۆرەوە تا پەنجا ساڵ بەردەوامە. هەندێک جار لە بابەتی منداڵدا شێوازی وەڵامدانەوەی دایک و باوکەکان و پەرچدانەوەیان بۆ ڕووداوێکی زەبراوی لە ژیانیاندا، دەبێتە فاکتەرێکی مەترسیدار بۆ سەر منداڵەکەیان. ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی ئاسانتر و خێراتر کۆنیشانەکانی نەخۆشییەکە لە منداڵەکەدا دەرکەوێت.