گشتی

هۆکارناسیی نەخۆشیی دڵەڕاوکێ

هۆکارناسیی نەخۆشیی دڵەڕاوکێ

نەخۆشییەکانی دڵەڕاوکێ یەکێکە لە کێشەکانی تەندروستیی دەروونی کە کاریگەرییەکی زۆر لەسەر ژیانی مرۆڤەکان دەکات. ئەم نەخۆشییە بە شێوەی ترس، نیگەرانی یان دڵەڕاوکێ زۆر و بەردەوام دەردەکەوێت کە کۆنترۆڵکردنی زۆرجار ئەستەمە. ئەم نەخۆشییە بە گشتیزۆرترین ڕێژە لە ناو کۆی تەواوی نەخۆشییە دەروونییەکاندا داگیر دەکەن. ئەمڕۆکە لە سەرتاسەری جیهان زۆرترینڕێژەی خەڵکیتوشی جۆرە جیاوازەکانی نەخۆشییەکانی دڵەڕاوکێ بوون . هۆکارەکانی دڵەڕاوکێ دەکرێت بە چەند گرووپی سەرەکی دابەش بکرێن: هۆکارە زیندەییەکان، هۆکارە دەروونییەکان، هۆکارە کۆمەڵایەتی و ژینگەییەکان، و هەروەها هۆکارە نەوەییەکان. لەم بابەتەدا، بە شێوەیەکی سادە و ڕوون، ئەم هۆکارەکان وردەوەردە شیی دەکەین.

دڵەڕاوکێ:

دڵەڕاوکێ لە زۆربەی فۆرمەکانیدا خۆی لە خۆیدا بریتییە لە بیرۆکەیەکی هەڵە؛ هەڵە بە مانا ستانداردەکە، ئەویش دەکرێت بە پێی کاریگەری فاکتەرە جیاوازەکان بگۆڕێت. بۆ نموونە: ترسی کەسێک لە بەرزی ئەگەری سوودمەندی تێدایە، بەڵام نەک بە ئەندازەیەک کەسەکە لە دە ساڵی ڕابڕدووی ژیانیدا بە هۆی ئەو ترسە زۆرەوە بە هیچ جۆرێک بە سەر پەردەکاندا بە خۆی یا ماشینەکەیەوە هاتوچۆی نەکردبێت.

هۆکارناسیی نەخۆشی دڵەڕاوکێ:

بەگشی فاکتەرێک یان کۆمەڵێک فاکتەر بە ئەگەری زۆر دەبنە هۆی سەرهەڵدانی حاڵەت یان نەخۆشییەکی دەروونی. لە بابەتی نەخۆشییەکانی دڵەڕاوکێ و تەواوی نەخۆشییەکانی تریشدا ئەوەی گرنگە و پێویستە تۆ شارەزابیت لە سەری هەبێت دوو جۆر فاکتەری سەرەکیین بۆ تێگەیشتنی ئاسانتر لێکیان جیا دەکەینەوە.

یەکەم: فاکتەری هۆکار کە بەرپرسیاری ساتەوەخت و مێژووی سەرهەڵدانی حاڵەت یان نەخۆشە دەروونییەکەیە

فاکتەری دووهم: فاکتەری مەترسیدارە، ئەم فاکتەرە ئەگەری توشبوونی کەسێک بە یەکێک یان دووان لە نەخۆشییەکان دڵەڕاوکێ بەرز بکەنەوە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر.

  • 1 . هۆکاری نیۆرۆبایۆلۆژییەکان

یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی نەخۆشیی دڵەڕاوکێ گۆڕانکاری نیۆرۆبایۆلۆژی لە مێشکدایە، مێشک بەرپرسی کۆنترۆڵکردنی هەستەکانە، و کاتێک کەم و کورتییەک لە ماددە کیمیاییەکانی مێشکدا ڕوودەدات،لەوانەیە دڵەڕاوکێ سەرهەڵبدات. ئەم ماددە کیمیاییانە، یارمەتیدەرن کە ئاماژەکان لە نێوان خانەکانی مێشکدا بگوازنەوە. کەمبوونی ئەم ماددانە دەکرێت ببێتە هۆی نیگەرانی یان دڵەڕاوکێی زۆر.هەروەها، سیستەمی هۆرمۆنەکان، کە ماددە کیمیاییەکان بەرهەمدەهێنێت، دەکرێت کاریگەری لەسەر دڵەڕاوکێ هەبێت. بۆ نموونە کاتێک لەش لە دۆخێک ئسترێسدایە، ئاستی نەخۆشیی دڵەڕاوکێ بەرز دەبێتەوە، سیستەمی سێرۆتۆنین کارایی لاوازتر دەبێت و نۆرئێپینفرین بەهێزترە، هەروەها کارایی گابا لاوازترە. کە وایە ئەم ماددانە هەستەکانی ترس و نیگەرانی زیاد دەکەن. بەدەر لەوەی ئامیگدالا ڕۆڵێکی بنەمایی دەگێڕێت لە دیاریکردنی ئاستی دەرکەوتن و کارایی نەخۆشییەکانی دڵەڕاوکێ. بەدەر لەمە، بەشێک لە مێشک کە بەرپرسی وەڵامدانەوەیە بە ترس و مەترسییەکان، وەک ئەمیگدالا، دەکرێت لە کەسانی تووشبوو بە دڵەڕاوکێدا زیاتر چالاک بێت. ئەم بەشەی مێشک کاتێک بە شێوەیەکی نائاسایی کار دەکات، دەکرێت مرۆڤەکان زیاتر هەست بە ترس و نیگەرانی بکەن، تەنانەت کاتێک مەترسییەکی ڕاستەقینە نەبێت.

ئامیگدالا وەک بەشێکی بنەمایی لە ناو سیستەمی لەمبیکی، ڕۆڵێکی بنەمایی دەبینێت و هاوکات هیپۆکامپۆسیش ڕۆڵێکی بنەمایی لە وەڵامدانەوەیتەنگەژژێ دەرەکییەکان بە تقیبەت لە هێوەرکردنەوەی مرۆڤ لە کاتی بەرزبوونەوەی ئاستی ئادرنالین هەیە.

  • 2. فاکتەری مەعریفی

هۆکار ڕۆڵێکی گرنگیان لە سەرهەڵدانی دڵەڕاوکێدا هەیە. شێوازی بیرکردنەوە و هەڵسوکەوتی مرۆڤەکان دەکرێت کاریگەری لەسەر دۆخی دەروونییەکانیان هەبێت. بۆ نموونە، کەسانێک کە هەمیشە بیر لە ئەنجامە نەرێنییەکان دەکەنەوە یان چاوەڕوانی شکست دەکەن، زیاتر ئەگەری تووشبوونیان بە دڵەڕاوکێ هەیە. ئەم شێوازەی بیرکردنەوە دەکرێت لە منداڵییەوە سەرچاوەی گرتبێت، بەتایبەتی ئەگەر کەسەکە لە ژینگەیەکدا پەروەردە بووبێت کە زۆر توند و تۆقێنەر بووبێت.هەروەها ، وەک لەدەستدانی کەسێکی نزیک یان تووشبوون بە کارەساتێک، دەکرێت ببێتە هۆی دروستبوونی دڵەڕاوکێ. ئەم جۆرە سەرگوزەشتانە دەکرێت هەستێکی نائاسوودەیی دروست بکەن کە بەردەوام دەبێت و دەبێتە هۆی دروستبووونی نەخۆشیی دڵەڕاوکێ. بۆ نموونە، کەسێک کە لە منداڵییەوە تووشی سووکایەتی بووبێت، بە ئەگەری زۆرەو لە گەورەییدا تووشی دڵەڕاوکێ ببێت.

یکێک لە گرفتە بنەماییە مەعریفییەکان لای کەسانی توشبوو بە جۆرە جیاوازەکانی نەخۆشی دڵەڕاوکێ ئەوەیە، پێیان وایە زۆر توانای کۆنتڕۆڵی خۆیان و کارەکان و دەورووبەری خۆیانیان نییە. ئەم هەستی لەدەستدەرچوونە کاریگەری خراپیان لەسەر دادەنێت.

  • 3. هۆکارە کۆمەڵایەتی و ژینگەییەکان

زۆربەی ئەو کەسانە توشی یکێک یان زیاتر لە جۆرەکانی نەخۆشییەکانی دڵەڕاوکێبوون، چەندین کێشەیان هەبووە لە ژیانیاندا، چەندین فاکتەری وەک مۆدیلی پەروەردەبوونیان لە خێزاندا، ململانێ خێزانییەکان، هاوکات هەبوونی سەرچاوەی تەنگەژێ دەروونی بەردەوام. ژینگەیەک کە مرۆڤەکان تێیدا دەژین، کاریگەرییەکی زۆری لەسەر تەندروستیی دەروونییان هەیە. بۆ نموونە، ژیان لە ژینگەیەکی پڕ لە فشاری کۆمەڵایەتی، وەک کێشەی دارایی، کێشەی خێزانی، یان ئسترێسی کار، لەوانەیە دڵەڕاوکێ زیاتر بکات. کاتێک مرۆڤەکان هەست بە کەمی کۆنترۆڵ لەسەر ژیانیان دەکەن، ئەمە دەکرێت ببێتە هۆی نیگەرانییەکی بەردەوام.هەروەها، پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیش گرنگن. کەسانێک کە کەمی پشتیوانیی کۆمەڵایەتییان هەیە، وەک کەمی هاوڕێ یان خێزانی نزیک، زیاتر ئەگەری تووشبوونیان بە دڵەڕاوکێ هەیە. تەنیایی و هەستکردن بە جیاوازی دەکرێت هەستەکانی ترس و نیگەرانی قووڵتر بکات. لە کۆمەڵگەیەکی پڕ لە پێشبڕکێدا، کە چاوەڕوانی تێیدا زۆرە، مرۆڤەکان دەکرێت هەست بە ئسترێس بکەن کە ناتوانن خۆیان لەگەڵ ئەو چاوەڕوانییانەدا بگونجێنن

ژینگەه کۆمەڵایەتی هەمیشە فاکتەرێکی بنەماییە و ڕۆڵی هەیە، لە سەرهەڵدانی جۆرە جیاوازییەکانی نەخۆشییەکانی پەیوەست بە تەندروستی دەروونی مرۆڤەکانەوە.

  • 4. هۆکاری جێنێتیک

هۆکارە جێنێتیک، یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی دڵەڕاوکێیە. ئەگەر لە خێزانەکەدا کەسێک تووشی نەخۆشیی دڵەڕاوکێ بووبێت، ئەگەری تووشبوونی ئەندامانی دیکەی خێزانەکە زیاترە. توێژینەوەکان دەریانخستووە کە هەندێک لە جینەکان دەکرێت کاریگەری لەسەر شێوازی وەڵامدانەوەی مێشک بە فشار و ترس هەبێت. بەڵام، ئەمە بەو مانایە نییە کە هەموو کەسێک کە ئەم جینانەی هەیە، بە دڵنیاییەوە تووشی دڵەڕاوکێ دەبێت. ژینگە و زۆر فاکتری تر لە ژیانی کەسەکەدا ڕۆڵی گرنگیان هەیە.بۆ نموونە، کەسێک کە لە خێزانێکی پڕ لە نیگەرانی پەروەردە بووبێت، لەوانەیە فێربێت کە هەمیشە نیگەران بێت. ئەمە جۆرێکە لە کاریگەریی جێنێتیکە کە لەگەڵ ژینگەدا تێکەڵ دەبێت. کاتێک جینەکان و ژینگەی نالەبار پێکەوە کۆدەبنەوە، ئەگەری تووشبوون بە دڵەڕاوکێ زیاتر دەبێت.

  • 5. چۆنایەتی کەسایەتی مۆڤەکان

یکێکی تر لە فاکتەرە هەڕەشەئامێزەکان، ئەگەری سەرهەڵدانی جۆرێک یان زیاتری نەخۆشییەکانی دڵەڕاوکێ لە ناو تاکەکانی کۆمەڵگەدا زیاتر دەکان، بریتییە لە فاکتەری چۆنایەتی کەسایەتی مرۆڤەکان. تاکەکان لەگەڵ ئەوەشدا لە بەردەم جۆرێک لە جیاوازی تاکایەتیدان، بەڵام دەکرێت لە سەر بنەمای سیفاتەکانی کەسایەتی و ڕەفتارییەکان و بوارەکانی تر، کۆمەڵێک پۆلینکاری لە سەر بنەمای سیفاتەکانی کەسایەتی بخرێتەڕوو هاوکات ئەم کارەش ئەنجام دراوە.

  • 6. ڕێگری ڕەفتاری:

بەشێکی تر لە فاکتەری مەترسیدار لە پەیوەندی لەگەڵ جۆرە جیاوازکانی نەخۆشییەکانی دڵەڕاوکێ، ڕێگری ڕەفتارییە. توێژینەوەکان بە گشتی لەو بارەیەوە زۆر ڕاستییان سەلماندووە. ئەو منداڵانەی ڕێگری ڕەفتاری زۆریان بەرانبەر بەکاردێت، ئەوەش زۆرینەی بە هۆی بەخێوکردنی هەڵە و کەموکۆڕەوەیە، بە ئەگەری زۆرەوە توشی یکێک یان زیاتر لە نەخۆشییەکانی دڵەڕاوکێ و میزاجیش ببن.

تێبینین:

دڵەڕاوکێ تەنها بە هۆی یەک هۆکارەوە سەرناھەڵدات، بەڵکو لە تێکەڵبوونی چەند هۆکارێکەوە دروست دەبێت. بۆ نموونە، کەسێک کە لە بنەڕەتدا جینەکانی ئەوەی هەیە کە زیاتر نیگەران بێت، ئەگەر لە ژینگەیەکی پڕ لە فشار یان مۆدیلی پەروەردەبوونی سەختدا بژیت، دەکرێت تووشی دڵەڕاوکێ ببێت. هەروەها، کەسانێک کە شێوازی بیرکردنەوەی نەرێنییان هەیە، ئەگەر تووشی گۆڕانکارییەکی زیندەیی ببن لە مێشک یان هۆرمۆنەکاندا، دەکرێت نیشانەکانی دڵەڕاوکێیان خراپتر ببێت.

چۆن دەکرێت یارمەتی کەسانی تووشبوو بدەین؟

تێگەیشتن لە هۆکارەکانی دڵەڕاوکێ یارمەتیدەرە بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی گونجاو. بۆ نموونە، ئەگەر هۆکارەکە بایۆلۆژی بێت، دەرمانەکان دەکرێت یارمەتیدەر بن بۆ کۆنترۆڵکردنی ماددە کیمیاییەکانی مێشک. ئەگەر هۆکارەکە مەعریفی بێت، چارەسەرییەکانی وەک گفتوگۆ لەگەڵ پسپۆڕی دەروونی دەکرێت یارمەتیدەر بێت بۆ گۆڕینی شێوازی بیرکردنەوە. هەروەها، گۆڕینی ژینگە، وەک کەمکردنەوەی فشار و ئسترێس یان پەیداکردنی پشتیوانیی کۆمەڵایەتی، دەکرێت نیشانەکانی دڵەڕاوکێ کەم بکاتەوە.

کۆتایی

نەخۆشیی دڵەڕاوکێ کێشەیەکی ئاڵۆزە کە لە چەندین هۆکارەوە سەرچاوە دەگرێت، لەوانە هۆکارە بایۆلۆژی، مەعریفی، کۆمەڵایەتی و ژینگەییەکان، و جێنێتیکی بێت. تێگەیشتن لەم هۆکارانە گرنگە بۆ دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو و یارمەتیدانی کەسانی تووشبوو بۆ ژیانێکی ئاسوودەتر. هەر کەسێک نیشانەکانی دڵەڕاوکێی هەبێت، پێویستە یارمەتی پسپۆڕ ببینێت بۆ ئەوەی بتوانێت ئەم دۆخە کۆنترۆڵ بکات و ژیانێکی باشتر بژیت.

بابەتی پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *


The reCAPTCHA verification period has expired. Please reload the page.

سەیری ئەمەش بکە
Close
Back to top button